مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
ئایدیۆلۆژیا، بە کۆمەڵێک بیرۆکە و باوەڕ دەوترێت کە جیهانبینی نووسەر دەخەنە بازنەیەکی داخراو و وا لە نووسەردەکەن تەنها لەو بازنە داخراوەدا بڕیار بدات و دەرببڕێت، ئەم ئایدۆلۆژیایە دەشێت پەیوەندیی بە سیاسەت، ئایین، بەها کەلتورییەکان، تەنانەت ژینگەشەوە هەبێت. کاتێک نووسەرێک بۆ منداڵان دەنووسێت، ئەم بیرۆکانە دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لەو ناوەڕۆکەی پێشکەشی منداڵانی دەکات.
بێگومان کاریگەریی ئایدۆلۆژیا لەسەر ناوەڕۆک، رەنگدانەوەی هەیە، لە دیارترین ئەو کاریگەرییانەی کە ئایدۆلۆژیای نووسەر لەسەر دەقی نووسینەکەی جێی دەهێڵێت، ئەمانەن:
1. هەڵبژاردنی بابەت: ئایدۆلۆژیای نووسەر ئەو بابەتانە دیاریی دەکات کە دەیەوێت قسەی لەسەر بکات. بۆ نموونە نووسەرێک کە باوەڕی بە گرنگیی ژینگە هەبێت، چیرۆک لەسەر پاراستنی سروشت دەنووسێت.
2. بەهاکان: ئایدۆلۆژیا کاریگەریی لەسەر ئەو بەهایانە هەیە کە نووسەر ئامانجێتی لە کەسێتی خوێنەرەکەیدا بیچێنێت، نووسەرێک بیەوێت بەهای لێبووردەیی بەدیبهێنێت ، سەرنجی لەسەر ئەو چیرۆکانە دەبێت کە گرنگیی قبوڵکردنی ئەوانی دیکە دەخەنەروو.
3. گێڕانەوە: ئایدۆلۆژیا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چۆنێتی پێشکەشکردنی رووداو و کارەکتەرەکان هەبێت. رەنگە نووسەرێک پاڵەوانەکان بە شێوەیەک وێنا بکات رەنگدانەوەی بیروباوەڕەکانی خۆی بێت.
پرسی سەپاندنی بیروباوەڕی نووسەران لە ئەدەبیاتی منداڵاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان مشتومڕی جدیی لەسەرە، لە کاتێکدا دەربڕینی بۆچوون و بیروباوەڕ مافێکی رەوایە بۆ نووسەران، بەڵام پرسیار لەسەر ئەو کاریگەرییانەیە کە دەکەونە سەر خەیاڵ و بیرکردنەوەی منداڵان. هەندێک لە رەخنەگران پێیان وایە نووسەران دەبێ ئازاد بن لە دەربڕینی بیرۆکەکانی خۆیاندا، بەتایبەتی ئەگەر ئامانجیان فێرکردنی بەها مرۆڤایەتییەکان بێت، یان ئەو رێنمایی کردنانەی کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی کەسایەتی منداڵان و بەرەوپێشبردنی بەها ئەرێنییەکانی وەک هاوکاری و دادپەروەری. بەڵام لەلایەکی ترەوە ئاڕاستەیەکی تر دژ بەسەپاندنی بیروڕای نووسەرن لە ئەدەبی منداڵاندا هەیە، چونکە سەپاندنی بیروڕای کەسیی بەسەر منداڵاندا بە سنووردارکردن دادەنرێت، بەو پێیەی توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و سەربەخۆییان لێ دەستێنێتەوە، پێویستە منداڵان بەر بیری جۆراوجۆر بکەون، نەک لە یەک روانگەدا سنووردار بکرێن و ئەمەیش مافی هەمەچەشنە بڕیاردانی هۆشمەندانەیان لێ زەوت بکات.
بێگومان سەپاندنی بیروباوەڕ کاریگەریی دەروونی نەرێنیی لەسەر منداڵان دەبێت، وەک هەستکردن بە تاوانباری یان شەرمەزاری ئەگەر بیروباوەڕەکانیان لەگەڵ ئەو شتانەدا نەگونجێت کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت. بۆیە پێویستە روون بین لەوەی کە نووسەر ناتوانێت یەکلاکەرەوەی راستەوخۆ بێت، بە منداڵ بڵێت وابکەو وامەکە، یان بڕیار لەسەر راست و هەڵەی رووداوەکان بدات، بەڵکو دەکرێت لە دووتوێی رووداوەکاندا منداڵ خۆی بۆی دەربکەوێت، چی دروستە و چی نادروستە، بەتایبەت بابەتە بڕواییەکان کە منداڵ لە قۆناغەکانی گەشەی دواتریدا دەبێت هەڵبژاردنیان بۆ بکات، نەک نووسەر بۆی هەڵببژێرێت.
وا باشترە بە هۆشیارانە و رەخنەگرانە لە ئەدەبیاتی منداڵان نزیک ببینەوە، بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو پەیامانەی دەگەیەنرێن لەگەڵ بەها مرۆییە ئەرێنییەکان یەکدەگرنەوە، دەرفەتیش بە منداڵان بدەین کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ناوەڕۆکی بۆچوونەکان بکۆڵنەوە و بڕیاربدەن.