وێنەی ژنی کورد لە گەشتنامەکەی ״کلۆدیوس جیمس ریچ״دا

10:44 - 2022-10-10
کەلتور
1794 جار خوێندراوەتەوە
#جل و بەرگی رازاوەی ژنانی کورد

ئا: سارا محەمەد عەلی 

پێشەکی
هەر کە باسی نەتەوەی کورد و سەرهەڵدانی زانستی کوردناسی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا دەکرێت، باسی ئەو کوردناسانە دەرکرێت کە سەردانی ناوچە کوردییەکانیان کردووە و لێکۆڵینەوەیان لە سەرجەم کایەکانی ژیانی کورد کردووە و زانیاریان لەو بارەیەوە تۆمار کردووە، جا ئەم هەوڵەیان هەر هۆکارێکی لە پشتەوە بووبێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە کۆمەڵێک زانیاریی باشیان لەبارەی کوردەوە تۆمار کردووە. یەکێک لەو کوردناسەنە کە هاتۆتە ناوچە کوردیەکان کلودیوس جیمس ریچە، ئەو کاتەی لەم ناوچەیە بووە بە وردی و وردەکارییەوە زانیاری و بیبین و بیستنەکانی خۆی تۆمار کردووە لە شێوەی یاداشتێکی رۆژانەی خۆی بە ناوی (گەشتنامەی ریچ بۆ کوردستان 1820). هەربۆیە لەو مەیدانەدا جێگەی فراوان و پێگەی گرنگی بۆ خۆی داگیر کردووە، چونکە هەر وەک خۆی دەڵێت یەکەمین ئەوروپیە سەردانی ناوچە کوردییەکانی کرد بێ  و بەو تێر و تەسەلیەوە  لە هەموو ڕوویەکەوە باسی تێکڕای ناوچە کوردییەکان و دەسەڵاتە کوردییەکان و لایەنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی  کردبێ. لە بەر ئەوە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی کوردناسی دادەنرێت، دەتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخ و رووداوەکانی ئەو سەردەمە. ئەگەرچی پێش ئەویش چەندانی تر هاتونەتە ناوچە کوردیەکان، بەڵام هیچیان بەو جۆرەی جیمس ریچ بە وردەکارییەوە نەدواون. 

