سەرچاوە: رۆیتەرز - ئەلعەرەبییە
دوای دوو هەفتە لە بۆردومانكردنی چەند ئامانجێك لە شاری هەولێر لە هەرێمی كوردستانی عیراق، بەرپرسانی عیراقی و بیانی وردەكاریی نوێ لە بارەی ئەو پرۆسەیەوە ئاشكرا دەكەن.
هەندێك بەرپرسی عیراقی و توركیا پێیانوایە پڕۆژە تازەكەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ئەوروپا بە هاوكاریی ئیسرائیل، بۆتە مایەی تووڕەبوونی ئێران و هانیداوە بۆ ئەوەی بە موشەكی بالیستی هێرشی بكاتەسەر.
ئەو بەرپرسانە لەم هەفتەیەدا بە مەرجی ئاشكرا نەكردنی ناوەکانیان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هێرشەكەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، پەیامێكی چەند لایەنە بووە بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بەڵام هاندەری سەرەكی بریتیی بووە لە پلانی هەناردەكردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا و ئەوروپا بە هاوكاریی ئیسرائیل.
وەک ئاماژە بە ڤێللاکە
هاوكات، بەرپرسێكی ئەمنیی عیراقی ئاشكرایكردووە، لەم ماوەیەی رابردوودا دوو كۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی كاروباری وزە و پسپۆڕانی ئیسرائیلی و ئەمریكایی لە ڤێللایەكی هەولێردا كراوە (وەك ئاماژە بۆ ئەو خانووەی كرایە ئامانجی هێرشەكەی ئێران) بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی هەناردەكردنی غاز لە كوردستانەوە بۆ توركیا لە رێگەی هێڵێكی گواستنەوەی نوێوە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی عیراق و بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكایی ئەوەشیان خستۆتەڕوو، باز كەریم بەرزنجی، ئەو کەسەی ماڵەکەی كرایە ئامانجی موشەكەكانی ئێران، خەریكی كاروبارەكانی راكێشانی بۆریی گواستنەوەی غازەكە بووە.
بۆچی ئەو شوێنە کرایە ئامانج؟
بەرپرسە ئەمنییەكەی عیراق روونیشیكردەوە، لانیكەم دوو كۆبوونەوەی تایبەت بە هەناردەكردنی غازی كوردستان بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی ئەمریكایی و ئیسرائیلی لەو ڤێللایەدا كراوە كە گوایە باز بەرزنجی تێیدا نیشتەجێیە، هەر ئەوەش ئەوە رووندەكاتەوە كە بۆچی ئەو ڤێللایە بۆتە ئامانجی موشەكەكانی ئێران.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بەرپرسێكی حكومیی عیراق و دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی لە عیراق تەئكیدیان كردۆتەوە كە باز بەرزنجی بەوە ناسراوە كە بەردەوام لە ماڵەكەیدا میوانداریی بەرپرسان و خاوەنكارانی بیانی دەكات كە هەندێكیان ئیسرائیلین.
ئاماژە بە چەند کۆبوونەوەیەک دەکرێت
لە لایەكی دیكەوە، دوو بەرپرسی توركیا ئەو زانیاریانەیان پشتڕاست كردۆتەوە كە لەم ماوەیەی رابردوودا بە بەشداریی كەسانی ئەمریكایی و ئیسرائیلی چەند كۆبوونەوەیەك كراوە بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی لە عیراقەوە بۆ توركیا و ئەوروپا، بەڵام زانیارییان لە بارەی شوێنی كۆبوونەوەكانەوە ئاشكرا نەكردووە.
یەكێكی تر لە بەرپرسانی توركیا راشیگەیاندووە، کاتی هێرشەكەی سەر هەولێر جێگەی سەرنجە، پێدەچێت زیاتر پەیامێك بێت بۆ دۆسێی هەناردەكردنی وزە لە باكووری عیراق و ئەگەری بەشداریكردنی ئیسرائیل تێیدا.