هاوژین عەبدولواحید
دوێنێ، كریستیانەكانی گوندی هەرمۆتە بە چەندین رێوڕەسمی ئایینی و نەریتی كۆمەڵایەتی، جەژنیان بەڕێكرد، كە بە گرنگترین جەژن لە ئایینی مەسیحیدا دادەنرێت لە دوای 50 رۆژ بەڕۆژووبوون.
زەیا شابا قەشەی گوندی هەرمۆتە و كۆیە و شەقڵاوە وتی: لە كۆیە و گوندی هەرمۆتە لە كەنیسەكەمان، رێورەسمە ئاینییەكانمان جێبەجی كرد، لەهۆڵی هەرمۆتەش پێشوازیمان كرد لەمیوانانی خۆمان و برا موسڵمانەكانمان بۆ پیرۆزبایی و گەردەن ئازایی و دووپاتكردنەوەی خۆشەویستی.
هەروەها د.هاوژین سڵێوە عیسا مامۆستای زانكۆ وتی: ئەم جەژنەمان لەدوای 50 رۆژ لەبەڕۆژووبوونمان لە 12ی شەو تا 12ی نیوەڕۆ دێت. گرنگترین تایبەتمەندی ئەم جەژنە ئەوەیە كە تێیدا هێلكە رەنگ دەكرێت و دادەنرێت ئەوەش بەو مانایەی كە هێلكە رەمزی جوانی و بەردەوامی و خۆشەویستییە وەك ئەوەی ئەو هێلكەیە سەرەتا بێگیانە، بەڵام دوای 21 رۆژ دەبێتە شتێكی زیندوو جوجكی لێ دروست دەبێت بەو مانایەی كە حەزرەتی مەسیح هەمیشە زیندووە و مانای زیندووێتی دەبەخشێ، هەروەها برا ئێزیدییەكانیش ئەم هێلكە رەنگاوڕەنگەیان هەیە و وەك نەریتێك لەلای ئەوانیش ماوەتەوە.
خاتوو هێرۆ سڵێوە لەم بارەیەوە وتی: لەم جەژندا خانمان کۆمەڵێك ئەركیان دەكەوێتە سەرشان بەدڵخۆشییەوە جێبەجێی دەكەن وەك دروستكردنی چێشت و شیرینی و كولیچە و رازاندنەوەی ماڵ،
یوسف تۆما لەم بارەیەوە وتی: ساڵانی رابردوو جەژن لە گوندی هەرمۆتە زۆر جیاوازتربوو، چونکە تێكەڵاوی زیاتر و پەیوەندیی پتەوتر هەبووە و رۆژی یەكشەممە بەیانی زوو سەعات چوار خەڵك بە فانۆس و لۆكس دەچوون بۆ ماڵی یەكتر بۆ جەژنە پیرۆزە، ئەوەش هۆكاری ئەوەبووە كە حەزرەتی عیسا پاش لەخاچدانی بۆ سێ رۆژ بەیانی زوو زیندووبۆتەوە، بەڵام ئێستا كاتەكەی جیاوازترە و بەیانی سەعات هەشت بۆ یانزە پێشوازی لە میوان دەكرێت.