                                                                       کلۆدیوس جیمس ریچ

وێنەی ژنی کورد لە سەفەرنامەکەی «جیمس ریچ»دا 
یەکێک لەو لایەنانەی ریچ لە سەفەرنامەکەیدا گرنگی پێداوە و سەرنجی زۆری بە لای خۆیدا راکێشاوە و پێ سەرسام بووە ئەویش ژنی کورد و ئازادی و پێگە و پلەی لە ناوخێزان و کایە سیاسی و شۆڕشەکانی کورددا بووە و هەروەها باس لە شێوازی جل و بەرگی کوردیی ژنانی کورد دەکات. چونکە وەک خۆی باسی لێوە دەکات نە لە وڵاتەکەی خۆیدا و نە کاتێک دێتە خۆرهەڵات ژن بەو جۆرە نابینێت وەک لەوەی لە ناو کوردەکاندا دەیبینێت. هەروەها لەو مەیدانەدا زۆر بە وردی باسی ژنی کورد دەکات و لەهەمان کاتدا بەراوردی دەکات بە ژنانی گەلانی خۆرهەڵات بەتایبەتی تورک و فارس و عەرەب. بە جۆرێک کەوتۆتە وەسفی ژنی کورد کە کاتێک دەگاتە سەر باس و خواسی پلە و پێگەکەیان، دەڵێیت لە کوردستاندا پلە و پێگەی ژن زۆر بەرز و رێزدارە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری و لای مێردەکانیان و  بە چاوێکی یەکسان سەیر دەکرێن، بە بەراورد لەگەڵ تورک و عەرەب و فارسەکان چونکە لە ناو ئەوەندا ژن بە چاوێکی کەم سەیر دەکرا. ئەوەی زیاتر وایکردبێت ئەم ڕاستیە بە چاوی خۆی ببینێت لە ناو کوردەکان و ئەو جیاوازییەی ژنانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ژنانی خۆرهەڵاتدا و دواتر لە سەفەرنامەکەیدا باسی لێوە بکات، وەک خۆی دەگێڕێتەوە، دەڵێت کاتێک بیستم لە ماڵێکی قەراغ شار زەماوەند سازدەدرێت و بووک دەڕازێندرێتەوە و ئاهەنگ دەکرێت لە بەرواری  2 تشرینی یەکەمی ساڵی 1820 بوو. منیش بڕیارمدا بچم بۆ ئەوێ تا ئەو دیمەنە ببینم. خۆم  ئامادە کرد، بەڵام بۆ ئەوەی نەبینە جێ سەرنجی ئامادەبووان لەگەڵ میستەر (بەل) هەریەکێکمان مشکیەکمان بە سەرمانەوە بەست. هەروەها عەبابەکی رەشیشمان بەسەر شانماندا دابوو کە جلەکانمان پێ شاردبوویەوە. دواتر شەوێ بەرەو زەماوەندەکە چووین کە گەیشتینە  شوێنێ دیاریکراوی ئاهەنگە، سەیرمان کرد خانوویەکی ئاسایی بووە. بەڵام لەسەربانی ماڵەکە هەر شەش پێ بەرزدەبوونەوە، دواتر خۆمان بەناو خەڵکەکەدا کرد. حەوشەی خانووەکە شانۆی زەماوەندەکە بوو، هەروەها خەڵکانێکی زۆری لێبوو بە ژن و پیاوەوە لە هەموو تەمەنەکان. هەروەها ریچ باس لە بینی ژن دەکات لەو زەماوەندە کە چۆن لەگەڵ پیاوان لەوێدا کۆبوونەتەوە و هەڵپەڕکێیان کردووە دەستیان لە ناو دەستیاندا بووە، حەوشەی ماڵەکەیان پڕ کردبوو. هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەشی بەو هەڵپەڕکێیە داوە کە دەڵێت بریتی بووە لە لەش جووڵاندن بۆ پێشەوە و  بۆ دواوە و ئەم پێ و پێیان بەیەکەوە دەکردو بە زەویاندا دەدا، تاو نا تاویش پێیان بە توندتر بە زەویاندا دەدا.

ئاوازی سەرچۆپی لێدەدرا
 ریچ دەڵێ ئەو هەڵپەڕکێیە ئەو گۆرانیە ئێرلەندییەی بیر دەهێنایەوە یادم دەڵێ Rising on God and Sking on Sugan واتە جارێک بەرزدەبنەوە وجارێک نزم دەبنەوە. هەروەها دڵخۆشی خۆیان بە قریوەیەکی بەرز دەردەبڕی، یاخود لەلایەن ژناکانەوە دەنگێکی بەرز بە شێوەزێکی تایبەت بە خۆیان خۆشیان دەردەبڕێ. پیاوان و ژنانیش بەیەکەوە لە چوار دەوری حەوشە و سەربان ئاپۆڕایان بەستبوو و دادەنیشتن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەهۆڵ و زوڕناش لەو ناوەدا بوو. ئاوازی سەرچۆپی لێدەدرا. لە ناو گەرمەی ئاهەنگەدا پۆلێ ژن هاتن کە ژمارەیان سی کەس دەبوون هاتنە ناوەڕاستی حەوشەکەوە و دەستی یەکیان گرت و لە سەرخۆ و ڕێک و پێک هەڵدەپەڕین، ئەو پۆلە ژنە لە سەر خۆ بە دەوری حەوشەکەدا دەستیان بە جوڵەو شەپۆلدان کرد، هەڵپەڕکێیەکان هەنگاوێک دەهاتنە چەقی حەوشەکە و بەهەنگاوێکی تر بۆ دواوە دەچوون، هەروەها کەمەر و سەر و لەشیان زۆر بەشێوەیەکی ڕێک و یەکجار جوان دەجوڵاند، ئاوازەکەشیان لەگەڵ جوڵانەوەکەیاندا زۆر هێمن و گونجاو بوو. خانمەکان لە سەماکەیاندا هیچ شتێکی ناشازیان نەدەکرد و زیادە رەویان تیادا نەدەکرد. سەرباری ئەوەش زۆربەشیان زۆر جوان و شۆخ و شەنگ بوون. ریچ دەڵێ لای ژنی کورد هەڵپەڕکێ خولیایەکی گەورەیە، چونکە زۆربەی جار بەبێ پێ وتن و بانگێشتنامە خۆیان دەچوون  بۆ ئاهەنگەکان و لەگەڵ خۆشیاندا دیاری بچوکیان بۆ بووک دەبرد. ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆری پیاوی لێ بوو زیاد لەوەی لە شەقامەکانی سلێمانی دەبیندرا. دەڵێ ئەوەی بە لامەوە نامۆ بوو ژنان بە بێ ڕووبەند و پەچە و عەبا بوون لە ئاهەنگەدا، هەروەها زۆر جوان خۆیان گۆڕی بوو و گوڵنکە و خشڵیان بە خۆیانەوە کردبوو و کراسی ئاوریشمی ئاڵ و واڵایان لە بەردا بوو، کە بەو پەڕی جوانی و ئارایشتەوە خۆیان رازەندبوویەوە. لەڕاستیدا ڕیچ لە وەسفی ئەو دیمەنەدا دەڵێت زۆر دیمەنێکی ڕەنگین و سەرنج راکێش بوو. 

