شێروان شێروانی بە زیاتر لە چوار ساڵی دیكە زیندانی سزادرا

12:26 - 2025-08-19
کوردستان
44 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە دادگەی كەتنی بنەسڵاوە، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی جارێكی دیكە بە زیاتر لە چوار ساڵی دیكە زیندانی سزادرا و لەكاتی دادگەییەكەشدا گرژیی دروستبوو.
پارێزەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی رایگەیاند، دادگا شێروان شێروانیی بە زیاتر لە چوار ساڵی دیكە زیندانی سزاداوە. 
بەگوێرەی زانیارییەكان لە دادگەكەدا هێزێكی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێكراوە و گرژیی و دەمەقاڵێ دروستبووە.
دۆسێکەی ئەمڕۆی شێروان شێروانی تایبەت بوو بە هەڕەشەكردن لە ئەفسەرێكی زێرەڤانی و ئەمڕۆ دانیشتنی یەكەمی ئەو دۆسێیە بوو و سزای چوار ساڵ و مانگێك زیندانیی درا.
پارێزەرەكەی شێروانی دەڵێت، سكاڵاكە لەلایەن پلەدارێكی سەربازیی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن لە خۆی و خێزانەكەی لەسەر شێروان شێروانی تۆماركراوە و دوو پاسەوانی پلەدارەكەش بوونەتە شایەتحاڵ.
بە وتەی پارێزەرەكەی، پێویستە پاراستنی ئاسایشی چاكسازییەكان بە پۆلیس بسپێردرێت، بەڵام ئەو ئەركە بە زێرەڤانی سپێردراوە. دەشڵێت، زانیارییان بەدەستگەیشتووە سكاڵایەكی دیكە لە دژی شێروان شێروانی دەجوڵێندرێت.
شێروان شێروانی لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی 2020 لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەوان و چالاكوانێكی بادینان دەستگیركرا، پاش چەند مانگێك لە دەستگیركردنیان، دادگای تاوانی هەولێر رۆژی 16ی شوباتی 2021 بەتۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەك لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكەیان سزادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان