لە پەیامێكدا بۆ پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، رایدەگەیەنێت: كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی عیراق، ناخۆشییەكی زۆر و ئازارێكی قووڵ بوو، بەتایبەتی لەكاتێكدا بوو كە وڵات بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕی. «بوونی سەركردەی مەزن زۆر گرنگە، لەدەستدانیان زۆر بە ئازارە. لەهەر كوێیەك بین و لەهەر بۆنەیەكدابین، دەبێت بەیادیان بهێنینەوە».
لە پەیامەكەدا، دەڵێت: كەسایەتیی مام جەلال زۆر تایبەت و كاریگەر بوو لە گۆڕەپانی كوردی و عیراقی و نێودەوڵەتیدا، توانیبووی بە بیركردنەوەیەكی پێشكەوتووانە، ناخۆشترین و قورسترین كاتەكان تێپەڕێنێت و قۆناغێكی تر لە كاری سیاسی بنیاتبنێت، لە ئاستی كورددا سەرۆكێكی ئیلهامبەخش بوو، خۆشەویستی نەتەوەكەی بوو، هەمیشە بەرگریی لێدەكردن.
سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە «سەرۆك مام جەلال، بۆ یەك رۆژیش وازی لەوە نەهێنا كە ئەو سەركردەیەكی نیشتمانییە و كاری بۆ سەرجەم عیراقییەكان دەكرد بەبێ جیاوازی، بەهۆی ئەو باوەڕە نیشتمانی و ئایینی و سیاسی و مەزهەبییەوە كە هەیبوو، پارێزگاری لەو ناسنامە عیراقی و كوردییەی دەكرد كە هەیبوو، ئەوە وایكرد ببێتە سەركردەیەكی عیراقی بە پلەی نایاب. «هەمیشە مام جەلال لە دڵ و ویژدان و مێشكی هەمووماندا دەمێنێتەوە، تا ئەوكاتەی لە ژیاندا ماوین، هەمیشە بەشانازییەوە بیر لە هەڵوێستەكانی دەكەینەوە لەهەركوێیەك بین».
لە كۆتایی پەیامەكەیدا داوا لە خۆشەویستانی مام جەلال لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، بەتایبەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها برایانی بەڕێز لە هاوپەیمانەكانی و لە پارتی و هێزە كوردستانییەكانی دیكە، توانای خۆیان یەكبخەن بۆ درێژەدان بە رێباز و باوەڕە نیشتمانییەكانی سەرۆك مام جەلال. «باوەڕم وایە رۆحی كۆچكردوو مام جەلال داوامان لێدەكات كە هەموان هەڵوێستی نیشتمانی بگرینەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشە نیشتمانییەكان».