رۆژی 22/5/2025، وەفدێكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی خانەقینی كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و ئیدارەی شارەكەدا كۆبوونەوە.
وەفدەكە لە مەڵبەندی خانەقین لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی خانەقین كۆبوونەوە و تێیدا شێركۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین داوایكرد لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كاربكەن بۆ ئاوەدانیی زیاتری شارەكە.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: ئامانجی سەردانەكە بەدواداچوونە بۆ كێشە و گرفتەكانی شارەكە، وتیشی: تەواوی كێشەكانی سنوورەكە دەبەینە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەت تاوتوێیان دەكەین.
پاشان وەفدەكە سەردانی قائیمقامیەتی خانەقینی كرد و لەگەڵ سەرۆكی یەكەی ئیداری و بەڕێوەبەری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكاندا كۆبوونەوە.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: خانەقین بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت، بەشی زۆریان پەیوەندیی بە خزمەتگوزاری و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە.
جواد فەیزوڵڵا قائیمقامی خانەقین رایگەیاند: تەواوی كێشە و گرفت و پرۆژە پێویستەكانی سنوورەكە لە چوارچێوەی راپۆرتێكدا رادەستی وەفدەكە كرا.
دواتر وەفدەكە سەردانی بازگەی باوە مەحمودی كرد، لەوبارەیەوە دكتۆر ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: ئەو بازگەیە گرفتی زۆری بۆ سنوورەكە دروستكردووە، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا تاوتوێی ئەو كێشەیە دەكەین.
خانەقین- ئارۆ سامان