چاوپێکەوتن: رەوەست نەوزاد
لە چەند ساڵی رابردوودا كەرتی گەشتوگوزاریی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام چەند قۆناغێك و چەندین كاری چاكسازیی پێویستە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستی بەڕێوەببرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمەكەمان سەدان شوێنی دڵڕفێن و گەشتگوزاریی جوانی هەیە، لەو بارەیەوە كوردستانی نوێ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ نزار خەیلانی نووسەر و پسپۆڕ لە بواری كەرتی گەشتیاریدا ئەنجامدا، کە ئەمەی خوارەوە پوختەکەیەتی.
* كەموكووڕییەكانی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان چین؟
- نموونەیەکت بۆ دەگێڕمەوە: كاتێك كچەكەم لە باخچەی منداڵان بوو، رۆژێك كلێنسێك لە دەستم كەوتە خوارەوە و دەمودەست هەستا كلێنسەكەی هەڵگرت و فرێیدایە ناو تەنەكەی زبڵەکە و وتی: باوكە بۆ فرێتدا؟ منیش وتم فرێمنەداوە لێم كەوتووە. ئەمە هەنگاوێكی زۆر مەزنە كە لە منداڵێكەوە دەستپێدەكات، واتە دەبێ لە پەروەردەوە دەست پێبکەین، ناوچە گەشتیارییەکان دەبێت بدرێن بە كۆمپانیای گەشتیاریی ناسراوی جیهانی، ئەوان دێن سەرلەنوێ بە شێوەیەكی باشتر دایاندەمەزرێنن.
* بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار پێویستە چی بكرێت؟
- هەرێمی كوردستان لە سروشتەوە كێشەی كەمئاویی هەیە، ئەم كەمئاوییە دەكرێت بە دروستكردنی بەنداو پڕبكرێتەوە، من لە زۆر كەسم بیستووە دەڵێن جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتێکی وەک سویسرا لە رووی سرووشت و جوانییەوە نییە، تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە كە سویسرا ئاوی زۆرە و كوردستان ئاوی كەمە، میللەتەكەی سویسرا شارستانین، بەڵام میللەتەكەی ئێمە لەو رووەوە دواكەوتووین، ئێمە زۆر شت هەیە تا ئێستاش بەكارمان نەهێناوە، بۆ نموونە: ئەشكەوتەكان و شاخەكانمان خەزێنەیەكن لە بواری گەشتوگوزاردا بۆ بواری شاخەوانی، یان خلیسكێنەی سەر بەفر، یان خۆهەڵدان لە فڕۆكەوە بە پەڕەشوت كە هەموویان گرنگن و داهاتێكی باشیان لێدەست دەكەوێت.
* ئایا كەرتی گەشتیاری بۆتە بەشێك لە داهاتی گشتی لە هەرێمی كوردستان؟
- داهاتی گەشتوگوزار هەمیشە بەشێکە لە داهاتی دەوڵەت، بەڵام لای ئێمە ئەوەندە كەمە دیارنییە، لە كاتێكدا هەندێك وڵات هەر بە گەشتوگوزار دەژین، ئێمە دەتوانین لە كوردستان وابكەین داهاتی گەشتوگوزار لە داهاتی نەوت زیاتر بێت، چونكە هۆكارەكانی پێشكەوتنی گەشتوگوزارمان زۆرە، كە لە سرووشت چیاو دۆڵ و رووبار و ئەشكەوت و تاڤگە و وشكانی و دەشتاییمان هەیە، لە رووی ئایینیشەوە چەندین جۆرمان هەیە، كە دەكرێ ببنە بنەمایەك بۆ بواری گەشتوگوزار، لە بواری كلتوردا ئێمە دەوڵەمەندین و دەكرێ کارێکی وا بکەین گەشتیاری بیانی سەردانی كوردستان بكات.
نزار خەیلانی بۆ کوردستانی نوێ :
جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتێکی وەک سویسرا لە رووی سرووشت و جوانییەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، كە سویسرا ئاوی زۆرە و كوردستان ئاوی كەمە، ئەوان پێشکەوتوون و ئێمە دواکەوتووین
* كەرتی تایبەت چی بكات باشە بۆ پێشخستنی گەشتوگوزار لە هەرێم؟
- دەكرێت حكومەت پڕۆژەیان بداتێ، بەڵام مەرجیان لەسەر دابنێت، ئەوانیش دەتوانن پەنا بۆ كۆمپانیا جیهانییەکان بەرن بۆ ئەوەی كارەكانیان بە رێكی و زانستییانە ئەنجام بدەن.
* كەرتی گشتی بۆ پیشخستنی كەرتی گەشتیاری چی بكات؟
- حكومەت بەرپرسە لە پێشخستنی نیشتمان و دەبێ بایەخ بە هەموو بوارەكان بدات و هەوڵی پێشخستنیان بدات، گەشتیاریش بەشێكە لە بوارەكانی تر.
*جیاوازی لە نێوان كەرتی گەشتیاری لە وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ هەرێمی كوردستان چییە؟
- ئەوروپاییەكان بایەخ بە هەموو كەرتێك دەدەن، وەكو ئایین و فەلسەفە و شوێنەواری كۆن و كۆمەڵگە پیشەسازی و گەشیاری و ..هتد، هەر كەموكووڕییەك لە بواری گەشتیاریدا ببینن هەوڵدەدەن چارەسەری بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نییە، بۆ نموونە: ئێمە چەند ساڵێكە حكومەتێكی نیمچە سەربەخۆمان هەیە، بەڵام هێشتا كارەبای بەردەواممان نییە لە كاتێكدا لە ئەوروپا زیاتر لە 100 ساڵیش دەبێت كارەبایان نەكوژاوەتەوە.
* گوندەكانی كوردستان، گرنگییان بۆ كەرتی كەشتوگوزاری چییە؟
- هەندێك گوند هەن دەكرێت ببنە سەرچاوەیەكی گەشەكرنی كەرتی گەشتیاری بۆ نموونە: گوندێكی وەكو (سەركەندی خەیلانیان) ئەگەر خانووە كۆنەكانی وەكو خۆی بەجێبێڵن و نۆژەنی نەكەنەوە و نەهێڵن بەردی خانووەكان دەربێنن، ئەوكات دەبێتە شوێنێكی گەشتیاری، هەروەها دەتوانین سوود لە بەروبوومە سرووشتییەكانی خۆمان بۆ كەرتی گەشتیاری وەربگرین.
* گەشتیاریی ئایینیی هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
- بۆ نموونە شارەكانی هەولێر و موسڵ، كە بە شاری مزگەوتەكان بەناوبانگن و چەند مزگەوتێكی مێژوویی و شوێنەواریمان هەیە، لەوانە مزگەتەكانی رەشاد موفتی و شێخ مستەفای نەقشبەندی لە هەولێر، یان كڵیساكان لە عەنكاوە، یان مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ لە شاری سلێمانی، یان مزگەوتەكانی تەوێڵە و بیارە، كە دەكرێت گەشتیاری بیانی بەهۆیەوە رابكێشرێت.
* ئایا گەشتیاریی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دروستبووە و هەیە، گرنگییەكەشی چییە؟
- نەخێر دروست نەبووە، لە كۆندا هەبووە و پێشتر خەڵكی كەنداو دەهاتنە بەغدا و موسڵ بۆ چارەسەری نەخۆشەكانیان، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، هەندێک جار نەبێت، کە لە باشوورەوە بۆ چارەسەر دێن بۆ کوردستان.
* بۆ گەشتیاریی رۆشنبیری و كەلتوری چی بكرێت باشە؟
- بۆ پێشخستنی ئەو بوارە، دەتوانین ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بكرێتە كەرنەڤاڵێكی دوو هەفتەیی وەكو ئەو كەرنەڤاڵانەی كە لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەڕازیل هەیە كە گەشتیار بۆ خۆی رابكێشێت، دەبێت ئێمە گرنگی بە حەز و خولیا و داواكارییەكانی گەشتیارە بیانییەكان بدەین.
* باسی كاركردنی خۆت بكەیت لە كەرتی گەشتیاریدا؟
- دەرچووی بەشی گەشتیاریی كۆلێژی كارگێری و ئابووریی زانکۆی موستەنسڕییەم لە بەغدا، ساڵی 1977 بۆ یەكەم جار لە كەرتی گەشتوگوزاردا دەستبەكاربووم، كە لە هاوینەهەواری سەری رەش دامەزرام و لەوێ لێپرسراوی خانووەكانی ئەو شوێنە گەشتیارییە بووم، ماوەیەكیش لە شوێنە گەشتیارییەكانی پیرمام و حاجی ئۆمەران و شەقڵاوە كارم كردووە، كە ئەو كاتە كەرتی گەشتیاریی زۆر بەرەو پێشچوو بوو، ئێمە سەر بە دامەزراوەی گشتیی گەشتیاریی عیراق بووین.
* ئایا هەنگاوی باش نراوە؟
- دەتوانم بڵێم هەنگاوی باش بۆ پێشخستنی ئەو كەرتە نراوە، بەڵام هێشتا وەكو پێویست نییە، دەبوو كەرتی گەشتوگوزار یەكجار پێشكەوتوو بوایە، چونكە 34 ساڵە حكومەتی خۆمان هەیە كە دەبێت زۆر شت فێری خەڵكی بكرێت، بۆ نموونە: تا ئێستاش رۆژانی هەینی چێشتخانەكان دادەخرێن، ئەوە هەڵەیە لە بواری گەشتیاریدا، یان پێش ماوەیەك وتیان لە هەرێمی كوردستان ئێسك و پروسكی مرۆڤی (نیاندرتاڵ) دۆزراوەتەوە، بەڵام سوودی لێ وەرنەگیرا بۆ راكێشانی گەشتیار.
* رۆڵی راگەیاندن و ریكلام بۆ راكێشانی گەشتیار لە هەرێم چییە؟
- راگەیاندن رۆڵێكی بنەڕەتی هەیە بۆ كەرتی گەشتیاری، بەڵام دەبێت راستگۆ بێت، جگە لەوەش راگەیاندن تەنیا بە ریكلام نابێت، بەڵكو دەتوانرێت سوود لە شانۆیی و فیلم و دراماش وەربگیرێت، بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم بە جیهان.
سەیرانگای بێخاڵ