راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، تەئكیددەكاتەوە كە رەزامەندیی خەڵك لەسەروو هەموو شتێكەوەیە، چیتر رەزامەندیی خەڵك ناكرێتە قوربانی كەمتەرخەمیی هیچ بەرپرسێك، بۆ ئەوەش داوایكردووە كە پێویستە بەزووترین كات بەڕێوەبەرایەتییەكان پێداچوونەوە بكەن بە چۆنێتی راپەڕاندنی كاروبارەكانی هاووڵاتیاندا، بەشێوەیەك زۆرترین ئاسانكاریی تێدابێت.
«رووبەڕووی هەر كەسێكیش دەبمەوە كە بۆ كاری نایاسایی فشار بخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكان و دەستوەردان لە كارەكانیاندا بكەن»
ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆك وەزیران، دوای ئەوە هات كە وەبەرهێنەران لە سنووری سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا گلەیی و داواكارییەكانیان خستبووەڕوو، كە مامەڵەكانیان وەك پێویست رایی ناكرێت. بۆ ئەوەش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە و دوای خستنەڕووی نیگەرانیی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیانی سنوورەكە، ئاگاداری كردنەوە لەوەی «لێرە بە دواوە هیچ جۆرە خەمساردی و كەمتەرخەمییەك لە هیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێك قبووڵ ناكرێت، بۆ ئەوەش تیمێكی چاودێری پێكهێناوە و خۆی سەرپەرشتی دەكات». هەروەك هەموو جۆرە پشتگیرییەكیشی بۆ دووپاتكردنەوە كە «بۆ هەر كارێكی باش، كە خزمەت بە هاووڵاتیان بكات، بە تەواوی توانامەوە پشتیوانتان دەبم و رووبەڕووی هەر كەسێكیش دەبمەوە كە بۆ كاری نایاسایی فشار بخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكان و دەستوەردان لە كارەكانیاندا بكەن».
هەنگاوەكان بەئاڕاستەی خزمەتكردنی خەڵك و بوژاندنەوەی كەرتە جۆراوجۆرەكانە
ئەم كۆبوونەوەیەی جێگری سەرۆكی وەزیران لەگەڵ لێپرسراوانی حكومی لە سنووری سلێمانی و دەركردنی چەند بڕیارێك بە سوودی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران و بە ئاڕاستەی بوژاندنەوەی كەرتی ئابووری و بازاڕ و رەخساندنی هەلی كار، بۆتە جێگای خۆشحاڵی هەموان و تەئكیددەكرێتەوە كە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە لەلایەن دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەتەوە، دەرئەنجامی گەورە و گرنگی دەبێت. داواش دەكرێت هەنگاوەكان بەئاڕاستەی خزمەتكردنی خەڵك و بوژاندنەوەی كەرتە جۆراوجۆرەكان بەردەوامییان هەبێت و بەدواداچوونیش بكرێت بۆ چۆنێتی راپەڕاندنی مامەڵەكان.
لەبارەی كۆبوونەوەكەی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی، رایگەیاندووە: كۆبوونەوەكە و بڕیارەكانی كە دران، زۆر گرنگ بوون، هیوادارین لە قۆناغەكانی دواتردا بەدواداچوونی بەردەوام بكرێت، وتیشی: وەك وەبەرهێنەران، گلەیی و گازندەیەكی زۆرمان هەبوو لەسەر ئەو چەقبەستووییەی كە لەڕووی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازیی و بازرگانییەوە لەم سنوورەدا هەیە، بەڵام ئێستا ئومێدمان هەیە و چاوەڕێ دەكەین كە لە ئایندەدا گەشەی ئابووری لە سنووری سلێمانی دروست ببێتەوە و ئەو بازرگانانەی كە نیگەران بوون بەتایبەتی لە مامەڵەی دەروازە سنوورییەكان، بگەڕێنەوە و پڕۆژە و جووڵە بازرگانییەكانیان دەستپێبكەنەوە.
هەمووان بە ئومێدەوە پێشوازیی لێدەكەن
هەر لەو بارەیەوە، هونەر مەحمود بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان، لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردووە بڕیارەكانی چەند رۆژی رابردووی جێگری سەرۆك وەزیران، جێگەی دەستخۆشییە و هەموان بە ئومێدەوە پێشوازیی لێدەكەن و وایدەبینن كە لە سۆنگەی خەمخۆرییەوەیەتی بۆ سنووری سلێمانی و ئیدارەكانی ناوچەكە و بوژاندنەوەی كەرتە جۆراوجۆرەكان.
هەروەها، دیار شێخ غەریب بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی، تەئكیدیكردۆتەوە كە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، تایبەتە بە بوژانەوەی كەرتی ئابووری لە پارێزگای سلێمانیدا، كە لەم كاتەدا گرنگییەكی ئێجگار زۆری هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن بەشێوەیەكی ئازادانە كارەكانی خۆیان بكەن، كە دواجار دەبێتە خزمەتێكی بەرچاو بۆ پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی گشتی.
لێكەوتەی بڕیارەكان لە میدیا و سۆشیال میدیا
هاووڵاتیان لە میدیا و سۆشیال میدیا، بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی وەك حكومەت و جووڵە و هەوڵەكانی یەكێتی وەك حزب، بە ئەرێنی وەسفدەكەن و پێشوازییەكی زۆری لێكراوە. داواشدەكەن یەكێتی بەردەوامبێت و سۆشیال میدیا و بۆچوونی هاوڵاتیان بەهەندوەربگرێت لەسەر هەر كارێك كە دەیکات و هەنگاوەكانیش بچنە خانەی خزمەتكردنی خەڵكەوە. تەئكیدیشدەكەنەوە كە پێویستە یەكێتی لە هەموو ئاست و ناوەندەكاندا بەردەوام بێت لە چاكسازی و خزمەتكردنی چینوتوێژەكان.