״بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی״

پارێزگاری كەركوك بۆ كوردستانی نوێ: سەرۆك وەزیران بەڵێنی دابینكردنی بودجەی پێداوین

01:04 - 2025-04-08
عیراق
52 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەردانی بەغدایان كرد و بەشدارییان لە كۆبوونەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگی لەنێوان پارێزگاكانی عیراقدا كرد.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو، ئامانجی بەشداریكردنی ئیدارەی كەركوك بەدەستهێنانی بودجەی پێویست بوو بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی پارێزگا و خزمەتكردنی هاووڵاتیانە بەبێ جیاوازی، هەروەها باس لە داهاتی نەوتیی پارێزگاكان كرا و تەئكیدكرایەوە كە دەبێت بودجەی پترۆدۆلاریان بۆ تەرخان بكرێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە «سەرۆك وەزیران، بەڵێنی دابینكردنی بودجەی پێویستی پێداین بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان و چەندین بڕیاری گرنگیشی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەركرد».
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ كوردستانی نوێ، پارێزگاری كەركوك، وتی: «هەر حزب و لایەنێك دێتەوە شارەكە، بەخێرهاتنی دەكەین، كەركوك جێگەی سەرجەم حزب و لایەن و پێكهاتەكانە، دەرگای ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگاش واڵایە بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێت بەشداریی تێدا بكات و خزمەتی هاووڵاتیان بكات».

بابەتە پەیوەندیدارەکان