ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
عیراق ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت و هه‌ژاره له ژێرخانی ئابووریدا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ته بۆ چین تا جێپێی خۆی تێدا بكاته‌وه، كۆمپانیاكانی چین له بواری نه‌وتدا كار ده‌كه‌ن و له هه‌مان كاتدا خوێندنگه‌و فڕۆكه‌خانه‌و پڕۆژه‌ی له‌و جۆره كه عیراق پێویستی پێیانه جێبه‌جێ ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش عیراق ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چین.
چین پێویستی به عیراقه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووته‌مه‌نییه، ئێستا 44 %ی كۆی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عیراق بۆ چین ره‌وانه ده‌كرێت. تسۆی وی باڵیۆزی چین له‌و باره‌یه‌وه به فرانس پرێسی راگه‌یاند، راسته بواری نه‌وتمان له‌گه‌ڵ عیراقدا چالاكه، به‌ڵام هێشتا سه‌ره‌تامانه بۆ چوونه ناو عیراق.
پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگا
له ساڵی 2019وه عیراق بۆته یه‌كێك له هاوبه‌شه‌كانی چین له پڕۆژه‌ی پشتێن و رێگاداو هه‌ردوو وڵاتیش رێكه‌وتنێكیان له‌و باره‌یه‌وه ئیمزا كردووه. ئامانجی پڕۆژه‌كه بنیاتنانی چه‌ندین پڕۆژه‌ی ژێرخانی ئابوورییه له وشكانی و له ده‌ریاشدا بۆ ئه‌وه‌ی چین ئاسانتر به ئاسیا‌و ئه‌وروپاو ئه‌فریقاوه ببه‌سترێته‌وه. به‌ڵام خۆرئاوا پێی وایه ئامانجی پڕۆژه‌كه به‌هێز كردنی هه‌ژموونی چینه له وڵاته هه‌ژاره‌كاندا، به تایبه‌ت كه به هۆی ئه‌و پڕۆژانه‌وه وڵاته هه‌ژاره‌كان ده‌كه‌ونه ژێر باری قه‌رزه‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌و باره‌یه‌وه به فرانس پرێسی راگه‌یاند، چین زۆر چالاكانه كار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ئابووری عیراق ده‌كات و به‌غدا هاوبه‌شێكی گرنگه له پڕۆژه پشتێن و رێگادا.
له ساڵی 2013وه عیراق سێیه‌م گرنگترین هاوبه‌شی پڕۆژه‌كه‌ی چینه‌و ئاڵوگۆڕی بازرگان‌یش له نێوان چین و عیراقدا ساڵی 2020 گه‌یشتۆته 30 ملیار دۆلار، پڕۆژه‌كانی بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانیش كه به گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی 2019ی نێوانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت، له ژێر ناونیشانی بنیاتنانه‌وه به‌رامبه‌ر به نه‌وت به‌ڕێوه ده‌چێت، دروست كردنی هه‌زار خوێندنگه‌و فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه، به‌شێكن له‌و پڕۆژه‌یه، به‌ڵام پڕۆژه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره به سێ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و هه‌زار خوێندنگه‌یه ته‌نیا قۆناغی یه‌كه‌مه.
بنیاتنانه‌وه به‌رامبه‌ر به نه‌وت
تێچووی ئه‌م پڕۆژانه له رێگه‌ی هه‌نارده كردنی 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌وه بۆ چین دابین ده‌كرێت به شێوه‌ی رۆژانه، كۆمپانیا چینییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا به‌ڵێنده‌ره‌كاندا هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی ده‌ستی كار له ناوخۆی عیراق. دابین كردنی هه‌لی كار بۆ هاووڵاتیانی عیراق شتێكی خراپ نییه، به‌ڵام وه‌ك یه‌سار ئه‌لمالكی پسپۆڕی ئابووری له په‌یمانگای (میدل ئێست ئیكۆنۆمیك) ده‌ڵێ: ده‌نگۆی ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانی عیراق ناسراو نین و پێده‌چێ سه‌ر به لایه‌نێكی سیاسی بن، له‌به‌ر ئه‌وه مه‌ترسی گه‌نده‌ڵییه‌كی فراوان له ئارادایه، ئه‌و پسپۆڕه هۆشداری ئه‌وه ده‌دات، كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌رپرسانی عیراق ئه‌و رێكه‌وتنه خراپ به‌كار بهێنن و هه‌ندێك پڕۆژه‌ی بێكه‌ڵك جێبه‌جێ بكه‌ن، سه‌ره‌نجام ده‌بینیت قه‌رزێكی زۆر له‌سه‌ر عیراق كه‌ڵه‌كه بووه.
به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه له‌م دواییانه‌دا بڵاو كرایه‌وه، عیراق ئامانجی سه‌ره‌كی بووه له پڕۆژه‌كه‌ی چیندا كه ناوی پشتێن و رێگایه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا عیراق ساڵی 2021 بڕی 10 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتووه بۆ دروست كردنی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كاره‌با كه به نه‌وتی قورس كار ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه له هه‌مان ساڵدا تێكڕای ئه‌و پاره‌یه‌ی چین له چوارچێوه‌ی پشتێن و رێگاداو له 144 وڵات خه‌رجی كردووه بۆ وه‌به‌رهێنان، گه‌یشتۆته 59 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار، واته به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی پێشتر گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر نه‌هاتووه كه 60 ملیار‌و 500 ملیۆنی خه‌رج كردبوو.
