حەیدەر ئەحمەد
یانەی كفری گەیشتە چوارگۆشەی زێڕین
*تیپی تۆپی پێی یانەی كفری لە خولی جامی یانەكانی كوردستاندا توانی بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، ئەمەش پاش بردنەوەیان 1-0 لە تیپی یانەی پێشمەرگەی هەولێر.
دڵشاد محەمەد راهێنەری یانەی كفری بە كوردستانی نوێی راگەیاند، پاش ئەوەی توانیمان لە خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستاندا بمێنینەوە، خۆمان بۆ ئەم خولە تەرخانكرد، ئێستاش توانیومانە بگەینە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولەكە و هیوادارین بگەینە یاریی كۆتایی و جامی پاڵەوانیش بەرز بكەینەوە.
كۆتایی هاتنی خولی شەهید قانع ئۆمەر بلی
*چەندرۆژێك لەمەوبەر یاریی كۆتایی خولی تۆپی پێی شەهید قانع مەحمود ئۆمەر بلی لە كفری كرا كە یارییەكانی بە درێژایی رۆژانی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەڕێوەچوون، ئەم خولە ناوەندی كفری رێكخراوە دیموكراتییەكان بۆ رێزلێنان و وەك وەفایەك بۆ گیانی پاكی ئەم شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان رێكخرا، لە یاریی كۆتاییشدا، تیپی كوردستان لە تیپی زانكۆی بردەوە و یەكەمی خولەكە بوو.
بەرزان جەلال سەرپەرشتیاری خولەكە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەم خولەدا زیاتر لە 300 وەرزشكاری سنوری گەرمیان و ناوچە دابڕاوەكان بە چەندین تیپ بەشدار بوون، سەركەوتووانەش خولەكە بەڕێوەبراو كۆتایی هات.