پارێزگای دیالە رایگەیاند کە لە رۆژی هەینیی رابردووەوە دەستیانکردووە بە دروستکردنی پردێک لەسەر دەریاچەی حەمرین کە درێژترین پرد دەبێت لە عیراقدا.
لەوبارەیەشەوە هانی غازی بەڕێوەبەری پردو رێگاوبانی دیالە رایگەیاندووە کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەند دەستیکردووە بە دروستکردنی پردەکە و روونیکردۆتەوە کە درێژیی پردەکە سێ کیلۆمەترە و بڕی 62 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و بڕیاریشە لە ماوەی 1100 رۆژدا تەواوبکرێت. هەروەها دەڵێت: ئەو پردە لەلایەکەوە ناوچەی حەمرین بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە دەیبەستێتەوە بە دەروازەی سنووریی مونزیرییەوە.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش دوای ئەوە دێت کە رێگەی زەمینیی نێوان ئەو ناوچانە لە ساڵی 2019 دا بەهۆی باران و لافاوەوە بەتەواوەتی پەکی کەوت و لەوکاتەوە کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە.
سەرچاوە: راگەیاندنی پارێزگای دیالە