مینحەى 100 هەزار دینارەکەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بڕیارە لەگەڵ مووچەى مانگى نیسان خەرجبکرێت.
وەزارەتى دارایی عیراق رەزامەندیی لەسەر گەڕانەوەى ئەو بڕە پارەیە داوە و سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەى نووسراوى ژمارە 3645ى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانى ئاگادارکردووەتەوە، بەغداد رەزامەندیی داوە لەسەر گەڕانەوەى مینحە 100 هەزار دینارییەکەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان.
سەرچاوەکە وتیشى، نوێنەرایەتیى هەرێمى کوردستان لە بەغداد بڕیارى خەرجکردنەکەى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردووە بە نووسراوى ژمارە 8407 لە چوارى ئازارى ئەمساڵ.
راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستى مووچەى مانگى نیسان بۆ بەغداد نەنێردراوە و بڕیارە هەفتەى داهاتوو لیستەکە رەوانەبکرێت و 100 هەزار دینارى مینحەى خانەنشینانیش دەخرێتە لیستەکەوە.
بڕیارى گەڕانەوەى مینحەى 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، هاوشێوەى خانەنشینانى عیراق و میراتگرەکانیانە و ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە، کە مووچەکانیان لە خوار یەک ملیۆن دینارەوەیە، لە سەرەتاى ئەمساڵیشەوە ئەو 100 هەزار دینارە بڕدراوە.