موقەددەم سەركەوت، بەورێك بەرامبەر بە تیرۆر و تۆقاندن

10:40 - 2025-05-26
کوردستان
72 جار خوێندراوەتەوە

ئەسعەد جەباری

منداڵی یەك گەڕەك و دەڤەربووین، وەك دوو خزم و دوو هاوڕێ و هەواداری رێگەی كوردایەتی، هەمیشە لەنێو یەک بازنەی بیركردنەوەدا بووین، بۆ ئاسۆیەك دەگەڕاین تا زاڵ بین بەسەر شەوەزەنگی تاریكی و ئەنگوستەچاودا، ئەو بۆ هەموو شتێک پەلەی دەكرد، دەیویست ئەو رێگەیە كورت بكەینەوە و وەنەوزێك نەدرێ تا سەركەوتنی یەكجارەكی، دێتە دی.
رەنگە ئەوە قەدەری ئەو بووبێت، گەنجێكی بزێوی نێو كوچە و كۆڵانەكانی شۆریجەی رەگداكوتاوی نغرۆی كوردایەتی، دەبێ هەر چالاك و چاپوك بێت، ئێمە هاوزەمان كۆمەڵێك مێردمنداڵی نێو كۆڵانەكەی خۆمان بووین، لەدوورەوە تا نزیك چاودێریی وردی دەوروپشتمان دەكرد، شتێكی نامۆ هەبوایە هەرزوو بێ ئەوەی بە یەكتری بڵێین، دركمان پێدەكرد.
ئەو لەگەڵ براكانیدا خولیای خوێندنەوە بوون، منیش كتێبخانەیەكی خنجیلانەم هەبوو، جاروبار ئەو و كاك سەمەدی برای دەهاتن و داوای كتێبیان لێ دەكردم بۆ خوێندنەوە.
دەكەوتینە خەیاڵاتێ ئەوەی چۆن ئەم نەتەوەیە رزگار بكەین لە داگیركەر، بە تایبەتی لە كەركوك، ئەو بیروباوەڕ گۆڕینەوەیە، رۆژ بەڕۆژ پەیوەندییەكانی نێوانمانی توندوتۆڵتر كردبوو.
شەهید سەركەوت، ئاسۆیەك بوو بۆ بڵندیی سەرێك كە بۆ هەمیشە لە لوتكەدابێت، ئەو بێ لەوەی دڵسۆزی كورد و كوردایەتی بوو، لەهەمانكاتدا پیاوێكی كۆمەڵایەتی و هەمیشە دەم بەخەندە بوو، چاكەخواز و هاریكار بوو بەرامبەر خەڵك.
لـــــــە ســـــــەردەمێكــــــدا كـــــــــــە بەگژداچوونەوەی رژێم ئاسان نەبوو، ئەو كەوتە بەر پەلامار و ماوەیەك بەندكرا.
پاش پرۆسەی ئازادی ساڵی 2003، لە كەركوك موقەدەم سەركەوت عەبدول عەلی جەباری-م، بینییەوە، چۆنم بینیبوو هەروابوو، ورەی بەرز وەك كێو، هەمیشە لە خەمی كەركوكدا بوو كە چۆن ئەو شارە ژانگرتووە وەنەوزێكی زیاتر بدات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لەچوارچێوەی كوردستاندا ئارام بگرێت.
بواری سەربازی هەڵبژارد بۆ خزمەتكردنی كەركوك و كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالانی تەواوكرد، سەربەرزانەش پلەكانی بڕی و دڵسۆزانە خزمەتی شارەكەی كرد، سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركوك- نەهێشتنی تاوان و دواتریش بۆ بنكەی پۆلیسی داقوق وەك ئەفسەرێكی دڵسۆز، ئەركەكانی رادەپەڕاند.
ئەفسووس، شەمشەمە كوێرەكانی تاریكی چاویان بە جموجۆڵ و چالاكییەكانی هەڵنەدەهات، تا لە 3/10/2011 تیرۆریانكرد و بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە لە مێژووی پڕ قوربانی و گیانفیدایی شارەكەیدا.
*هاوڕێی شەهید

بابەتە پەیوەندیدارەکان