لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر هەرێم کەمبوونەتەوە

کۆمسیۆنی ئاشتی، سێیەم کۆبوونەوەی کرد

11:18 - 2025-08-13
جیهان
62 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ کۆمسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، سێیەم کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا، رێکخراوێکیش داتایەکی لەبارەی کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لەسەر کەمبوونەوەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کە سەرۆکایەتیی کۆمسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەکات، وتی: «هیوادارین هەنگاوەکان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی فراوان لەم قۆناغە گرنگەی مێژوودا بەردەوام بن».
لەلایەکی دیکەوە تیمی هەرێمی کوردستانی رێکخراوی CPT، راپۆرتێكی لەبارەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا هەزار و 696 هێرش و تۆپبارانی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام هێرشەکان لە مانگی تەمموزدا بەراورد بە مانگی حوزەیران 97 % کەمیانکردووە.
هێرشەكان كەمیانكردووە
لەوبارەیەوە كامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی رێكخراوی (CPT)، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، لەنێوان یەکی تەمموز بۆ 31ـی تەمموز، سوپای تورکیا 18 بۆردومان و هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەراورد بە مانگەكانی پێشوو كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بوون، کە 17 هێرش و بۆردومان بوون، یەك هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە پێنجوێن بووە، کە تاکە هێرش بووە لە دوای راگەیاندنی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتییەوە.

ئۆپەراسیۆنی نوێ 
وتیشی: «سوپای تورکیا لە مانگی تەمموزدا بە بەشداریی 250 سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بۆسەر بەشێك لە گوندەکانی قەزای باتیفا ئەنجامداوە، بارەگایەکی سەربازی نوێی لەسەر چیای (سیارا ستەورێ) دامەزراندووە و هاتوچۆیان بۆ ناو گوندەکانی ئەو ناوچەیە قەدەغەکردووە، هاوکات هەڵمەتێکی کێوماڵ و پشکنینیان لە ناوچەکەدا کردووە».

سێ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون
هەروەها كامەران عوسمان ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا هەزار و 696 هێرش و تۆپبارانی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە هەزار و 501 هێرش و تۆپباران بۆسەر سنووری پارێزگای دهۆك بووە، 140 لە پارێزگای هەولێر و 55 هێرش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، بەڵام هیچ هێرشێكی بۆسەر پارێزگای نەینەوا ئەنجامنەداوە، هەروەها لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، سێ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە هێرشەكان كەمیانكردووە 
ئەو ئەندامەی تیمی کوردستانی رێكخراوی (CPT) باسی لەوەکرد، ئامار و داتاکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە مانگی تەمموزدا، کاریگەریی تەواوی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ژمارەی بۆردومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا، بەڵام ئەو سوپایە بەردەوامە لە دروستکردنی بنکەی نوێی سەربازی.

ئازادكردنی زیندانییەكان
لەم چوارچێوەیەشدا، محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەدار بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند، لە دوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، بەدڵنیاییەوە هێرشەكانی سوپای توركیا و هاتنی درۆنەكان و هێرش و تۆپباران و بۆمبارانی بۆسەر ناوچەكانی قەندیل و ئەو شوێنانەی گومان دەكەن گەریلاكانی پەكەكەی لێ بێت زۆر كەمیانكردووە، هەرچەندە پێشتر رۆژانە فڕۆكەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەكانی قەندیل و هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام ئەمەی ئێستا نیشانەی پێشكەوتنی پرۆسەی ئاشتییە، جگەلەوەش چەندین زیندانی، كە لە زیندانەكاندا بوون و هەندێكیان حوکمی هەتا هەتایی یان سێدارەبوون یاخود (30) ساڵ و (20) ساڵ حوکمی زیندانییان هەبوو، هێواش هێواش ئازاد دەكرێن.
وتیشی: «كۆمسیۆنێك لە سەرجەم پارتەكانی پەرلەمانی توركیا بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە پێكهاتووە، كە چەند ئەندامێكی ئەو كۆمسیۆنە كوردن، تائێستا ئەو كۆمسیۆنە سێ كۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆئەوەی میكانیزمێكی راست لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری پرسی كورد و پەكەكە و دیموكراسیی لە توركیادا، دوای ئەو كۆبوونەوانە سەردانی ئیمڕاڵییان كردووە و بەڕێز ئۆجەلان-یان بینیووە، هەرچەندە هەنگاوەكانی دەوڵەت زۆر سست و هێواشن بەراورد بەو هەنگاوانەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ پرۆسەكە ناویەتی، بەڵام ئەو کارانەی کراون هەموویان نیشانەی ئەوەن، کە پرۆسەكە تائێستا سەركەوتوو بووە».
كوردستانی نوێ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان