بەپێی زانیارییەكانی كوردستانی نوێ، لە كەركوك زیاتر لە یەك ملیۆن زەویی كشتوكاڵی، كێشەی موڵكدارێتی لەسەرە و جووتیاران و خاوەن زەوییەكانیش ترسیان لە وەرگرتنی بەروبوومەكانیان هەیە و دەڵێن: رەنگە حكومەت بەرهەمەكانمان لێوەرنەگرێت. سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگاش، رایدەگەیەنێت: رێنمایی بە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و دادو داراییش دەدرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی بەعس، تاكو كێشەی زەویی كشتوكاڵیی جووتیاران چارەسەر بكرێت.
عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گەورەترین كێشەی جووتیارانی كورد و توركمانی كەركوك ئەوەیە موڵكدارێتی زەوییەكانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە زەوتكراوە، وەرگرتنەوەی مافەكانیان پێویستی بە جێبەجێكردنی دوو بڕیار هەیە، یاسای 29ی ساڵی 2012، كە پێشووتر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیارەكانی كاروباری شیمالی هەڵوەشاندەوە، بەڵام بەداخەوە تائێستا بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی (ئەنجومەنی قیادەی سەورە)ی بەعس، كە لە مانگی یەكی رابردووەوە بە یاسای ژمارە 3ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەڵوەشێنرایەوە و داوا دەكات ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە كە ئەویش جووتیارانی كورد و توركمانن، بۆیە پێویستە رێنمایی بۆ دەربچێت بۆ ئەوەی جووتیاران هەست بە ئاسوودەیی بكەن و تاپۆی زەوییەكان بگەڕێتەوە سەر خاوەنە رەسەنەكانیان، وتیشی: وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جووتیاران دڵنیادەكەینەوە كە پشتوانیان دەبین و رێگەنادەین جارێكی تر ستەمیان لێبكرێت.
كەركوك، هێمن ئەحمەد