هەفتەی پشتگیریكردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان

یەكێتیی ژنان بۆ قوباد تاڵەبانی: بە تەنیا نیت... لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاریی ژنكوژان

10:14 - 2022-09-15
ڕاپۆرت
951 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ

جەمال سەرگەتی

دوێنێ لە سلێمانی، یەكێتیی ژنانی كوردستان، هەفتەی پشتگیریكردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان راگەیاند و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا پشتگیرییان بۆ قوباد تاڵەبانی دووپاتكردەوە و ئاماژەیان بەوەدا «بە تەنیا نیت... لەگەڵتاین بۆ بەرەنگاریی ژنكوژان».
لە چەند رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە پەیامێكدا ئەوەی خستەڕوو كە «بنەبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان، پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە»، راشیگەیاندووە: «ناهێڵین بكوژەكان بە ئازادی و بە ئیسراحەت بێن و بڕۆن. خوا وەكیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم».
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە هەفتەی پشتگیریكردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، كافیە سلێمان سكرتێری یەكێتیی ژنانی كوردستان، رایگەیاند: وەك یەكێتیی ژنانی كوردستان، لە رێگەی ئەم كەمپین و هەڵمەتەوە پشتگیری لەو هەڵوێستە بوێرانەیەی قوباد تاڵەبانی دەكەین كە بۆ پشتیوانیكردن لە ژنان و روبەڕوبوونەوەی ژنكوژان و گەیاندنیان بە سزای یاسایی، گرتوویەتییەبەر. وتیشی: مەبەستمانە رێكخراوەكانی ژنان و مافی مرۆڤ و یاساناسان، دادوەران، داواكاری گشتی، مامۆستا، خوێندكاران، فەرمانبەران، پیشەوەران هەموو ئەوانەی دژی كوشتنی ژنانن و داوای سزای یاسایی بۆ بكوژ دەكەن، لەم هەڵمەتەدا لەسەرخەت بن لەگەڵماندا.
لەبارەی هەڵمەتەكەشەوە، وتی: هەڵمەتەكەمان پێكدێت لە چەند چالاكییەكی فرەڕەنگی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و هونەری و كەلتوری و میدیایی و هەموو چالاكییەكانیش پاڵپشتییە بۆ هەنگاوەكانی قوباد تاڵەبانی و گەیەنەری ئەو ئامانجانەش دەبن كە مەبەست لێیان روبەڕوبوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان و بەسزاگەیاندنی ژنكوژانە، وتیشی: لە ماوەكانی رابردوودا لە چەندین تاوانی ژنكوشتن و توندوتیژیی دژی ژناندا، دەستتێوەردانی لابەلا هەبووە لە كەیسەكاندا، ئێمەش بەهەموو شێوەیەك دژی ئەو دەستتێوەردانانە وەستاوینەتەوە، ئێستاش كە جێگری سەرۆك وەزیران هاتۆتەسەر خەت ئەوە گەورەترین پشتیوانییە بۆ ئامانجەكانی ئێمە و رێكخراوەكانی ژنان بەتایبەتی، كە چیتر سوڵحی عەشایەری و رێكەوتن و كەسانێك نەتوانن دەستوەردان لە كەیسەكاندا بكەن و بەلاڕێیاندا ببەن.

بانگهێشتنامەی یەكێتیی ژنانی كوردستان
هەروەها، یەكێتیی ژنانی كوردستان لە بانگەوازێكدا سەرجەم ژنان و رێكخراوەكانی ژنان، كۆمەڵی مەدەنی، مافی مرۆڤ، كەسایەتی، یەكسانیخوازان، بانگهێشت دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ هاوهەڵوێستی و هەڵمەتی نەهێشتنی ژن كوشتن و توندوتیژی.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/9/2022 سەعات 3:30 دەقیقەی  پاشنیوەڕۆ لە تەلاری تەوار لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

«پاڵپشتییەكان بۆ ئێمەی ژن زۆر گرنگە»
لەبارەی هەڵمەتەكەشەوە، لەیلا عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی سلێمانی یەكێتیی ژنانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەرچەندە لە چەندین ئاستی حكومی و رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنییەوە هەڵمەتەكانی هوشیاری و هەوڵەكان بۆ كەمبوونەوەی رووداوەكان و توندوتیژیی دژ بە ژنان دراون و لەئارادان، بەڵام بەداخەوە توندوتیژییەكان دژ بە ژنان، رۆژانە روو لەزیادبوونن. سەبارەت بە پاڵپشتییەكانی قوباد تاڵەبانی-ش، وتی: هەڤاڵ مام جەلال، هەمیشە پاڵپشتێكی بەهێزی ژن و مافەكانیان بوو، ئێستاش قوباد تاڵەبانی لە هەموو ئاستەكاندا و لە چەندین قۆناغدا، پاڵپشتی بۆ مافەكانی ژنان دەربڕیوە كە ئەوەش بۆ ئێمەی ژن زۆر گرنگە. تایبەت بە هەڵمەتەكەشیان، وتی: چەندین بكوژی ژن بەئازادانە دەسوڕێنەوە، ئەوەش جێگەی داخێكی گەورەیە بەتایبەتی بۆ كەسوكاری كوژراوەكان، بۆیە وەك رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵی مەدەنی هەڵمەتێكی یەك هەفتەییمان راگەیاندووە و مەبەستی سەرەكییش لێی ئەوەیە تۆمەتباران و بكوژانی ژنان سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

«رێگەنەدرێت داڵدەی تاوانباران و بكوژانی ژن بدرێت»
هاوكات، كنێر عەبدوڵڵا چالاكی بواری ژنان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، تەئكیدیكردەوە كە رێكخراوەكانی ژنان دڵخۆشن بە پاڵپشتییەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران تایبەت بە مافەكانی ژن و بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هاوكارین، گرنگیشە وەك چۆن جێگری سەرۆك وەزیران پاڵپشتی مافەكانی ژنە، بەرپرسانی دیكەش بەهەمان شێوە پاڵپشتی مافەكانی ژن بن و رێگەنەدرێت داڵدەی تاوانباران و بكوژانی ژن بدرێت. «داوادەكەم ئەم پاڵپشتییەی قوباد تاڵەبانی بۆ ژنان، بەردەوامبێت و كاری زیاتری لەسەر بكرێت، تا تاوانباران دەستگیربكرێن و بە سزا بگەیەنرێن، بەدڵنیاییشەوە هۆكارێكی زۆر باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی تاوانەكان بەرامبەر ژنان».

«پاڵپشتییەكی زۆر بۆ هەنگاوەكەی قوباد تاڵەبانی هەیە»
هەر سەبارەت بەو باسە، هانا شوان چالاكی بواری مافەكانی ژن، پێیوتین: ئەوەی جێی دڵخۆشییە لە راگەیاندنی ئەم هەڵمەتەدا تەنها رێكخراوەكانی مافەكانی ژن ئامادەنەبوون، بەڵكو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیش ئامادەبوون، هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش پاڵپشتییەكی زۆر بۆ هەنگاوەكەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، هەیە. وتیشی: رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ، وایدەبینن ئەم هەنگاوەی قوباد تاڵەبانی هۆكارێكی زۆر باش بێت كە رێگریی لە پێشێلكردنی مافەكانی ژن بكات و تاوانەكانی ژنكوشتن بەڕادەیەكی زۆر كەمبكاتەوە.

#یەكێتیی ژنانی كوردستان #بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان

بابەتە پەیوەندیدارەکان