قەیرانی بەڕێوەبردنی پەروەردە و پێداویستییەکانی چاکسازی

09:44 - 2025-04-27
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە هەموان بەرپرسیارێتی هاوبەش بگرنە ئەستۆ بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی پەروەردە

رزگار شێخ حه‌سه‌ن

لەم قۆناغە نوێیەدا، پێویستە فەلسەفەی پەروەردەیی نوێ پەیڕەو  بکەین کە گرنگی بە تاکەکەس و تایبەتمەندییەکانی دەدات، هەر خوێندکارێک کەسایەتی و توانای خۆی هەیە و پێویستە سیستمی پەروەردە یارمەتیدەربێت بۆ گەشەپێدانی تواناکانی

پەروەردە بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگە و داهاتووی نەتەوەیە، سیستمێکی پەروەردەیی سەرکەوتوو، توانای بەرهەمهێنانی نەوەیەکی داهێنەر و بیرکەرەوەی هەیە کە ئامادەن رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی سەردەم ببنەوە، بەڵام بەداخەوە، سیستمی پەروەردەی ئێستا لە قەیرانێکی قووڵی بەڕێوەبردندایە، وایکردووە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پەروەردە وەک پێویست نەیەنە دی، راستییەکی تاڵ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سیستمی پەروەردەی ئێستا لە دۆخێکی قەیراناویدایە، کێشەکانی ئیدارەدان دەستیان بەسەر تەواوی جومگەکانی پەروەردەدا گرتووە. 
بودجەی تەرخانکراو بۆ پەروەردە زۆر کەمە و بە شێوەیەکی دروست دابەش ناکرێت، هۆیەکانی فێرکردن کۆن و نا کارامەن، مامۆستایان مووچەیەکی شایستەیان نییە و راهێنانی پێویستیان پێنەکراوە.

گرفتە سەرەکییەکانی پەروەردە
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی سیستمی پەروەردەی ئێستا، خاڵیبوونیەتی لە تێگەیشتنی فەلسەفی و فیكری سەردەمیانە، بەڕێوەبردنی پەروەردە بووەتە کارێکی رۆتینی و بیرۆکراتی کە تەنها سەرقاڵی کردنی کارە کارگێرییەکانە وەک دابەشکردنی خشتەی وانەکان، ئامادەکردنی راپۆرتی ئامار، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەت، بەڕێوەبەرانی پەروەردە زۆربەی کاتەکەیان بۆ کاری کارگێڕی خەرج دەکەن و کەمترین بایەخ بە لایەنە پەروەردەییەکان دەدەن، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون لە جەوهەری خۆی دووربکەوێتەوە و ببێتە ئەرکێکی میکانیکی کە تەنها بۆ تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان دەکرێت، پێویستە لە فەلسەفەی پەروەردە تێبگەین، ئامانجی سەرەکیی پەروەردە پێگەیاندنی مرۆڤی تەواوە کە توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانەی هەبێت، نەک تەنها کەسانێک کە دەتوانن زانیاری کۆن بەبیر بهێننەوە و دووبارەی بکەنەوە، لەم قۆناغە نوێیەدا، پێویستە فەلسەفەی پەروەردەیی نوێ پەیڕەو بکەین کە گرنگی بە تاکەکەس و تایبەتمەندییەکانی دەدات، هەر خوێندکارێک کەسایەتی و توانای خۆی هەیە، پێویستە سیستمی پەروەردە بتوانێت ئەمە رەچاو بکات و یارمەتیدەربێت بۆ گەشەپێدانی تواناکانی.

بەڕێوەبەری سەرکەوتوو کێیە؟
بەڕێوەبەری خوێندنگە ئەو کەسەیە کە تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ ئامانجی پەروەردە هەیە و دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنەدا ژینگەیەکی فێرکاری دروست بکات کە هاندەری داهێنان و فێربوونی بەردەوام بێت، بەڕێوەبەر دەبێت توانای ئەوەی هەبێت لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکاراندا پەیوەندی باش دروست بکات و ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و یارمەتیدان بۆیان، بەڕێوەبەری سەرکەوتوو دەبێت: خۆی فێرخوازێکی بەردەوام بێت و بە دوای نوێترین تەکنیکەکانی فێرکردندا بگەڕێت، دەرفەتی گەشەکردن و پێشکەوتن بۆ مامۆستایان بڕەخسێنێت، ژینگەیەکی پۆزەتیڤ دروست بکات کە خوێندکاران هەست بە ئاسایش و هاندان بکەن، هەروەها پەیوەندی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵگەی دەوروبەردا دروست بکات.
چاکسازی ریشەیی لە سیستمی پەروەردەدا پێویستی بە داڕشتنەوەی هەیکەلی بەڕێوەبردنی پەروەردەییە، ئەم پرۆسەیە پێویستە بە راوێژ و بەشداریی شارەزایانی بواری پەروەردە، مامۆستایان، تەنانەت خوێندکاران و دایبابان بێت. هەموو ئەم لایەنانە خاوەنی روانگەی جیاواز و بە سوودن کە دەتوانن سیستمێکی کاراتر دروست بکەن.
دروستکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی
خاڵێكی دیكەی‌ گرنگ كه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م، بریتییه‌ له‌ دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی لە نێوان پەروەردە و زانکۆدا، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی سیستمی پەروەردەی ئێستا، دابڕانە لەنێوان خوێندنگەکان و زانکۆکاندا، ئەم دابڕانە وایکردووە خوێندکاران بە تەواوی ئامادەنەبن بۆ خوێندنی زانکۆ و زانکۆکانیش نەتوانن یارمەتیدەربن لە گەشەپێدانی سیستمی پەروەردەیی پێش زانکۆدا.
پێویستە میکانیزمێکی کاریگەر دابنرێت بۆ هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان زانکۆکان و خوێندنگەکاندا کە دەتوانێت چەندین ئامانجی گرنگ بپێکێت.
یەکەم: لەبەرئەوەی ئەم میکانیزمە یارمەتی داڕشتنی پرۆگرامی خوێندن دەدات کە بە تەواوی لەگەڵ پێداویستییەکانی زانکۆدا بگونجێت و خوێندکاران باشتر ئامادە بکات.
دووەم: دەرفەتی راهێنانی پیشەیی بۆ مامۆستایان لە زانکۆکاندا دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وانەوتنەوە و فێرکردن.
سێیەم: پرۆژەی هاوبەش لەنێوان خوێندنگەکان و بەشە زانستییەکانی زانکۆدا دروست دەکات، کە لە ئەنجامدا توانای داهێنان و لێکۆڵینەوە لای خوێندکاران پەرە پێدەدات.
چوارەم: رێگە دەدات بە خوێندکاران پێش چوونە زانکۆ، بەباشی ئاشنای ژینگەی زانکۆببن و ئامادەییان زیاتربێت.
لە کۆتاییدا، گرنگی بەهەند وەرگرتنی ئەم قۆناغە لە دروستکردنی سیستمێکی پەروەردەیی یەکگرتوو و بەردەوامدا دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی و توانای خوێندکاران لە هەردوو ئاستی خوێندنگە و زانکۆدا.
گرنگیی سیستمی چاودێری و  لێپرسینەوەی شەفاف 
ئەگەر ئەم قۆناغەی ئێستا بەهەند وەرنەگیرێت و هەوڵی چاکسازی جددی نەدرێت، لە داهاتوودا نوێکردنەوەی ئیدارەدانی پەروەردەیی ئاسان نابێت، هەر ساڵێک کە تێدەپەڕێت، کێشەکان قوڵتر دەبن و چارەسەرکردنیان سەختتر دەبێت، هەر جیلێک کە لەژێر سیستمێکی لاوازدا پەروەردە دەکرێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە دەبێت.
دوایین شتیش له‌م نووسینه‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌وه‌یه‌، سیستمی چاودێریی و لێپرسینەوەی شەفاف زۆر پێویسته، لەبەرئەوەی‌  دڵنیایی دەدات لەوەی هەموو کەسێک بەرپرسیارە و هیچ کەسێک لە سەرووی لێپرسینەوەوە نییە، بێگومان چاکسازی لە سیستمی پەروەردەدا ئاسان نییە، بەڵام بە هەوڵی بە کۆمەڵ و بەردەوام، دەتوانین سیستمێکی مۆدێرن دروست بکەین کە توانای پێگەیاندنی نەوەیەکی خاوەن بیری رەخنەگرانە و داهێنەرانەی هەبێت.
پێویستە حکومەت، مامۆستایان، دایبابان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیارێتی هاوبەش بگرنە ئەستۆ بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی پەروەردە، تەنها بە پلانی دوورمەودا دەتوانین بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین و سیستمێکی پەروەردەیی شایستە بۆ داهاتوو دابین بکەین، لەبەرئەوەی پەروەردە مافێکی سەرەکی هەموو منداڵێکە و سیستمی پەروەردەیی دەبێت رەنگدانەوەی بەهاکانی کۆمەڵگەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان