هەنگاوەكانی دامەزراندنی بازاڕێك بۆ كاغەزە دارییەكان لە کوردستان دەست پێدەكاتەوە

11:17 - 2025-05-29
ئابووری
34 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی کاغەزە داراییەکانی عیراق

ئا: تەها عەبدوڵڵا

لە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمدا بۆ ئەنجومەنی وەزیران هاتووە، بازاڕی هەولێر بۆ كاغەزە داراییەكان لە ساڵی 2010 بڕوانامەی مۆڵەتی دەستپێكردنی كاری لەلایەن دەستەی كاغەزە داراییەكانی عیراقەوە وەرگرت، دواتر لە 31/4/2014 مۆڵەتی ئاڵووێری كاغەزە داراییەكان بەخشرایە بازاڕی هەولێر بۆ كاغەزە داراییەكان، بەڵام لە رۆژی 26/11ی هەمان ساڵدا، لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر دواخستنی كردنەوەی ئەو بازاڕە درا .
هەر لەنووسراوەكەدا هاتووە ئێستا دوای 10 ساڵ وەزارەتی دارایی هەرێم پێشنیاز دەكات، سێ ۆرکشۆپ بۆ شارەزایانی ئابووری و دارایی لە هەرسێ كۆلێژەكەی كارگێری و ئابووری زانكۆكانی سەلاحەدین و سلێمانی و دهۆك بكرێتەوە، بۆ وەرگرتنی بۆچوونەكان، لەوەی ئایا بازاڕی كاغەزە داراییەكان گرنگە، یاخود نا بۆ ئێستای هەرێم كوردستان، هەروەها ئایا بازاڕی هەولێر بۆ كاغەزە داراییەكان كارا بكرێتەوە، یان بازاڕێكی دیكە بەناوی بازاڕی هەرێمی كوردستان بۆ كاغەزە داراییەكان بكرێتەوە؟

سەکۆیەک بۆ راکێشانی وەبەرهێنان
هەر لە نووسراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە لەسەر بنەمای دەرهاویشتەكانی ئەو سێ ۆرکشۆپە، راپۆرتی شیكاری لەسەر بابەتەكە ئامادەبکرێت، تاكو ببێتە پاڵپشتییەكی زانستی بۆ هەر بڕیارێك كە ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە بارەی بازاڕی كاغەزە داراییەكانەوە دەریدەكات.
لەو بارەیەوە وەزارەتی نابراو پێیوایە، بازاڕی كاغەزە داراییەكان یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكان، بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و دەبێتە هۆی فەراهەمكردنی سەكۆیەكی كارا بۆ راكێشانی وەبەرهێنان و هەموو جۆرە سەرچاوەكانی پارەداركردن و پاڵپشتیكردنی كارسازی و زیادكردنی متمانە، لای وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەكان.
هەر لە وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی داراییدا، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانە و بەرێوەچوونی ئەو سێ ۆرکشۆپ دەربڕیوە.

مێژووی بازاڕەکە لە عیراق
لەو بارەیەوە پ. د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی مامۆستای زانكۆی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای ئابووریناسی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر گرنگی بوونی بازاڕێكی لەو جۆرە بۆ هەرێمی كوردستان و پێداویستی و ئاستەنگەكان لە رێگای كوردستانی نوێوە دەخاتەڕوو.
سەرەتا لەبارەی مێژووی بازاڕی كاغەزی دارایی عیراقەوە وتی: لە ماوەی نێوان ساڵانی 1992 تا 2003 بازاڕی كاغەزە داراییەكان بە گوێرەی یاسای ژمارە 24 ی ساڵی 1991 دامەزرابوو، وەک بازاڕێكی حكومی 113 كۆمپانیای لە خۆ گرتبوو، دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی كارگێڕییەكەی لە 19-3-2003دا داخرا، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق و بەدیاریكراوی لە 18ی نیسانی 2004دا بە گوێرەی یاسای كاتیی ژمارە 74، هەردوو بازاڕی عیراق بۆ كاغەزی دارایی و دەستەی كاغەزی دارایی عیراق دامەزرا، كە بازاڕێكی ئابووری سەربەخۆیە لە رووی دارایی و كارگێڕیەوە.
گرنگیی ئەم جۆرە بازاڕە
لەبارەی گرنگیی بازاڕی كاغەزی داراییەوە لە هەرێم وتی: بازاڕی كاغەزی دارایی، تەنیا شوێنێك نییە بۆ ئاڵوگۆڕی كاغەزە داراییەكانی وەك پشكی ئاسایی و پشكی نایاب و قەواڵە و سكوكی ئیسلامی، بەڵكو هۆكاری  پێکەوەبەستنەوەی پارە و دەرفەتی وەبەرهێنانیشە.
کە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورتی بكەینەوە:
1- ئامادەكردن و ئاراستەكردنی پاشەكەوت بۆ وەبەرهێنان.
2 -رەخساندنی هۆكارەكانی دابینكردنی پارە، وەك پشكی ئاسایی و پشكی نایاب و قەواڵە و سكوكی ئیسلامی .
3- دابینكرنی پارە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان.
4- زیاتركردنی توانای كۆمپانیاكان لە رێگای ئاراستەكردنی پارەوە بۆ ئەو بوارانەی قازانجیان باشە، لەگەڵ یارمەتیدانی وەبەرهێن بۆ وەبەرهێنان لەو بوارەی گونجاوەدا.
5- هۆكارێكە بۆ شەفافبوونی كاری كۆمپانیاكان، بەمەش لێپرسینەوە لە كۆمپانیاكان ئاسان دەكات.
6 -دروستبوونی دەرفەتی كار.
7- راكێشانی وەبەرهێنەران بۆ هەرێمی كوردستان.
8- یارمەتی دەرە بۆ هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختی.
9-پاڵپشتكردنی گەشەی ئابووری، لە رێگای فراوانكردنی توانای بەر‌هەمهێنانەوە.
10-جۆراوجۆركردنی ئابووری لە رێگای دابینكردنی پارەوە بۆ كەرتە ئابوورییە جیاوازەكان.

بەستنەوەی بازاڕەکە بە عیراقەوە
ئاماژەی بەوەشكرد: هەرچەندە بڕیاربوو لە ساڵی 2014دا ئەو بازاڕە لە هەرێمی كوردسان بكرێتەوە، بەڵام ئەوكاتە نەكرایەوە، ئەویش بەهۆی كەمیی ژمارەی كۆمپانیاكانی پشكداری و كەمیی ئەزموون و نەبوونی میكانزمێك بۆ بەستنەوەی بازاڕەكە بە عیراق و دنیای دەرەوە، هەروەها لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا و بڕینی مووچەی فەرمانبەران ئەو بازاڕە نەكرایەوە .
روونیشیكرەوە: ئێستاش كە باس لە ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی بازاڕێكی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان دەكرێت، دەیانەوێت ئەو بازاڕە بە عیراق و دنیای دەرەوە ببەسترێتەوە، لە پێناو جۆراوجۆركردنی ئابووری و دابینكردنی پارە بۆ كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، حكومەتیش دەتوانێ لە رێگای ئەو بازاڕەوە، قەواڵە دەربكات و پارەی دەست بكەوێت، تا پەنا بۆ قەرزكردن و بڕینی مووچە و زیادكردنی باج و رسومات نەبات.

کاغەزی نیمچەکاش
لەبارەی جیاوازی نێوان بۆڕسە و بازاڕی كاغەزە داراییەكانەوە وتی: بۆڕسە چەندین جۆری هەیە، لەوانە بۆڕسەی گەنم و جۆ و ئاسن و زێڕ و نەوت، هاوكات كاغەزی دارایی تێدا دەفرۆشرێت، بەڵام بازاری كاغەزی دارایی، تایبەتە بە پشكی ئاسایی و پشكی نایاب و قەواڵە و سكوكی ئیسلامی، هەروەها هەندێك كاغەزی دیكەی لێ دەفرۆشرێت، پێی دەوترێت كاغەزی نیمچەكاش.
ئەو پسپۆڕە لەبارەی بەربەستەكانی دامەزراندنی بازاڕی كاغەزی داراییەوە لە هەرێم وتی: لە گرنگترین بەربەدەستەكان، نەبوونی یاسای تایبەتە بە بازاڕی دارایی و بازاڕی كاغەزی دارایی، هەروەها لاوازیی ژێرخانی تەكنۆلۆژی و كارمەندی تایبەت و لاوازیی هۆشیاری و نەبوونی دامەزراوەی تایبەت.
پێشیوابوو: دەكرێ بەلابردنی ئەو بەربەستانە و لە رێگای دەرچوواندنی یاسایەكی گونجاوەوە، دوو دامەزراوە لە كەرتی سەرمایە گوزاری لە هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەوانیش بازاڕی هەرێم بۆ كاغەزی دارایی و دەستەی كاغەزی دارایی هەرێم.

ئاسانکاریی یاسایی
هەروەها روونیكردەوە: بۆ بوون بەخاوەنی بازاڕی كاغەزە داراییەكان، پێویستی بە دانان و هە‌ڵبژاردنی كارمەندی تایبەت هەیە، لەگەڵ دامەزراندنی ژێرخان، وەك دروستكردنی سەکۆیەکی ئەلكتڕۆنی، دامەزراندنی ناوەندێكی تەسویەی دانانئەسپاردە، پێکەوەبەستنەوەی بانك و دامەزراوە داراییەكان، هەروەک ئامادەكاری بازاڕ و كۆمپانیاكان بۆ یارمەتیدانی گۆڕینی كۆمپانیاكان بۆ كۆمپانیای پشكداری، لەگەڵ كۆمەكی یاسایی، وەك بواردن لە باج و دانانی مەرجی بەشداریكردن لە بازاڕەكە بەروونی.
 جگە لەوەی پێویستی بە هەڵمەتی راگەیاندن و خولی راهێنان و كردنەوەی تاقیگەی لاساییكردنەوەی بازاڕی كاغەزی دارایی هەیە، لە بەشەكانی ئابووری و دارایی و بانك و ژمێریاری. لە كۆتایشدا هەنگاوەكانی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و ئالوگۆڕكردن دەست پێدەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان