وتەبێژی یەکێتی پیرۆزبایی لە رێکخراوی ئازادیی لاوان دەکات

10:52 - 2025-05-25
کوردستان
38 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی یادی دەمەزراندنی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستانەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە پیرۆزباییەکی ئاراستەکردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی سکرتارییەتی رێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان

بەبۆنەی بیست و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان،  گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوانی کوردستان بەگشتی و ئێوە و تەواوی کادیران و ئەندامانتان دەکەم.
هەر بەو بۆنەیەوە مێژووی تەمەنی پڕ کۆشش خەباتی مەدەنی دیموکراتیانەتان بەرز هەڵدەسەنگێنین، لەماوەی رابردوودا رێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان لە رێگەی پڕۆژە و چالاكییەكانییەوە رۆڵی گەورەی بینیوە لە گەشەپێدانی هۆشیاری لاوان و هێنانەدی خەونەكانیاندا،  ناوەندێكی گرنگە بۆ پێگەیاندنی لاوان و رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ دەرخستنی تواناكانیان.
بەو هیوایەی ئەم یادە ببێتە وێستگەیەکی گرنگ لە کاری رێکخراوەییتان کە هاوتەریب بێت بە پێشکەوتنەکانی جیهان و خواست و ویستی گەنجان و لاوانی کوردستان بەداڕشتنی پلان و بەرنامە و کاری سەردەمیانە کە گوڕ و تینی زیاتر لە جاران بە توێژی پر بەرهەمی لاوان ببەخشێت بۆ سوود وەرگرتن لە توانا هزرییە نوێیەکانیان، رێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان ببێتە ناوەندی  کۆکردنەوە و هێنانەدی خەونی هەموو لاوانی کوردستان، چونکە ئایندە و دوارۆژی گەل و وڵات گەنجان و لاوانن. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گرنگی بایەخەوە دەڕوانێتە سەنگ و پێگەی توێژی لاوان لە کۆمەڵگەدا، بەو پێیەی کە لاوان داینەمۆی شۆڕش و گۆرانکاریەکانن و هیوای ئایندەشن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، ئەگەر سەیرێکی مێژووی دامەزراندنی (ی ن ک) و رۆژانی سەرەتای دەسپێکردنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بکەین دەبینین بەشی هەرەزۆری سەرکردایەتی و شۆڕشگێران و خەباتکارانی سیاسی و سەربازی لەتەمەنی گەنجیدا بوون، ئەمەش بەڵگەیەکی روون و شانازییەکی مێژوویی گەورەیە بۆ (ی ن ک) و تێڕوانینی بۆ گرنگیدان بە توێژی لاوان. 
جارێکیتر  بیست و شەشەمین ساڵیادی رێکخراوی ئازاد لاوانی کوردستانتان لێ  پیرۆز دەکەین و هەرلە سەرکەوتن و پێشکەوتندابن. 

سەعدی ئەحمەد پیرە 
وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان