كاساس و درجال لە قەفەسی تۆمەتبارییدان

11:01 - 2025-03-27
وەرزش
30 جار خوێندراوەتەوە


شەوی سێشەممەی رابردوو، لە چوارچێوەی یارییەكاندا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2006، هەردوو هەڵبژاردەی فەلەستین و عیراق، یەكێك لە گرنگترین یاریی جەولەی هەشتەمی سێیەم قۆناغی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا یان كرد.
یارییەكە لە عەممانی پایتەختی ئوردون كرا، سەرجەم بۆچوون و ئەگەرەكان ئەوەبوون كە عیراق ئەم یارییە بەئاسانی بەسودی خۆی كۆتایی پێدەهێنێت و لە گروپەكەیدا دەبێتە ركابەری كۆریای باشوور و ئوردون و راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال، هەروەها خۆی لە گێژاوی یارییەكانی پلەی ئۆف و پاشكۆی پاڵاوتن دووردەخاتەوە، بەتایبەتی كە فەلەستین لە تیپە ركابەر و بەهێزەكانی گروپەكە نییە و لەكۆی 7 یاریی كە پێشتر كردبوونی، تەنیا 5 خاڵی هەبوو.
لە یارییەكەدا عیراق، دەقیقەی 37، لەڕێگەی ئەیمەن حسێنەوە گۆڵێكی كرد، تایمی یەكەم بەمشێوەیە تەواو بوو، تایمی دووەمیش تا دەقیقەی 88 ئەم ئەنجامە درێژەی كێشا، بەڵام فەلەستینییەكان توانیان لە دەقیقەی 88 دا گۆڵی یەكسان بوون و پاشان لەكاتی زیادراویشدا بۆ كاتی یارییەكە، عەمید مەحاجنە گۆڵی دووەم و بردنەوەی فەلەستینی لەعیراق كردو بەمەش:
*عیراق كۆی خاڵەكانی لە 12 خاڵدا وەستا و ئێستا سێیەمی گروپەكەیەتی.
*پێش ئەم یارییەش ئوردون و كۆریای باشوور لە كۆریا، 1-1 یەكسان بوون، ئەم یەكسانبوونەو دۆڕاندنەكەی عیراق، ئوردونی بۆ پلەی دووەمی سەرخست و ئێستا 13 خاڵی هەیە.
*لەمانەش گرنگتر ئەوەیە هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و ئوردون، ئێستا بوونەتە ركابەری توندی یەكتر بۆ گرتنی پلەی دووەمی گروپەكە، جیاوازی خاڵی نێوانیان یەك خاڵە، هەردووكیشیان دوو یارییان ماوە بیكەن:
پێنجشەممە - 5/6/2025
*عیراق × كۆریای باشوور-لە عیراق.
*عومان × ئورودن – لە عومان
 سێشەممە - 10/6/2025
*ئوردون × عیراق –لە ئوردون.
ریزبەندیی گروپەكەشیان بەمشێوەیەیە:
-1 كۆریای باشوور (16خاڵ).
-2 ئوردون (13خاڵ).
-3 عیراق (12خاڵ).
-4 عومان (10خاڵ).
-5 فەلەستین (6خاڵ).
-6 كوەیت (5 خاڵ).
بەمەشدا دەردەكەوێت كە ئەركی عیراق قورستر وەك لە ئوردون بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە دوای یارییەكانی مۆندیال 2026، چونكە:
*یەكەم و دووەمی ئەم گروپە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.
*سێیەم و چوارەم، دەچنە نێو یارییەكانی پلەی ئۆف و پاشكۆی پاڵاوتنەوە كە سێیەم و چوارەمی هەرسێ گروپەكە لەخۆ دەگرێت، رەنگە هەڵبژاردەی بەهێزی وەك ئیمارات و قەتەر و سعودیەو ئەندەنوسیا بكەونە ئەم پلەی ئۆفەوە.
بەم دۆڕاندنە، كاساس -ی راهێنەر و عەدنان درجال -ی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق رووبەڕووی رخنەو توڕەییەكی زۆری هەوادارانی تۆپی پێی عیراق و شەقامی وەرزشیی عیراق و تەنانەتە لێپرسراوانی وەرزشیی عیراقیش بوونەتەوە، هەمولایەكیان لەسەر ئەوە كۆكن كە خیسۆس كاساس -ی ئیسپانی تەمەن 52 ساڵ و عەدنان درجال، بونەتە بارگرانی بەسەر تۆپی پێی عیراق بەگشتی و هەڵبژاردەی عیراقەوە بەتایبەتی، هەموویان لەسەر ئەو كۆكن كە كاساس و درجال و تەنانەت یونس مەحمودیش بەرپرسیاری یەكەمن لەم ئاستە خراپەی هەڵبژاردەكە.
ئێستا شەقامی وەرزشیی عیراق بەگشتی و تۆپی پێی عیراق بەتایبەتی دوای رۆیشتن وازهێنان لە كاساس دەكەن، كاساس-یش لەوەڵامدا دەڵێت: ئەوە بڕیاری من نییە بڕیاری یەكێتیی تۆپی پێی عیراقە، عەدنان درجالیش دەڵێت: ئەم كارە پێویستی بە ئارامی و پشوو درێژییە، نابێت بڕیاری بەپەلە بدەین بێ ئەوەی هەموو لایەنەكانی هەڵنەسەنگێنین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان