بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەغدا چاوی كەوت بە د.عادل عەبدولمەهدی سیاسەتمەدار و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق.
لە دیدارێكدا دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و دۆخی ئەمڕۆی عیراق تاوتوێكرا و جەخت لە هەماهەنگی و زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كرایەوە لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان و چارەسەركردنی كێشەكان.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پشتیوانیی بۆ هەر هەنگاوێك دووپاتكردەوە كە ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێكەوتن و سازان لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوە و وتی: وڵات پێویستی بە قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و رێكەوتنی نیشتمانییە لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجە باڵاكان. ئەركی هەموومانە كار بۆ داهاتوویەكی ئارام و سەقامگیر بكەین و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانمان بكەین.
لەبەرامبەردا د.عادل عەبدولمەهدی ستایشی هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و سیاسەتی دروستی یەكێتی كرد و وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە سیاسەتە حەكیمانەكەی سەرۆك مام جەلال دەدات و ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە كە وڵات پێویستییەتی و ئەنجامی دڵخۆشكەری دەبێت.