وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس کوژرا

10:46 - 2025-03-27
جیهان
53 جار خوێندراوەتەوە

لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باکووری غەززە، عەبدولـلەتیف قانوع، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس کوژر. 

راگەیاندنی حەماس بڵاویکردەوە، قانوع پاش بە ئامانجگرتنی چادرەکەی لە کامپی جەبالیا کوژراوە، سەرچاوە تەندروستییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی هەمان هێرشی ئاسمانییەوە چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، دوو سەرکردەی دیاری حەماس بە ناوەکانی ئیسماعیل بەرهوم و سەڵاح بەردەویل لەهێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژران، کە هەردووکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوون.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، لە کۆی 20 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، 11 ئەندامیان کوژراون.

هەفتەی رابردوو، ئیسرائیل بەهێرشی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی زەمینی، کۆتایی بە ئاگربەستی غەززە هێنا، کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلەوە، لانیکەم 830 کەس لە غەززە کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵ بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان