کەناڵی (CNN) دەڵێت، خولی سێیەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەخت و پڕ ئاڵنگاری بێت، بە تایبەت کە یەکەمجارە تیمی تەکنیکیی نێوانیان کۆببنەوە.
هاوکات بەرپرسێکی ئێرانی بە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی راگەیاندووە، ئاستەنگی سەرەکی لە بەردەم گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکادا بەرنامە موشەکییەکەی ئێرانە نەک دۆسێی پیتاندنی یۆرانیۆم.
لە خولی سێیەمدا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، تیمە تەکنیکیەکانی هەردوولا وردەکارییەکانی رێککەوتن تاوتوێدەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (CNN)ی راگەیاندووە، تیمی تەکنیکی لە نزیکەی 12 پسپۆڕی شارەزا پێکدێن، لە سەرجەم دەزگا جیاوازەکانی حکومەتی ئەمریکا، کە وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە رێوشوێنی رێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئەگەری سوککردنی سزاکانی سەر ئێران و سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، لە گفتوگۆ تەکنیکییەکاندا هەوڵدەدرێت ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن، کە لە گرێبەستی ساڵی 2015 دا بە چارەسەرنەکراوی مابوونەوە، ئەگەر داواکاریی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بێت، ئەوکاتە ئەگەری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبن.