ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی ئیلی کۆهین سیخوڕی بەناوبانگی جوو لە سوریاوە گوازرایەوە بۆ ئیسرائیل و نووسینگەی ناتانیاهوش پرۆسەکە بە نهێنی و ئاڵۆز وەسف دەکات.
ئیلی کۆهین سیخوڕێکی بەناوبانگی ئیسرائیلی بوو لە دیمەشق. لە دوای ئاشکرابوونی لە 18ی ئایاری 1965 لەلایەن حکومەتی سوریاوە لەسێدارەدرا.
لە یادی 60 ساڵەی لەسێدارەدانیدا، دوێنێ نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیران لە بری مۆساد رایگەیاند: لە پرۆسەیەکی نهێنی و ئاڵۆزدا و بە هاریکاری لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگریی هاوبەشی ستراتیژی، ئەرشیفە رەسمییەکەی ئیلی کۆهین، کە لەلای سوریا بوو، گوازراوەتەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەو ئەرشیفە لە نزیکەی دوو هەزار و 500 بەڵگەنامە و وێنە و کەلوپەلی تایبەتی کەسی پێکدێت و هەندێکیان یەکەمجارە ئاشکرا دەکرێن.
هەر لە نێو ئەرشیفەکەدا، تۆمار، دۆسێی لێکۆڵینەوە، نامەی دەستوخەتی کۆهین بۆ خێزانەکەی، وێنەی چالاکییە هەواڵگرییەکانی لە سوریا هەیە، هەروەها کەلوپەلەکانی ناو ماڵەکەشی گەڕێنراونەتەوە، کە دوای دەستگیرکردنی، دەستیان بەسەرداگیرابوو.
ناتانیاهۆ لە وەسفی ئیلی کۆهیندا دەڵێت: مەزنترین سیخوڕ بوو لە مێژووی دەوڵەتدا، کە بەشداربوو لە سەرکەوتنە مێژووییەکەی جەنگی شەش رۆژەدا (جەنگی حوزەیرانی 1967).
کوردستانی نوێ