لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

12:05 - 2025-05-19
جیهان
79 جار خوێندراوەتەوە

پەکەکە چەکی داناوە یان وازی لە شەڕ و چەک هێناوە؟

 بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە زۆر لایەنی ناوخۆ و دەرەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا و بە هەنگاوێکی گرنگیان وەسفکرد بۆ دیموکراسی و ئازادی و ئارامیی زیاتری تورکیا.

 میدیاکانی جیهان لەوبارەیەوە زۆر بابەتیان نووسیوە 
رۆژنامەی لیبراسیۆنی فەرەنسا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا وردەکارییەکانی خۆهەڵوەشاندنەوەکە و چەک دانانەکە روون نییە و نازانرێت پەکەکە چەکەکانی رادەستی حکومەتی تورکیا دەکاتەوە یان ئەم هەنگاوە تەنها راگرتنی شەڕی چەکدارییە؟ جگەلەوەش دیار نییە کە ئاخۆ حکومەتی ئاک پارتی چی بۆ کورد و ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە دەکات؟ هەنگاوەکان دەبێت هاوتابن و لەبەرامبەر هەر سازشێک دەبێت دەستکەوێک هەبێت، هیچ رێکارێکی یاسایی لە ئارادانییە و دیاری نەکراوە.

دەبێت حکومەت هەنگاوی جدی بنێت
بەگوێرەی رۆژنامەی لەندەن تایمز، پەکەکە بە سادەیی دەستبەرداری چەک نەبووە، چونکە هێشتا لایەنی بەرامبەری هەنگاوی جدی نەناوە، دەبێت حکومەتەکەی سەرۆک کۆماری تورکیاش بەڵێنەکانی لەئاست «عەبدوڵڵا ئۆجەلان»دا جێبەجێ بکات، هەروەها ماف و ئازادییەکان بە کورد بدات، چونکە بەوە دەتوانێت پاڵپشتی لایەنە کوردییەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکات.

دەسەڵات جێی متمانە نییە

 هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەی ئێڤرێنسێلی تورکیا وتارێکی رەشبینی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی گەشەپێدانی دیموکراسی لە تورکیا و نووسیوێتی: «حکومەتی ئاک پارتی لە ماوەی 23 ساڵی دەسەڵاتیدا لەگەڵ رەوتە سیاسییە جیاوازەکاندا دانوستانی کردووە، وا خۆی نیشان دەدات کە بە ڕۆحی دیموکراسی ئەو کارە دەکات، بەڵام ئاک پارتی و مەهەپەی هاودەسەڵاتی ناسیۆنالیستی، جێی متمانە نین، ئاشتی و ماف و ئازادییە دیموکراسییەکان تەنها لە رێگەی خەباتی یەکگرتووی گەلەوە دێتەدی و دانوستاندن فێڵ و خۆخەڵەتاندنە لەگەڵیاندا.

چەکدانان خەباتێکی نوێیە 
رۆژنامەی لۆڤیگارۆی فەرەنسیش پێیوایەکە پارتی کرێکارانی کوردستان لەخۆڕا دەستبەرداری چەک نەبووە، بەڵکو خەباتێکی نوێیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە کەلتوری و سیاسییەکانی کورد لە تورکیادا، بەڵام حکومەتی تورکیا لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی کەمە نەتەوەکان دامەزراوە، باوەڕی بە فرە کەلتور و نەتەوەی جیاجیا نییە و مل بۆ ئەو داخوازییانە نادات.
 دەستوورەکەی بۆ گەلانی ناو تورکیا دانەنراوە، بەڵکو تەنها بۆ تورک دانراوە و نایانەوێت ئەو گۆڕانکارییە بکەن، چونکە هاوپەیمانیی ئاک پارتی - مەهەپە لەسەر بنچینەی دژایەتیی ئەوانی تر دامەزراوە و نەتەوەپەرستەکان قبووڵی ناکەن مافی کوردان بدرێت، بۆیە ئەگەر ئەوە رووبدات و پەکەکە بتوانێت بەو چەک داماڵینە مافە نەتەوایەتییەکانی بهێنێتەدی، ئەوا وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی روودەدات.

  



 

ئەڵمانیا دەبێتە پێشەنگ


لەدوای سوێندخواردنی وەک راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا «فریدریش مێرتس» لە یەکەمین وتاریدا بە ورەیەکی بەرزەوە رایگەیاند کە لەم خولەدا وڵاتەکەیان دەکەنە پێشەنگی هەموو ئەوروپا و ئەلمانیا وەک وڵاتێکی بەهێز و پتەو پۆڵاین دەتوانێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات لەو ئەرکەدا، 
سەبارەت بەو بابەتە، رۆژنامەی بێڵد نووسویەتی ئەو قسانەی راوێژکار بەو مانایە دێت کە وڵاتەکە وا لێدەکات بەرگەی هەر هێرش و پەلامارێکی روسیا بگرێت بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەوروپایی، هەروەها مەسجێکە بۆ روسیا کە دوای تەواوبوونی جەنگی ئۆکرانیا خۆی لە قەرەی داگیرکاریی هیچ وڵاتێکی ئەوروپا نەدات.




