جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ راوێژکاری نوێی سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا کۆبۆوە

04:29 - 2025-04-21
جیهان
38 جار خوێندراوەتەوە

 ئەمڕۆ دووشەممە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا، ڕاوێژکاری نوێی سەربازیی هێزەکانی هۆڵەندا کرد.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆک، وێڕای پیرۆزباییکردن لە کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی هەموو پشتیوانی و هاوکاریکردنێکی بۆ سەرخستنی کارەکانی، نیشان دا.  
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ لیندا کاپێلا، خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وڵاتەکەیی و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.
لە دیدارەکەدا کە بێتریلا سنۆیا، جێگری کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا ئامادە بوو، دوایین بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەکە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی سوریا و بەردەوامی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان