بە پێی لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عیراقی، حسێن تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاندووە، عیراق توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەنزین ببەستێت و هاوردەکردنی دەرەکی کەم بکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێت، عیراق لەبەرهەمهێنانی نەوتی سپی و گازی سروشتیدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، لە بەرهەمی بەنزینیشدا گەیشتووەتە ئاستی نیمچە خۆبژێوی.
حسێن تاڵیب ئەوەشی خستووەتە روو، عیراق لە ئێستادا تەنیا رۆژانە پێنج بۆ شەش ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات، لە کاتێکدا پێشتر ئەم رێژەیە دەگەیشتە نزیکەی 12 بۆ 15 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا، کە ئەمەش کەمبوونەوەیەکی نزیکەی 60% لە رێژەی هاوردەکردندا نیشان دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەنزینەی ئێستا هاوردە دەکرێت، زیاتر لە جۆری موحەسەنە.
حسێن تاڵب، هۆکارى کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزینی بۆ باشترکردنی توانای پاڵاوگەکان و زیاترکردنی بەرهەمی رۆژانەی بەنزین گەڕاندووەتەوە.