لە راگەیەندراوێکدا، وەزاڕەتی دەرەوەی بەریتانیا داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، دەستبەجێ سووریا جێبهێڵن و هۆشداریشیان داوە، کە هیچ هاوڵاتییەکی بەریتانی سەردانی سووریا نەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی بەردەوامیی ململانێکان و تێکچوونی رەوشی ئەمنی، داوا لە سەرجەم ئەو هاوڵاتییە بەریتانییانە دەکەن، کە لە خاکی سووریادا دەژین، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە، پێویستە بەریتانییەکانى نیشتەجێى سووریا لە شوێنی قەرەباڵغ و گردبوونەوەکان دووربکەونەوە، پەنا بۆ شوێنێکی ئارام ببەن تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی بەریتانیا دەتوانێت رزگاریان بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر هۆشداریی دایە هاوڵاتییەکانى لە گەشتکردن بۆ سووریا، بەهۆى ئەگەرى روودانى هێرش لە رۆژانى جەژندا، داواش دەکات ئەوانەى لەوێن، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لەساڵی 2012 کارەکانی هەڵپەساردووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ مامەڵە و خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە هاوڵاتییانى بکات، ئەمریکییەکانیشى ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریى بەپەلە بوو، دەتوانن پەیوەندى بە بەشى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە باڵیۆزخانەى کۆمارى چیک بکەن.