دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەشداری لە رێوڕەسمی ناوەندی یادكردنەوەی ساڵانەی رۆژی شەهیدی فەیلی و رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو، كرد، كە لەژێر دروشمی (كوردانی فەیلی پرسی نیشتمانن) بەڕێوەچوو.
سەرۆك كۆمار رایگەیاند: لەكاتێكدا یادی رۆژی شەهید فەیلی دەكەینەوە، بە ئازارێكی زۆرەوە ئەو ستەم و زۆردارییە بەبیر دەهێنینەوە كە بەسەر رۆڵەكانی ئەم پێكهاتە رەسەنەدا هاتووە، وتیشی: پێویستە كوردانی فەیلی قەرەبووبكرێنەوە، ئاماژەی بەوەش دا: سەرۆكایەتیی كۆمار هەمیشە ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ پشتیوانی لە مافەكانی رۆڵەكانی پێكهاتەی كوردی فەیلی، هەروەها ئامادەیە پشتیوانی لە مافەكانی هەموو گەلی عیراق بكات.