زانکۆی سلێمانی وۆرکشۆپێکی تایبەت بە گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆژەپێشنیازێك سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوان و دادگا رێکخست.
دوێنێ، بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، ژمارەیەك رۆژنامەنووس و ئەکادیمی لە وۆرکشۆپێکدا کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی پرۆژەپێشنیازی «رێسا و پێوەرە ئیتیکییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوان و دادگا»، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەیەکی ئەکادیمی و پیشەیی کرا بە ئامانجی ئامادەکردن و پەسەندکردنی و دواتر ئاراستەکردنی بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە، لە روانگەی ئەزمون و پاشخانی زانستیی خۆیانەوە، گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەکە کرد بەمەبەستی دەوڵەمەندترکردنی و گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی میدیای کوردستان. د.کامیل عومەر مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی و خاوەنی پرۆژەکە رایگەیاند: ئامانجمانە لە رێگەی ئەم وۆرکشۆپەوە سنوورێك بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و هەواڵانە دابنرێت، کە کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنی کەناڵەکانی راگەیاندن لەگەڵ ئەو جۆرە هەواڵانە، رێکبخرێتەوە.