خەدیجەی تەجریشی ناسراو بە (جەیران) ساڵی (1831ز) لە تەجریش یەكێك لە گوندەكانی نزیك تاران (ئێستا یەكێكە لە گەڕەكەكانی تاران) لەدایكبووە، پێنجەمین ژنی ناسرەدین شای قاجار بووە و دایكی شازادە ئەمیر قاسم میرزا بووە.
جەیران وشەیەكی توركییە و بە مانای (ئاسك، مامز) دێت، دەڵێن: چاوەكانی جەیران زۆر گەورە بووە و لە چاوی ئاسك چووە، بۆیە ناسرەدینی شای قاجار نازناوی جەیرانی پێبەخشیوە.
باوكی جەیران ناوی محەمەد عەلی تەجریشییە، باخەوان و دارتاش بووە، دوو كچ بە ناوەكانی (جەیران و عیسمەت) و كوڕێكی بە ناوی (ئەسەدوڵڵا) هەبووە.
ئاسکە چاورەشەکە
لەبارەی ناسرەدین شا چۆن عاشقی جەیران بووە، دوو جۆر گێڕانەوە هەیە، یەكەمیان دەوترێت جەیران بۆ فێربوونی سەما و هەڵپەڕكێ چووەتە حەرەمسەرای ناسرەدین شا و یەكەمجار جەیرانی لەوێ بینیوە، بەڵام گێڕانەوەیەكی دیكە هەیە كە دەوترێت رۆژێك ناسرەدین لە تارانەوە بۆ راو دەچێتە ناوچەی تەجریش، لەوكاتەدا دەبینێت كچێكی زۆر جوان لەسەر یەكێك لە درەختەكان سەرقاڵی (توو) خواردنە، كچەكە گرنگی بە ناسرەدین شا نادات و تەنانەت روویشی تێناكات، ناسرەدین شا بە كچەكە دەڵێت: دەبیت بە هاوسەرم، كچەكەش شانێك هەڵدەتەكێنێت و بەبێ ئەوەی بزانێت كە ئەو پیاوە کێیە؟ دەڵێت: تۆ هەر بنیادەم نیت، من دەمەوێ ببم بە شاژن. چاوەكانی جەیران ئەوەندە رەش و جوان و سەرنجڕاكێش دەبێت دەستبەجێ ناسرەدین شا عاشق و هۆگری دەبێت و خزمەتكارەكانی رادەسپێرێت كە ناونیشانی ماڵی باوكی كچەكە بدۆزنەوە، دواتر جەیران دەبەنە كۆشك و جلوبەرگی جوانی لەبەردەكەن و دەیڕازێننەوە و ناسرەدین شای قاجار سیغەی دەكات. هەرچەند دەوترێت جەیران ئەوەندەش جوان نەبووە، بەڵام هۆش و بیری ناسرەدینی شای داگیركردووە بە شێوەیەك كە هەندێك كەس پێیانوابووە ناسرەدین شا جادووی لێكراوە.
شاژنێکی راوچی
جەیران سوارچاکێكی باش بووە و زۆریشی حەز لە راو بووە، لە كاتی ئەسپسواری و راودا جلی پیاوانەی لەبەركردووە و بە پێچەوانەی ژنانی حەرەمسەرا خاوەنی رەفتار و هەڵسوكەوتی تایبەت بووە، هەر ئەوەش وایكردووە كە ناسرەدین شا شێت و شەیدای بێت و تەنانەت شیعر و هۆنراوەشی بۆ بنووسێت.
جەیران سێ كوڕی بە ناوەكانی (محەمەد میرزا، ئەمیر قاسم میرزا، روكنەدین میرزا) و كچێكی بووە بە ناوی (خورشید) كە هەموویان لە تەمەنێكی كەمدا كۆچی دواییان كردووە.
جەیران لە ساڵی 1859 لە تەمەنی 28 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی سیل-ەوە كۆچی دواییكردووە، دەگێڕنەوە ئەوكاتەی كە نەخۆشبووە، هەموو جارێك ناسرەدین شای قاجار بە دەستی خۆی دەرمانەكانی داوە بە جەیران بۆ ئەوەی چاكبێتەوە، بەڵام دەرمانەكان چارەسەری نەخۆشییەكەیان نەكرد و كۆچی دواییكرد و داخێكی گەورەی نایە سەر دڵی ناسرەدین شا.
درامای جەیران، لەسەر بنەمای ئەو چیرۆكە لە ئێران بەرهەمهێنراوە، پەریناز ئیزدیار كچە ئەكتەری ئێرانی لە دراماكەدا رۆڵی (جەیران) دەگێڕێت كە بە وتەی شارەزایانی بواری سینەما، توانیویەتی بە سەركەوتویی ئەركی خۆی بەجێ بگەیەنێت و ئێستا جەیران لە فێستیڤاڵی كان لە فەرەنسا سەرنجی هەموو ئامادەبووانی فێستیڤاڵەكەی راكێشاوە، لە فیلمی (ژن و منداڵ) لە دەرهێنانی سەعید روستایی رۆڵی ژنێك دەبینێت بە ناوی (ماهناز) كە ئێستا لەفێستیڤاڵی (كان) بەشدارە.
پەریناز ساڵی 1985 لە شاری بابل لە باكووری ئێران لە دایكبووە، دەرچووی بەشی گرافیكە، وەك ئەكتەر و خێرخواز و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆست چالاكی دەكات، تائێستا زیاتر لە 50 فیلم و درامادا بەشداریی كردووە و براوەی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و بیانی بووە.
جەواد حەیدەری
سەرچاوە/
fararu.com