گرنگیدان به خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
چین له‌م پرۆژه‌یه‌داو به تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گرنگییه‌كی زۆری به ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بی داوه، به جۆرێك وه‌به‌رهێنانی له‌و ناوچانه له 2021دا به رێژه‌ی 360 % زیادی كردووه، به‌ڵام پڕۆژه‌كه له بنه‌ڕه‌تتدا پڕۆژه‌یه‌كی جیهانییه‌و چین به نیازه یه‌ك تریلۆین دۆلاری تێدا خه‌رج بكات، كه هه‌موو بۆ كاری وه‌به‌رهێنانه له پڕۆژه‌ی ستراتیژیدا، به‌م دواییانه‌ش ئه‌رجه‌نتین هاته ناو پڕۆژه‌كه‌وه كه بۆ چین و ئه‌مریكای لاتینیش زۆر گرنگه.
ره‌خنه‌گرانی پڕۆژه‌كه‌ی ده‌ڵێن پڕۆژه‌كه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی تێدایه كه هه‌ندێك له وڵاتان، به تایبه‌ت وڵاتانی هه‌ژار له ئه‌فریقا بكه‌ونه ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینه‌وه، واته دوای ماوه‌یه‌ك كاتێك به‌خۆیان ده‌زانن قه‌رزێكی زۆریان له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه بوو، به‌ڵام وانگ یی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین گه‌شتێكیدا بۆ وڵاتانی ئه‌فریقا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئه‌فریقا ناخاته ته‌ڵه‌ی قه‌رزه‌وه‌و به رۆژنامه‌نووسانیشی راگه‌یاند، مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵه‌ی قه‌رزی چینی، ئه‌و كه‌سانه دایانهێناوه كه نایانه‌وێت ئه‌فریقا پێش بكه‌وێت، له راستیدا ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت پێی بوترێ ته‌ڵه، ئه‌وا هه‌ژاری و دواكه‌وتوویی ته‌ڵه‌یه.
هه‌ندێك وڵات ناتوانن قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه
شاره‌زایانی بواری ئابووری باس له‌و پڕۆژه گه‌ورانه ده‌كه‌ن كه چین بۆ نموونه له لاۆس جێبەجێیان ده‌كات، ئه‌وان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه پڕۆژه‌كانی زۆر به‌سوودن له رووی ئابوورییه‌وه، به‌ڵام پرسیاری ئه‌وه‌یان لا دروست بووه، داخۆ لاۆس كه وڵاتێكی هه‌ژاره چۆن ده‌توانێ قه‌رزه‌كانی چین بداته‌وه كه له سه‌رو ملیار دۆلاره‌وه‌یه. نموونه‌یه‌كی دیكه له‌و قه‌رزانه، سریلانكایه، كه له 2017دا نه‌یتوانی قه‌رزێكی یه‌ك ملیار‌و 400 ملیۆنی بداته‌وه، بۆ دروست كردنی به‌نده‌رێك، له‌به‌ر ئه‌وه ناچار بوو بۆ 99 ساڵ به كرێ بیدات به كۆمپانیایه‌كی چینی.
عیراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتێكی خاوه‌ن نه‌وته‌و ئێستا رۆژانه سێ بۆ چوار ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات و له پلانیشیدا هه‌یه تا ساڵی 2027 هه‌نارده‌ی نه‌وتی بگه‌یه‌نێته شه‌ش ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا، به وڵاتێكی هه‌ژار ئه‌ژمار ناكرێت و ره‌نگه بتوانێ قه‌رزه‌كانی بداته‌وه، به تایبه‌ت كه پڕۆژه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی له ژێر ناوی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراكدایه، به‌ڵام ئه‌مه له كاتێكی ئاسایی‌دا ده‌بێت و ئه‌و كاته ئه‌م قسه‌یه راسته كه عیراق سه‌قامگیریی سیاسیش به‌خۆوه ببینێت، چونكه سه‌قامگیریی سیاسی پاڵپشتی سه‌ره‌كییه بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و ئه‌گه‌ر دۆخی سیاسی عیراق به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بێت، كه خه‌ریكه هه‌ر به ته‌واوی له گرێژه‌نه ده‌چێت، نه ده‌توانێ هه‌نارده‌ی نه‌وتی زیاد بكات و نه توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیشی ده‌بێت.
ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر
ئاشكرایه كه نائارامی سیاسی جگه له‌وه‌ش خه‌ڵكێكی زۆر ده‌كاته قوربانی توندوتیژییه‌كانی، ده‌بێته هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیش و ئه‌و پڕۆژانه‌ی له چوارچێوه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانیشدا تا ئێستا جێبه‌جێ كراون، ره‌نگه به‌شێكی زۆریان به هۆی شه‌ڕو نائارامییه‌كانه‌وه وێران بكرێن و ئه‌و كاتیش عیراق سه‌ر له‌نوێ ده‌گڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ش له خاڵی سفره‌وه، بۆ هیچ وڵاتێك ئاسان نییه، ئه‌وجا ئه‌و وڵاته ئه‌گه‌ر عیراقیش بێت كه ساڵانێكی زۆر به ده‌ست شه‌ڕو تیرۆر‌و گه‌نده‌ڵی و نه‌سازان و ململانێی سیاسییه‌وه ده‌ناڵێنێت و تا ئێستاش نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك ئاو‌و كاره‌باو په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی به ته‌واوی بۆ هاووڵاتیانی دابین بكات.
سه‌رچاوه:
شبكه النبأ المعلوماتیه