ترەمپ لە کۆبونەوەی لەگەڵ شەرعدا پەلەی کرد

هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا کۆبووەوە و سزا سەپێندراوەکانی سەر سوریای هەڵپەسارد.
لەو رووەوە رۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانی نووسیوێتی: «کۆبوونەوەکە ئاماژەیە بۆ ئاساییبوونەوەیەکی پەلە پڕوسکێ کە وڵاتێکی نیمچە ئیسلامیی ئسووڵی لە دوای رووخانی ئەسەدەوە لەبارێکی ئەزموونیدایە، وڵاتانی خۆرئاوا بە کردەوە دەیانەوێت سوریا بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە سیستمی خۆیان. لە راستیدا ئەم پەلەکردنە پێدەچێت ئەنجامێکی باشی نەبێت، کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و هێرشەکان بۆ سەر کەمینەی دروزەکان ئەوە نیشاندەدەن کە بیری تیرۆر و گەشەپێدانەوەی هێشتا لە ئەجێندای ئەو تاقمە دەسەڵاتدارەدایە و گومانەکان لەخۆڕانین، بەڵکو ملنەدان بۆ ماف و ئازادیی گەل و نەتەوە و ئایینەکانی ناو سوریا، پرسیاری زۆر دروست دەکەن، بۆیە ئەو پەلەپەل کردنە باش نییە.

ئەوەی دەگوزەرێت پلانێکی تری لەپشتەوەیە

رۆژنامەی نەزاڤیسیمایا گەزێتای روسیاش سەرسوڕمانی خۆی لەو نزیکبوونەوەیەی واشنتۆن و دیمەشق نیشاندەدات و دەنووسێت: «شەرع میژوویەکی رەشی لەسەر ئاستی جیهان هەیە، لە ساڵی 2006 دا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە عیراق دەستگیرکراوە، چەند ساڵێکی لە زیندانی بەدناوی ئەبوغرێبدا بەسەر بردووە، ئەوکاتە تاوانبار و تیرۆریست بوو، ئێستاش سەرۆکێکی تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتی خۆی و گۆشەگیرکردنی کەمە نەتەوەکان و کەمینە ئاینییەکانی وەک عەلەوییەکان و دروزەکان، بەڵام دیارە هیچ کام لەمانە ترەمپ راناگرن لە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، ئەوەی دەگوزەرێت پلانێکی گەورەی لەپشتەوەیە».

ئەمە دژایەتیکردنی ئیسرائیلە

دێر ستاندەردی نەمساییش پێیوایە کە ترەمپ بە دیپلۆماسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر خۆی لە نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوور دەخاتەوە، ئەوەی ترەمپ دەیکات، دژایەتیەکی ئاشکرای حکومەتی ئیسرائیلە، سوریایەکی بەهێز کە ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتدا بن، لەبەرژەوەندیی ئیسرائیلدا نییە، بەتایبەتیش ئەگەر لەژێر رێنماییەکانی تورکیادا بێت. ترەمپ داوا لە شەرع دەکات کە پەیوەندیی بە رێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە بکات، رێککەوتننامەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل،  بەکردار نەریتێکە خزمەت بە کەمپێکی توندڕەو دەکات، کە ئیسرائیل قبووڵی ناکات.
 




لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا  لە ئیستانبۆڵ چی روویدا؟

رۆژی هەینی وەفدی دانوستکاری روسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و سەرەتا بڕیاریاندا سەروو هەزار دیل بگۆڕنەوە، وەک دەوترێت بۆ جدییەتی رێککەوتنی گشتی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پوتین و زیلینسکی پێویستە، سەبارەت بەو پێشهاتە نوێیەش، رۆژنامەی کۆرێرا دێلا سێرای ئیتاڵی رایگەیاندووە: «روسیا پێی باش نییە جەنگەکە بووەستێنێت، بەڵام بۆ رازیکردنی ترەمپ دانوستاندنی دەستپێکردووە، چونکە دۆناڵد ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتیدا بەبایەخەوە دەنواڕێتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و روسیا و رێک بە پێچەوانەی خولی رابردووەوە.
رۆژنامەکە وایدەبینێت کە ئەگەری هەیە جەنگەکە ساردببێتەوە، بەڵام ناوەستێتێت.

ترەمپ ناتوانیت ئەوروپا بخاتە پەراوێزەوە
بەڵام رۆژنامەی لۆڤیگارۆی فەرەنسی کۆبوونەوەکە بە دەستپێکێکی باش دەبینێت بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی و دەڵێت: «مادام رۆڵی دیپلۆماسی کارا کرا، ئەوە کارێکی ئەرێنییە، جگە لەوەش بەپێچەوانەی ویستی ترەمپەوە، ئەوروپییەکان لە دانوستانەکاندا رۆڵیان دەبێت و وەک چاودێر لەپشتی پەردەوە راسپاردەی خۆیان هەیە، بۆ مۆسکۆش دەچەسپێت کە بەبێ وڵاتانی ئەوروپا دانوستاندن سەرناگرێت و ناتوانرێت بیانخەنە پەراوێزەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان