محەمەد سەعید كوردە
هەموو ساڵێك كاتێك گیاكانی وەرزی بەهار دێنە عەلوە و بازاڕەكان، ئیدی زۆرینەی خەڵكی هەولێر پشت لە خواردنە چەورەكان دەكەن و بۆ ژەمی خۆراكیان روو لە خواردنی گیا بەهارییەكان دەكەن، لەوانە (كەنگر و تۆركە و كاردی و كوارگ و دۆمبەڵان) و ئەوانی دیكە، چونكە تام و چێژێكی زۆر تایبەتیان هەیە و هەم وەك دەرمان و چارەسەرێكیش وایە بۆ تەندروستی مرۆڤ و نەخۆشیە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و فشاری خوێن و دڵ و گورچیلە و قۆڵۆن.
د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك كە هەمیشە لە راگەیاندنەكان و سۆشیال میدیاوە بە تەنگ تەندروستی خەڵكەوەیە و رێنمایی و ئامۆژگاری بەسوود بڵاودەكاتەوە، ئەمجارەیان لە بابەتێكی تەندروستیدا دەڵێت: سوودە تەندروستییەكانی گیایە سروشتیەكانی وەرزی بەهار وەك (كەنگر و پونگە و گۆزروان و كاردی و كوزەڵە و رێواس و مێلاقە) زۆرن، بە رادەیەك كە دەتوانرێت وەك رەمزی تەندروستی و لەشساغی ناو ببرێن و خەڵكان لە هەموو تەمەنە جیاوازەكان پشتیان پێ ببەستن، تا تەندروست بن و لە دەرد و نەخۆشی دوور بكەونەوە.
لەلایەكی دیكەوە (د. دڵشاد محەمەد) پسپۆڕی دەرمان و ژەهرزانی دەڵێت: بەكتریا سوود بەخشەكانی جەستە رۆڵی سەرەكییان هەیە لە بەرزبوونەوەی بەرگریی جەستە، كە بەشێكی زۆریان لەلایەن رووەك و گیایەكانی وەرزی بەهار پاڵپشتی دەكرێن و دەپارێزرێن، بۆیە باشتر وایە گیایەكانی وەرزی بەهار سوور نەكرێنەوە، بەڵكو بكوڵێندرێن و بە كوڵاوی بخورێن، ئەگەرچی گیا و رووەكەكانی وەرزی بەهار سوودیان یەكجار زۆرە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بەڵام هیچ كاتێك شوێنی دەرمان ناگرنەوە.
لەبارەی هەڵگرتنی گیا بەهارییەكان لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی دیكە، زۆربەی زۆری خێزانەكان لە كۆتاییەكانی مانگی بەهاردا بەڕێژەیەكی زۆر ئەو گیایانە لە نێو (بەفرگرە - مجمدە) هەڵیانبگرن و لە وەرزەكانی دیكە وەك ژەمێكی خواردن سوودی لێببینن، بۆیە دەبینین ماڵی وا هەیە جگە لە وەرزی بەهار لە وەرزەكانی دیكەی وەك هاوین و پایز و زستان خواردنی گیایەكانی وەرزی بەهارییان لێنابڕێت و هەمیشە سفرەی ماڵەكانیان بەو خواردنانە ئاوەدانە.