شاهۆ عوسمان سەید قادر
سهرهتای دروستبوونی پردی پهیوهندی ئینگلیزهكان بهكوردهوه لهسۆنگهی گهشتیاره ئینگلیزهكانهوه سهریههڵداوه، كه بهردهوام وەکو رۆژهەڵاتناس سهردانی ناوچهكهیان كردووه بهتایبهتی لهسهدهی نۆزدهیهمدا.
نووسین و یاداشتی رۆژهەڵاتناسەکان زۆرە لەسەر کورد و کوردستان، بەلام ئەوەی بەلای بەندەوە گرنگە و جێگەی بایەخە یاداشتەکانی هەر دوو کەسایەتی بەریتانی (ریچ و سایکس)ە.
دهسپێكی ئهم گهشتانه پاش دروستكردنی خانهی نیشتهجێبوونی كۆمپانیای«هیندی رۆژههڵات» لهبهغدا لهساڵی1806 بەشێوەیەکی بەرچاو ئاشكرابووه، لهوكاتهوه سهردانی ئینگلیزهكان بۆ كوردستان و سلێمانی زیادی كردووه و وەکو رۆژهەڵاتناس دهركهوتوون.
وەکو ئەوەی «مستەرریچ» بهرپرسی كۆمپانیاكه بووه گهشتی چهند جاره و دورودرێژی به كوردستاندا كردووه، پهیوهندی لهگهڵ كوردهكاندا دامهزراندوه، چهند جارێك سهردانی سلێمانی كردووه و ماوهتهوه و یاداشتهكانی بهشێكی گرنگی مێژووی ئهو سهردهمەی کوردستانە.
لهسهرەتای سهدهی نۆزدهیهمدا ئینگلیزهكان ههندێك كونسوڵگهریان لهشارهكانی كوردستان كردۆتهوه وهكو له «ورمێ و وان».
بەداخەوە ئهو پهیوهندییە نەرێنیەی ئینگلیزهكان هەیانبووە لەگەڵ دهسهڵاتدارانی ناوچهكه كاریگهری و لێكدانهوهی نەرێنی و دژواری كردۆته سهر بڕیاردانیان لهسهر پاشهڕۆژی كورد. کاتێک راستەوخۆ بەریتانیەکان دەسەڵاتیان بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا گرتووە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم. لە سۆنگەی ئهوهی له كتێبی «خالفین: الصراع، ص27-29. «نوسهر ئاماژهی بۆ كردووه.
جگه لهوهی چهندین رۆژهەڵاتناسی وهكو سایکس، سی. جی. ئهدمۆنز، ئی. بی. سۆن، بیل، برسی كوكس، ئەرنولد تی ویلسن، نوئیل... لهسهرەتای سهدهی رابردوو لهم ناوچهیه كاریان كردووه.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە رۆژهەڵاتناسە بەریتانیەکان پێش سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم بەدەیان ساڵ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر کورد و خاکی کوردستان. وەکو ئەوەی دەڵێن کوردیان باش ناسیووە.
بۆ نمونە کەسایەتێکی وەکو(سایکس) بە داڕێژەری پەیماننامەی سایکس بیکو لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا دادەنرێت، بەشدار و بڕیاردەری رێکەوتننامەیەک بووە لەسەر ناوچەکە و کوردستانی بەشکرد، کورتەیەکی لەسەر ئەدوێم چونکە راپۆرتەکانی رۆلی کاریگەری بۆ چارەنووسی گەلی کورد هەبووە. لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو ئینگلیزانە بۆ بەرژەوەندی و سیاسەتی بەریتانیا کاریان کردووە، نەک رەچاوکردنی مافی گەلی کوردستان.
رۆژهەڵاتناسەکان تەنها کوردیان بەکارهێناوەو وتوێژیان لەگەڵ کردوون بۆ کات بەسەربردن و وەرگرتنی زانیاری پێویست.
بەداخەوە لەناو میللەتدا هەندێک لەخوێندەواران وسەرۆک هۆزو عەشایری کورد خۆیان بەدۆستی بەریتانیا زانیووە...کە لەراستیدا ئەو کەسانە هیچ پێگەیەکی باشیان نەبووە لای ئینگلیزەکان.
رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی مسۆگەرە
لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم لە پایزی ساڵی 1915 بەریتانیەکان زانیان رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی مسۆگەرە، وڵاتانی هاوپەیمانان بەتایبەتی هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا بەنهێنی کەوتنە دانوستان لەسەر داهاتووی ئەم ناوچەیەی لەژێردەستی دەوڵەتی عوسمانی دابوو.
بە تایبەتی خاکی کوردستان ئەو ناوچەیەی گرتەوە کە لەسەری رێکەوتبوون لە داهاتوودا چۆن دابەشی بکەن لەنێوان وڵاتانی تازە و بەرژەوەندی خۆیاندا.
مارک سایکسی بەریتانی و جۆرج بیکوی فەرەنسی هەڵستان بەداڕشتنی پلانی ئەو دابەشکردنە، ئەم دوو کەسە سەردانی روسیایان کرد و لە مانگی نیسان و ئایار لە (بتروگراد) مانەوە، تا وەکو ئەیلولی ساڵی 1916 لەوماوەیەدا لەگەڵ روسیا رێکەوتن بەشێوەی نهێنی لەسەر داهاتووی ناوچەکە.
مارک سایکس لەساڵی1879 لە لندن لەدایکبووە، خوێندنی لە بروکسل و کامبرج و موناکۆ تەواو کردووە، خزمەتی سەربازی لەناو سوپای بەریتانیا تەواو کردووە، لە سالانی1900 بۆ1902وڵاتانی میزۆپۆتامیا و شام گەڕاوە، لە پاڵێوزخانەی بەریتانیا لە ئەستەمبوڵ کاری کردووە، ئەندامی حیزبی پارێزگاران بووە.
سایکس لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم یارمەتیدەری راوێژکاری سەربازی وەزارەتی جەنگی بەریتانی بووە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەساڵی1919 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە.
لەئەنجامی ئەو رێکەوتنە وڵاتانی تازەی وەکو سوریا و عیراق و ئوردن دروستکراوە. واتە بڕیاری داڕشتنی سنوری دەوڵەتی تازەیان داوە و پشتگیری دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای کەمالیان کردووە لە شوێنی سوڵتانی عوسمانی.
گەشتەکەی بە سواری ئەسپ کردووە
سایکس توانیویەتی هەموو کوردستانی ناو دەوڵەتی سەفەویی وعوسمانی بگەڕێت و یاداشتی زۆر شتی کردووە، گەشتەکەی بە سواری ئەسپ کردووە ماوەی 7900 میلی بڕیوە، لەو گەشتەیدا راپۆڕتێکی تێر و تەسەلی پڕ زانیاری لەسەر کورد و کوردستان نووسیوە، لەبواری کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ئابوری، ئامار، زمانی ئاخاوتن، سنوری جوگرافی شوێنی نیشتەجێبوونی نەتەوەکانی تر و هۆزە کوردییەکان و هێز و توانای مرۆیی و سەرچاوەی بژێوی خەڵکەکە و ئابوری ناوچەکە، دەستنیشانکردنی لایەنی کەلتور و رەفتاری خێڵ و تاکەکەس، شوێنی نیشتەجێبونی هەموو خێل و هۆزەکوردییەکان لە ناوچەکانی کوردستان. نەخشەی کوردستانی گەورەی کێشاوە کەچۆن دابەش بووە بەسەر دەوڵەتی سەفەوی وعوسمانیدا و هەروەها لەناو خێڵ و هۆزەکان خۆشیان کەزەوی و زاریان چەندە و هاوسنوریان چۆنە لەناوخۆدا.
لەساڵی1902بۆ 1909 راپۆرتەکەی نووسیوە، پاش دەیان ساڵ کراوەتە کتێب. کتێبێکی نایابە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەد ساڵ لەمەوبەر لەسەر کورد و کوردستان تیادایە بە زمانی ئینگلیزی و پاشان بەزمانی عەرەبی چاپکراوە چەند دانەی لە کتێبخانەی نیشتمانی بەغداد هەیە.
واتە کاتێک سایکس وتووێژ لەسەر داهاتووی کورد و کوردستان دەکات زۆر شارەزاتربووە لەهەر تاکێکی کوردی ئەو سەردەمە، چونکە هیچ کوردێک شارەزای تەواوی هەموو ناوچە کوردستانییەکان نەبووە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی و کەس نەیتوانیووە یاخود ئەو مەبەست و خواستەی نەبووە لەسەر وردو و درشتی پێکهاتەی کوردستان بنووسێت و لێکۆڵینەوە بکات، تەنانەت خواردن و جل و بەرگ و شێوەی خەڵکی ناوچەکە و ئاستی داهات و ژیانی خێڵ و هۆز و دیاریکردنی توانا و هێز و خواستی دژایەتی هۆزەکان بۆیەکتری و سنوری هەر هۆزێک ... بەداخەوە ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوەندە وردە لەسەر کورد و کوردستان تاکو ئێستا هیچ نوسەر و دامەزراوە و حیزبێکی کوردی نەیتوانیووە وا شیکار بکات.
بۆیە سایکس توانیویەتی ئەو رێکەوتنە نهێنی و دابەشکردنەی کوردستان بکات لەروسیا لەگەڵ فەرەنسیەکان. ئینگلیزەکان زیاتر شارەزای ناوچەکەبوون لە فەرەنسی و روسەکان.
دەتوانم بڵێم ئینگلیزەکان لەکاتی هاتنیان بۆ کوردستان لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا بە تەواوەتی بڕیاری سیاسی و ئیداریان نەداوە لەسەر کوردستان، کەبەشێک لە بەڵگەکانی خۆیان ئاماژەیە بۆ ئەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای چەسپاندنی بەرژەوەندی خۆیان لەناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بڕیاریان لەسەر دۆزی کورد و شێخ مەحمود داوە.
ماڵوێرانی بۆ کوردستان جێهێشتبوو
ئەوەی ئینگلیز کردویەتی ئەوە بووە گەلی کوردی لە برسێتی و نەخۆشی وهەژاری ئەو سەردەمە رزگار کردووە، رووداو و لێکەوتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دەوڵەتی عوسمانی ماڵوێرانی بۆ کوردستان جێهێشتبوو.
بەریتانیەکان کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و رێگەوبانیان بوژاندۆتەوە لەناوچەکە، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئابوری خۆیان بووە، چونکە گومرگ و باجی زۆریان دەست کەوتووە، هەروەها خەڵکی لەبرسێتی و نەخۆشی و هەژاری رزگارکردووە، بەوهۆکارە بەشێک لە خەڵکی کردۆتە خۆیی و بەکارهێناون بۆ مەبەستی سیاسی و سەربازی.
هەروەها بایەخ و برەوی داوە بەکایەی نووسین و چاپەمەنی لەسەرتاسەری میزۆپۆتامیا و سلێمانی، وەکو سەرقاڵکردن و کۆکردنەوەی خوێندەوارانی ئەو سەردەمە لەخۆیان و بەکارهێنانیان لەکایەی پڕوپاگەندە و راگەیاندن و روونکردنەوەی سیاسەتی بەریتانیا و چەسپاندنی چەند بنەمایەکی سادە و سەرەتایی لەمافی خویندن و وتوێژکردن بە زمانی دایک. .
ئەفەسەرە سیاسیەکان لەهەرناوچەیەکی میزۆپۆتامیا بوون زمانی ئەو ناوچەیەیان زانیووە و توانیویانە وتووێژ و ئاخاوتنی پێ بکەن، وەکو ئەوەی لەهاتنە ناو بەسرە بەعەرەبی وتوێژیان کردوە و کاری بڵاوکردنەوەی رۆژنامەیان کردووە، کاتێک گەشتونەتە سلێمانی بەهەمان شێوە بەکوردی و فارسی وتووێژیان کردووە لەگەڵ خەڵکدا و کاری بڵاوکردنەوەیان کردووە. ئەوەش کاریگەری دەرونی هەبووە لەسەر خەڵکی کوردستان وعەرەبستان.
ئەو هەڵوێستەی بەریتانیەکان پێچەوانەی دەسەڵاتدار و والی و خەلیفە و ئەفسەرە تورکەکان بووە کە دەبوایە خەڵکی بە زمانی تورکی وتووێژ و ئاخاوتنی لەگەڵدا بکردنایە.