پاکستان، قوربانییەکی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە جیهاندا

10:35 - 2022-09-08
ڕاپۆرت
1081 جار خوێندراوەتەوە
قوربانیانی لافاو لە پاکستان

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کەشوهەوای جیهان بە جۆرێکی ترسناک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەندێک وڵاتی جیهان رووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی هەژار و تازەپێگەیشتوو، کە هیچ رۆڵێکیان لە پیسبوونی ژینگەشدا نییە، بەڵام ئەوان باجی گەورەی ئەم گۆڕانکارییە خراپەی  کەشوهەوای جیهان دەدەن. یەکێکیش لەو قوربانیانە پاکستانە. 
بەهۆی لافاوەوە،نزیکەی 3/1 خاکی پاکستان کەوتۆتە ژێر ئاوەوەو تائێستا نزیکەی 1150 کەس کوژراون و  33 ملیۆن پاکستانیش ئاوارە بوون و یەک ملیۆن ماڵ  رووخاوە و پێویستیان بە یارمەتییە. بەرپرسانی پاکستانیش باس لە کارەساتێکی گەورە دەکەن کە رووبەڕووی وڵاتەکەیان بۆتەوە و زیانەکانیش بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەربۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان داوای هاوکارییکردنی  پاکسان دەکەن. وەزیرێکی پاکستانیش، داوای قەرەبوو لە دەوڵەتە پیشەشازییە گەورەکانی جیهان دەکات و ئەوان بە تاوانباری سەرەکی تێکچوونی کەشوهەوای جیهان دادەنێت، چونکە پاکستان تەنها بە رێژەی 1 % ژینگەی جیهان پیس دەکات. 

لافاوەکە سروشتی نییە
لەمبارەیەوە ئەنتۆنیۆ گوترێز سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ئەم لافاوەی پاکستان  زۆر لە لافاوی سروشتی زیاترە. داواشیکرد کە جیهان  بە هانای گەلی پاکستانەوە بچێت، چونکە زۆر پێویستیان بە هاوکارییە. هەربۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕی 160 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکارییکردن و یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی پاکستان تەرخان کردووە.  راشیگەیاند، ئەم بڕە پارەیە بۆ هاوکارییکردن و یارمەتیدانی نزیکەی 5.2 ملیۆن ئاوارەیە، کە پێویستیان بە هاوکاریی خۆراک و پزیشکی و ئاوی پاک هەیە. 
بەپێی لێکۆڵینەوەی دەزگا حکومییەکان بێت، ئەم لافاوە وەکو  لافاوەکەی ساڵی 2010 یە، کە نزیکەی دوو هەزار کەس بوونە قووربانی. 

باشووری ئاسیا قوربانی  گۆڕانکاری کەشوهەوایە
هەر لەمبارەیەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان  لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند:  ناوچەکانی باشووری ئاسیا، بوونەتە خاڵێکی گەرم بۆ کێشە و گرفتەکانی کەشوهەوا، بە جۆرێک کە خەڵکی لەچاو ساڵانی پێشوودا، زیاتر مەترسی مەرگیان لەسەرە. راشیگەیاند: با هەموومان پێکەوە هەوڵ بددەین، وێرانکردنی هەسارەکەمان رابگرین، هەموو ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە تووشمـان دەبێت. ئەمڕۆ پاکستانە، پێدەچێت سبەی وڵاتەکەی خۆتان بێت.» 

33 ملیۆن پاکستانی ئاوارە بوون
بەپێی وتەی بەرپرسە پاکستانییەکان بێت، نزیکەی سێ بەشی پاکستان کەوتۆتە ژێرباری نقوم بوونەوەو وێران بووە، هەرئەمەش وایکردووە کە  نزیکەی  33 ملیۆن پاکستانی ئاوارەبن. جێگەی ئاماژەیە ئەم لافاوە بۆتە هۆی  وێرانکردنی نزیکەی 3500 کم رێگاوبان و رووخانی 160 پرد و  لەدەستدانی یەک ملیۆن خانووی هاووڵاتییان. ئەمەش هێندەی تر کارەساتەکەی گەورەتر کردووە، چونکە رێگەکان رووخاون ناتوانرێت هاوکاریی و یارمەتییەکان بگەینرێتە لای خەڵکی لێقەوماو، تەنها لەرێگەی فڕۆکەوە دەتوانرێت هاوکارییەکان بگەینرێتە ئاوارەکان، ئەمەش کارێکی زەحمەتە.

پاکستان تەنها %1 ی ژینگە پیس دەکات
لە لایەکی ترەوە وەزیری ژینگەی پاکستان شیری رەحمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ئەمەی ئێستا روو دەدات، کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە ئەمیش بەهۆی پسیبوونی ژینگەوە دروست دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدا پاکستان لە رووی پیشەشازییەوە وڵاتێکی دواکەوتووە، کەمترین رێژەی  ژینگەی جیهانیش پیس دەکات، کە ناگاتە  رێژەی 1 % پیسبوونی ژینگەی جیهان. لەهەمانکاتدا یەکێکە لەو 10 دەوڵەتەی جیهان، کە گەورەترین رێژەی  گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بەردەکەوێت. 
ئەمەش بۆتە مایەی نیگەرانی لای زۆربەی پاکستانییەکان، چونکە ئەوان دەوڵەتە پیشەشازیییە گەورەکان بە تاوانباری سەرەکی دادەنێن لەبەرامبەر پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. پاکستانییەکانیش بوونەتە قووربانی سیاسەتی زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان. 

دەبێت دەوڵەتە گەورەکان قەربوومان بکەنەوە
لەلایەکی ترەوە ئیحسان ئیقبال وەزیری پلاندانانی  پاکستانی بە میدیاکانی راگەیاند: ئەم کارەساتە گەورەیە، زەرەروزیانێکی ئێجگار گەورەی بە پاکستان گەیاندووە کە دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار. راشیگەیاند: ئێمە هیچ تاوانبار نین لە بەرامبەر پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، تاوانباری سەرەکی وڵاتە گەورەکانن، ئەوان ژینگە پیس دەکەن و ئێمەش باجەکەی دەدەین. وتیشی: پێویستە وڵاتە گەورەکان قەرەبووی ئەمەمان بۆ بکەنەوەو ئەو ماڵ و رێگەوبان و  کێڵگانەمان بۆ ئاوەدان بکەنەوە، کە بە هۆی لافاوەکەوە هەمووی وێران بووە.

زیادبوونی کێشەکانی پاکستان
ئەم لافاوە لە رووی ئابوورییەوە گورزێکی کوشندەی لەم وڵاتە داوە، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر بەدەست کێشەی هەڵاوسانی ئابووریی و کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی گرانبەها بەتایبەتی دۆلار دەیناڵاند. ئەم لافاوەش هێندەی تر کێشەکانی پاکستان زیاتر دەکات. بەهۆی لافاوەکەوە بەشێکی زۆری بەرووبومە کشتوکاڵییەکان لەناوچوون، 35 % ی بەرهەمی لۆکە لەناوچووە، کە ئەمەش یەکێکە لە کاڵا گرنگەکانی پاکستان، کە لە رێگەیەوە دراوی بیانی دەستدەکەوێت. 
لەلایەکی ترەوە ئەم لافاوە بۆتە هۆی لەدەستدانی  700 هەزار سەر ئاژەڵ، کە بەشێکی زۆری جووتیارانیش بۆ بژێوویی ژیانیان پشت بە بەخێوکردنی ئەم ئاژەڵانە دەبەستن، ئەمەش هێندەی تر رەوشی ژیانی جووتیارە هەژارەکانی پاکستان ئاڵۆزتر دەکات.
جگەلەوەش ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، هێندەی تر رەوشی ئابووریی و سیاسی پاکستان خراپتر دەکات. ئەمڕۆ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خۆراک و دەرمان، پاکستان پێویستی بە 3 ملیار دۆلارە بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان، ئەمەش لەکاتێکدا ئەم وڵاتە بە دەست کەمی دراوی گرانبەهاوە دەناڵێنێت. هەرچەندە سندوقی دراوی جیهانی، رەزامەندی دەربڕیوە کە بڕی 1.16 ملیار دۆلار بداتە پاکستان، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم کارەساتە و هاوکارییکردنی خەڵكی ئاوارەو لێقەوماو. 

جیهان و کێشەکانی ژینگە
راستە کۆمەڵێک هۆکار لە پشت دروستبوونی لافاوەوەن، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان، دەبێتە هۆی بارانبارینی بە خوڕ و پاشانیش دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو.  جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتای شۆڕشی پیشەشازییەوە پلەی گەرما بە رێژەی  1.2  بەرزبۆتەوە، ئەمەش  دەبێتە هۆی دروستبوونی  کارەساتی سروشتی و لە هەندێک وڵات دەبێتە هۆی پەیدابوونی بێ بارانیی و وشکە ساڵی و لە هەندێکی تریش دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی گەورە. ئەم تێکچوونەی ژینگەش زیاتر پەیوەندیی بە پیشەشازی بوونی جیهان و  پسیبوونی ژینگەوە هەیە، کە هەتا ئەمڕۆش هیچ چارەسەرێکی ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە. 

سەرچاوەکان:
وزیر التخطیط الباكستانی: أضرار الفیضانات تتجاوز الـ 10 ملیارات دولار. .. www. .ahram.org.eg
فیضانات باكستان: وزیرة المناخ تقول إن ثلث مساحة‌ البلاد غرق بالكامل. www.bbc.com/arabic

#لافاو #پاکستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان