بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەجی ئەمساڵەوە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، کۆتایی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ مانەوەی عەمرەکاران لە مەککە داناوە و دەشڵێت، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان بە بڕی 26 هەزار دۆلار سزا دەدرێن.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاندووە، رۆژی 13ی ئەم مانگە کۆتا وادەی چوونە ناوەوەی عەمرەکارانە بۆ مەککە و پێویستە سەرجەم عەمرەکارانیش تاوەکو 29ی ئەم مانگە مەککە جێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەج لە مانگی داهاتوودا ئەو رێکارانە جێبەجێ دەکەن و داواش لە سەرجەم کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەکەن بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن.
دەشڵێت، هەر دواکەوتنێک لە وادەکەی خۆیان بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت و سزای ئەو کۆمپانیا و لایەنانە دەدرێت کە بەرپرسن لە هێنانی عەمرەکاران، سزاکەش بڕی 100 هەزار ریاڵی سعودی دەبێت، کە بەرانبەرە بە زیاتر لە 26 هەزار دۆلار.