یادی حەوت ساڵەی كۆچی دوایی عادل مورادی سەركردە

01:25 - 2025-05-19
کوردستان
80 جار خوێندراوەتەوە

سەركردەی نەمر عادل موراد، لەدایكبووی ساڵی 1949ی خێزانێكی كوردانی فەیلیی بەغدایە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگەی كوردانی فەیلی و هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواوكردووە، ساڵی 1965 هەر لە بەغدا پەیوەندیی بە رێكخستنەكانی پارتییەوە، كردووە.
ساڵی 1966 لە بەشی كیمیای كۆلێجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە و لەو ماوەیەدا سەرپەرشتیی بەشێكی رێكخستنەكانی بەغدای كردووە، دوای ئاشكرابوونی لە ساڵی 1969دا، بوو بە پێشمەرگە.
لە پێشمەرگایەتیدا بووە بە ئەندامی ناوچەی پارتی و مامۆستای شۆڕش، دوای بەیانی 11ی ئازاری ساڵی 1970 و لە كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا، بە سكرتێر هەڵبژێردراوە، هاوكاتیش بوو بە جێگری سكرتێری یەكێتیی نیشتمانیی خوێندكارانی عیراق، هەر لەوكاتەدا درێژەی بە خوێندن دا و زانكۆی تەواوكرد، سەرەڕای ئەوانەش، ئەندامی لقی پێنجی بەغدای پارتی بوو.
ساڵی 1974 بەغدای بەجێهێشت و بووەوە بە پێشمەرگە، پاش هەرەسی 1975 چووە ئێران و دواتر سوریا، لەوێ پەیوەندیی بە مام جەلال-ەوە كرد و بەشداربوو لە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوێتیی رێكخستنی ناو وڵاتی پێسپێردرا، دواتر سەفەری ئەوروپای كرد و توانی بناغەیەك بۆ رێكخستن لە بولگاریا و رۆمانیا و هەردوو ئەڵمانیا و هۆڵەندا، دابنێت.
پاش گەڕانەوەی بۆ سوریا، لەگەڵ ئەندامانی تری دەستەی دامەزرێنەر، سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستییەكانی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بوو لە كوردستان و لەم رووەوە لێپرسراوێتی ئەركە لۆجستیكییەكان و ناردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی بۆ ناو وڵات، گرتەئەستۆ.
ساڵی 1979 گەڕایەوە كوردستان و هەمان ساڵ وازی لە یەكێتی هێنا و گەڕایەوە سوریا و پاشان لە لوبنان  لە رۆژنامەی (سەفیر) وەك رۆژنامەنووس كاری كرد.
ساڵی 1981 پەیوەندیی بە حزبی سۆسیالیستی كوردستانەوە كرد و لە كۆنگرەی یەكەمی حزبەكەدا، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵبژێردرا.
ساڵی 1994 پەیوەندیی بە ی.ن.ك-ەوە كردەوە و كرایە ئەندامی سەركردایەتی، ساڵی 1995 بووە لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن تا ساڵی 2000، لەو ساڵەدا بووە لێپرسراوی پەیوەندییەكان لە سوریا.
ساڵی 2003 گەڕایەوە بۆ كوردستان و بەشداربوو لەو هەوڵانەی بۆ رووخانی رژێمی بەعس دەدران، پاشان چووە بەغدا و ئەركی پەیوەندی و دیپلۆماتكارانەی گرتە ئەستۆ و ماوەیەكیش لە ئەنجومەنی حوكم نوێنەری مام جەلال، بوو.
ساڵی 2004 بووە باڵیۆزی عیراق لە رۆمانیا، ساڵی 2010 لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی نەپاڵاوت، ساڵی 2011 بە سكرتێری ئەنجومەنی ناوەند هەڵبژێردرا.
بەداخەوە، رۆژی 18/5/2018، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
كوردستانی نوێ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان