«بڕیاری وەرنەگرتنی ئابوونە لە هێزی پێشمەرگە لە چەند روویەكەوە گرنگە»

ماوەی ساڵێكە بە بڕیاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئابوونە لە هێزی پێشمەرگە وەرناگیرێت

04:04 - 2022-09-18
کوردستان
863 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بە بڕیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ماوەی ساڵێكە ئابوونەی حزبی لە هێزەكانی پێشمەرگە وەرناگیرێت. فەرماندە سەربازییەكان و پێشمەرگە بڕیارەكە بە گرنگ باس دەكەن و دەستخۆشی لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەن و تەئكیددەكەنەوە كە بڕیارێكی وەها لە چەندین رووەوە گرنگە. بەپێویستیشی دەزانن كە لایەنەكانی دیكەش بڕیاری هاوشێوە بۆ پێشمەرگە دەربكەن.

بڕیاری وەرنەگرتنی ئابوونەی حزبی لە هێزەكانی پێشمەرگە لەڕۆژی 22/9/2021 دەرچووە و لەڕۆژی 1/10/2021ەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بڕیاری وەرنەگرتنی ئابوونە یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكان
لەوبارەیەوە، لیوا روكن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دوو، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو بڕیارەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، بۆ وەرنەگرتنی پارە لە پێشمەرگە بەناوی ئابوونەوە، یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە سەرۆك بافڵ دەیەوێت هەرێمی كوردستان یەك هێزی نیشتمانیی هەبێت و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بێت و ئەركی پارێزگاریكردن بێت لە خاك و نیشتمان، نەك سەر بە حزب و لایەن و كەس بێت.
گرنگیی بڕیارەكە لای هاوپەیمانان
سەبارەت بە گرنگییەكانی بڕیارەكەش، وتی: لایەنێكی زۆر گرنگی بڕیارەكە ئەوەیە كە لەلای هاوپەیمانان دەتوانین بڵێین هێزەكەمان هێزی نیشتمانییە و سەر بە حكومەتی هەرێمە، بەڵام كە هێزی پێشمەرگە ئابوونەی حزبی لێوەرگیرا یان هەر جۆرە مامەڵەیەكی حزبی لەگەڵ كرا، دەبێتە نیشانەیەكی پرسیار لای هاوپەیمانان و ئەو هێزانەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی دا دەكەن. وتیشی: هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بەگرنگ و پێویستی دەبینن سەر بە حكومەت و هێزێكی كۆكراوەی نیزامی بن و ئەركیان پارێزگاریی بێت لە خاك و نیشتمان و میللەتەكەیان، بۆیە دەبێت وەها كارێك بكرێت و بڕیارێك بدرێت كە بچنە چوارچێوەی یەك هێزی پێشمەرگەی هەرێمەوە، بەنموونەش بڕیاری وەرنەگرتنی ئابوونە لە هێزی پێشمەرگە ئەو ئامانجە دەهێنێتە دی و جێگای دەستخۆشییە و بۆ هەموو لایەنەكان گرنگی خۆی هەیە.

لە بڕیارەكەدا بەها و گرنگیی پێشمەرگە لەپێشچاو گیراوە
هەر سەبارەت بە گرنگیی بڕیارەكە، كاوە محەمەد قادر پێشمەرگە لە هێزەكانی پشتیوانی دوو، وتی: ئەو بڕیارەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ وەرنەگرتنی ئابوونە لە هێزەكانی پێشمەرگە، لە چەندین رووەوە بڕیارێكی گرنگە بۆ پێشمەرگە، نزیكەی ساڵێكە بڕیارەكە دراوە و هەنگاوێكی باش و دروستە و جێگەی دەستخۆشییە، بەشێوەیەكی گشتیش وایدەبینین كە لە بڕیارەكەدا بەها و گرنگیی پێشمەرگە لەپێشچاو گیراوە بە پلەی یەكەم، هەروەها لەڕووی مادییەوە خزمەتێكی باشە و چەندین لایەنی گرنگی دیكەشی هەیە.

گرنگییەكەی تەنها لەڕووە مادییەكەیەوە نییە
هەروەها، هیوا ئیبراهیم پێشمەرگە لە هێزەكانی پشتیوانی دوو، ئەوەی دووپاتكردەوە كە  وەرنەگرتنی ئابوونە لە هێزەكانی پێشمەرگە، گرنگییەكەی تەنها لەڕووە مادییەكەیەوە نییە، بەڵكو لەڕووی دەروونیشەوە گرنگە و دەبێتەمایەی دڵخۆشیی پێشمەرگە.

# هێزی پێشمەرگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان