كۆنفرانسی ئامادەكاریی بۆ دیداری یەكێتی لە كەركوك و گفتوگۆکانی بەردەوامن

12:24 - 2025-03-27
کوردستان
40 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، لە كەركوك، هەشتەمین كۆنفرانسی ئامادەكاریی دووەمین دیداری ی.ن.ك، بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
لە كۆنفرانسەكەدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هەڤاڵانی كەركوك و سەڵاحەدین و خورماتوو، ئامادەیبوون، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی ی.ن.ك، رایگەیاند: هەمیشە یەكێتی هەوڵیداوە پێگەی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بەهێزتر بكات، وتیشی: لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال، ئەركمانە خزمەتی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك بكەین، چونكە هەموومان دەزانین، یەكێتی و كەركوك دووانەیەكی لێكدانەبڕاون، هەروەها دەستخۆشی لە رێبوار تەها كرد كە وەك پارێزگاری كەركوك، هەنگاوی باشی ناوە بۆ خزمەتی كەركوكییەكان.
هەر لە كۆنفرانسەكەدا، مەلا كەریم شكور ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرین رایگەیاند: یەكێتی هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ چارەسەری كێشەكان و خۆی بۆ قۆناغی نوێ ئامادەكردووە.
هاوكات رێبوار تەها لە وتارێكدا بەكورتی تیشكی خستەسەر ئەو خزمەتانەی كە لەماوەی دەستبەكاربوونیدا وەك پارێزگاری كەركوك، پێشكەشیكردووە و رایگەیاند: قیرتاوكردن و راكێشانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لە شەقام و گەڕەكەكان بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەك جیاوازیی ناكەین لەنێوان گەڕەكەكاندا، بەردەوامیشین لە رووناككردنەوەی شەقامەكان، ئەمە جگە لەوەی لە هەوڵداین وێستگەیەكی كارەبای 1000 مێگاوات بۆ شارەكە دابینبكەین، هەوڵەكانیشمان بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بەردەوامە، وتیشی: سەوزكردنی شارەكە، ئامانجێكی دیكەمانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا كەركوك لەگەڵ رابردوودا لەڕووی پاكوخاوێنییەوە جیاوازیی زۆری هەیە و بەردەوام 1350 كرێكار، بە شەو و رۆژ كاردەكەن بۆ پاككردنەوەی شارەكە، راشیگەیاند: سوپاسی ئاسایش و دژەتیرۆری سلێمانی دەكەم كە هەمیشە پشتیوانمان بوون بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی زیاتر لە شارەكە.
دواتر وتاری لیژنەی باڵای دیدار لەلایەن ستران عەبدوڵڵاوە پێشكەشكرا و رایگەیاند: لەماوەی 50 ساڵی تەمەنیدا هەمیشە ئەركی یەكێتی خزمەتكردن بووە، بێگومان ئەم خزمەتكردنە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك زیاتر بووە و بەردەوام هەوڵیداوە هەموو كات حكومڕانییەكی راستەقینە پێشكەشبكات.
هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان