دارستانێك لە نزیك بەنداوی ئەڵوەن دروستدەكرێت

10:03 - 2025-05-20
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی دیالە، ئامادەكاریی دەکات بۆ دروستكردنی دارستانێك لە نزیك بەنداوی ئەڵوەن.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی دیالە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی دیالە رووپێویی هاوبەش ئەنجام دەدات بۆ دروستکردنی پرۆژەی دارستان لە نزیك بەنداوی ئەڵوەن. راشیگەیاند: كارمەندانی تەكنیكی لە بەشی ژینگەی خانەقین رووپێوییەكی مەیدانیی هاوبەشیان ئەنجامدا، بەهاوكاریی نوێنەرانی قائیمقامیەت و ئیدارەی بەنداوی ئەڵوەن، بۆ دەستنیشانكردنی ناوچەی گونجاو بۆ دروستکردنی دارستانەكە لە نزیك بەنداوەكە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی هەوڵەكاندا بۆ بەرزكردنەوەی رووپۆشی رووەكیی قەزای خانەقین دێت كە بەدەست فراوانبوونی بیابانبوون و نەبوونی پشتێنەی سەوزەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایكردووە ناوچەكە زیاتر رووبەڕووی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ببێتەوە.
جەختیكردەوە، دروستکردنی ئەم دارستانە هەنگاوێكی گرنگە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی کەشوهەوا و پشتگیریكردنی هاوسەنگی ئیكۆلۆژی لە ناوچەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان