كۆڕبەندی ناتۆ لە دیدی رۆژنامەكانی ئەڵمانیاوە

06:50 - 2022-03-27
ڕاپۆرت
697 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی:بورهان ئەمین

لە چەند رۆژی رابردوودا كۆڕبەندێكی فراوانی هاوبەشی هاوپەیمانی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا و گروپی حەوت (G7) لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوەچوو، كە تیایدا جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەكان بوون.

لە كۆڕبەندەكەدا هەموان رێكەوتن لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا، لەگەڵ ناردنی چەكی زیاتر و پێشكەوتووتر و هاوكاریی مرۆیی زیاتر و قەرەبووی دارایی بۆ ئۆكرانیا. رۆژنامەكانی ئەڵمانیا وێڕای رووماڵی ئەو كۆبوونەوەیە، شرۆڤە ‌و رەخنە و تێبینییەكانی خۆیان خستۆتەڕوو.

ئەمریكا سووتەمەنی هەناردە دەكات
رۆژنامەی Frankfurter Allgemeine Zeitung ، ئاماژەی بەوەكردووە: كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە كە ئەوروپییەكان بە چەك و پارە هاوكاریی ئۆكرانیا دەكەن و سزا بەسەر روسیادا دەسەپێنن، كەچی رۆژانە بە بەهای 700 ملیۆن یۆرۆ سووتەمەنیشی لێدەكڕن. یەكێك لە بڕیارە گرنگەكانی كۆبوونەوەكە ئەوەبوو، كە كۆتایی بەو دووفاقییە هات و بڕیاردرا پشت لە سەرچاوەی ئەو وزەیە بكرێ و لەمەودوا هەنگاو بەهەنگاو پشت بە وزەی ئەمریكا ببەسترێت. بەپێی ئەو رۆژنامەیە: ئەمریكا و ئەوروپا رێكەوتوون كە تا ساڵی 2030، بڕی 50 هەزار مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی خۆی بۆ یەكێتیی ئەوروپا دابین ‌بكات.

هەروەها رۆژنامەی Nurenberger zeitung نووسیویەتی: كۆبوونەوەكە پەیامێكی ئاراستەی روسیا كرد، بەوەی كە لەنێو خۆیان و هاوپەیمانەكانیاندا كۆدەنگی و یەكڕیزی هەیە و كۆكن لەسەر یەكگرتویی لە هەڵوێستەكانیان و داكۆكی و بەرگریكردن لە ئۆكرانیا. لە پەرەگرافێكدا ئاماژەی بەوەداوە، كە بەرپابوونی جەنگی جیهانیی سێیەم لە هەموو كاتێك زیاتر لە ئارادایە، چونكە ناردنی ئەو هەموو پارە و چەك و جبەخانەیە بۆ بەری رۆژهەڵاتی ناتۆ و توندكردنی ئابڵوقەی ئابووری لەسەر روسیا، مۆسكۆ كاردانەوەی پێچەوانەی دەبێ و مەترسییەكان زیاتربوون.

جەنگی ئەمریكا و رۆژئاواشە
رۆژنامەیSudwest Presse نووسیویەتی: جەنگەكەی روسیا تەنها لەگەڵ ئۆكرانیا نییە و لەگەڵ ئەوروپا و رۆژئاوا و ناتۆشە، ئەگەر دیقەت بدەین، لە ماوەی مانگی رابردوودا تادێت چەكە بەكارهاتووەكان قورستر و كاریگەرتر بوون، هۆكارەكەشی بەكارهێنانی چەكی وڵاتانی ناو ناتۆیە لەلایەن ئۆكرانیا و لە بەرامبەریشدا سوپای روسیا بە هەموو توانایەكی سەربازییەوە دەجەنگێ. چەكە هاوردەكراوەكان بۆ ئۆكرانیا تەگەرەی گەورەن بۆ بەرەوپێشچوونی روسیا، دەشنووسێت: كۆڕبەندەكە ئاماژەیەك بوو بۆ بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ ئۆكرانیا، ئەوەش بەردەوامیدانە بە جەنگەكە و تاقیكردنەوەی چەكەكانیانە لە بەرامبەر روسیا.

لای خۆشـــــــیەوە، رۆژنــامــەی Badische Zeitung نووسیویەتی: ئەمریكا و خۆرئاوا بە ناردنی ئەو چەكانە بۆ ئۆكرانیا، دەیانەوێت سوپای روسیا تەنگەتاو بكەن و هەڵەی زەقی پێبكەن، لە كاتێكدا توندوتیژی ئەو سوپایەیان لەبەرچاوە كە چۆن تەڕ و وشك بە یەكەوە دەسووتێنێ. دەیانەوێت كەتنی گەورە و رەشەكوژیی بەسەردا ساغبكەنەوە و لە دانوستانیاندا یان لە كۆتاییدا بیكەنە كارتی فشار بەسەریدا. نەخشەی ئەوە دانراوە كە ئەمانە بەبێ سزای قورس تێپەڕ نابن.

وا زوو جەنگ تەواو نابێت
رۆژنامەی Suddeutsche Zeitung كە واباوە ئەم رۆژنامەیە لە سیاسەتی كریملێن-ەوە نزیكە، دەڵێت: خۆرئاوا گوێ بەو بانگەواز و بەیاننامە و وتار و لێدوانانە نادات كە زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا دەریاندەكات، مەرگەساتی خەڵكەكەشی لەبەرچاوناگرێت كە رۆژانە چ نەهامەتییەكان بەسەردادێت لە سایەی ئەم جەنگەوە، بەڵكو تەنها بەرژەوەندیی خۆی ‌و شكاندنی روسیا لەبەرچاودەگرێ و چاوەڕێی كۆتایی شكستی سوپای روسیا دەكات تا ئەو سیاسەتەی دەیانەوێت لە دژیان جێبەجێی بكەن. رۆژنامەكە پێشبینی دەكات، كە جەنگەكە درێژەبكێشێت.

سەرچاوە/ میدیاكانی ئەڵمانیا

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان