ئەبوبەکر چاوشین
كارەسات و خەمێكی گەورەیە كە مرۆڤە مەزن و جوانەكان لە سەرەتای بەهاری تەمەنیاندا بگلێن، بەتایبەت ئەوانەی خەبات و تێكۆشان وەك ناوەندێكی گرنگ بۆ رزگاری و ئازادی دەبینن.
شەهید سۆران لە ژینگە و هەلومەرجێكدا چاوی كردبۆوە، لە هەوڵی بەردەوامدابوو بۆ گەیشتن بەو بڕوانامەیەی تەنیا لە فێرگەی نیشتیمانپەروەریدا بەدەست دەهێندرێت.
بێگومان، ئەو بڕوانامەیە ماندونەناسی و خوێنی دەوێت، دەنا بە ئاسانی بەدەست نەدەهات، چونكە لە تێڕوانینی دوورمەودای ئەودا، هەمیشە گەیشتن بەلووتكە، پشودرێژی و تێكۆشانی سەختی دەوێ.
شەهید سۆران، بەردەوام هەنگاوەكانی لەم پێناوەدا پێشدەخست و داخوازییەكانی نیشتمانی داگیركراو چی لێ بویستایە، ئەوەی جێبەجێ دەكرد.
بەداخەوە، شەڕی نەگریسی ناوخۆ هەزاران گەنجی وەك شەهید سۆرانی لە ژیان بێبەش كرد، كە دەكرا رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە گەشە و ئاوەدانی وڵاتدا بگێڕایە، جێگەی داخە لەناوچوونی ئەو رێژە زۆرەی گەنجانی نیشتمان، لە هەموو روویەكەوە بەزیانی گەورەی گەلەكەمان تەواو بوو.
شەهید سۆران یەكێك لە گەنجە هەڵكەوتوو و خوێنگەرمەكان بوو، لە دڵی ئێمەدا زۆر شیرین و چالاك و خۆشەویستی خەڵك و هاوڕێ و كەسوكارەكەی بوو، بۆیە هەمیشە یاد و یادەوەریی لە دڵ و دەرونماندا، بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
خاوەن كەسایەتییەكی (چاكەخواز، ئازا، جەسور، لێبووردە، دڵپاك، خۆنەویست، دڵسۆز و وەفادار) بوو، هێندە گیانی یارمەتیدانی تێدا بوو، بەدەم هەموو كێشە و ناخۆشییەكی كەس و هاوڕێكانییەوە دەچوو، بە هەڵوێست و ئامادە بوو بۆ پشتیوانی و هاوكاری و هاوبەشیكردنی خەم و ئازارەكان.
دوای 31 ساڵ لە شەهیدبوونی، هێشتا ئاكار و كردەوە جوان و بەرزەكانی لە خەیاڵ و بیری خانەوادەكەی و هاوڕێ و ناسیاوانیدا، بەزیندوویی ماوەتەوە.
ناوی تەواوی سۆران حەمەڕەشید هەمزە-یە، ساڵی 1974 لە گوندی هەنجیرەسوورەی ژاژڵەی قەزای ماوەت، لەدایك بووە.
لە دوای راپەڕینەوە بۆتە پێشمەرگە لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، رۆژی 25/5/ 1994 لە شەڕی نەخوازراوی ناوخۆدا، گەڵای تەمەنی هەڵوەری و جوانەمەرگ كرا.