دیمەنێک لە شایی کوردی

 
بەلای «ریچ»وە  نامۆ بووە ژن لە خۆرهەڵاتدا بەو جۆرە دەربکەوێت، وەک خۆی ئاماژەی پێکردوە لەو ساتەوەی هاتۆتە خۆرهەڵات ژنم نەدیوە بەو شێوەیە ئازاد بێت بە تایبەت لە ناوچە عەرەبیەکاندا، تەنانەت لە سەر سفرەی نان خواردنیش لەگەڵ کەسانی بێگانە ئامادە نەدەبوون و بە جیا دادەنیشتن، هەروەها لە دەرەوەی ماڵ و بازاڕەکان بە عەبا و پەچەی رەشەوە دەسوڕانەوە. هەربۆیە دەڵێت پێم سەیر بوو کە کوردەکان وەک  گەلێک لە خۆرهەڵاتدا بژین و بەوجۆرە ژنەکانیان سەربەست بن و بەبێ رووبەند و عەبا تێکەڵ بە پیاوان ببن لە ماڵی خۆیاندا ئەگەر میوانیشیان بهاتایە بە بێ رووبەند دەهاتە پێش میوان و خزمەتیان پێشکەش دەکرد. هەروەها رێگاش بە خزمەتکار دەدرا بچێتە ماڵەکانیان، ئەوەندەش گوێیان بە خۆداپۆشین نەدەدا، تەنانەت لەبەرچاوی بیانیش یاخود کاتێک لە ماڵەکانیشیان دەچوونە دەرەوە بۆ ناو بازاڕ و کۆڵانەکانی ناوشار تەنها سەرپۆشێکی شینیان دەکرد. هەندێ جاریش عەبا و پەچەیان دەکرد، بەڵام پەچەکەیان هەڵدەدایەوە بۆ دواوە تەنها لە هەندێ حاڵەتدا نابێت، وەک لە  ژنانی چینی سەرەوە بوایە، یاخود تووشی یەکێک ببێت حەز نەکات بیناسێتەوە ئەوە پەچەکەی دەکرد.

بێ هۆ نیە
 تەنانەت ریچ باسی لەوە کردووە کاتێ هاوسەرەکەی چووە بۆ سەردانی ناو ڕەشماڵە کوردەکان، ژنان و پیاو بە بێ جیاوازی لەوێدا دانیشتوون  و ژمارەی پیاوان دوو هێندەی ژمارەی ژنان بووە هەروەها، لە کاروباری دەرەوەش یارمەتی پیاوەکانیان داوە. ژنان زۆربەی جار لە بەیانیانی هاویندا لەسەربانی خانووە نزمەکانیانەوە بەسەر کۆڵانە تەنگەبەرەکاندا دەیانڕوانی. باسکردنی ئەم دیمەنە لەسەفەرنامەکەیدا بێ هۆ نیە، چونکە لە ڕوانگەی ئەو دیمەنەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ژنی کورد کردووە و دەڵێت لە هەمووی گرنگتر سەرباری ئەو ئازادییە زۆرەی پێیان دراوە، بەڵام هیچ ژنێکی گەلانی تر هێندەی ژنی کورد هێندە بە ڕەوشت نین، ئەمانە لە شکۆ و سەربەرزیەوە زۆر لە  تورک و فارس و عەرەب و گەلانی تر لە سەرەوەن و بەرزترن.

جل و بەرگی ژنی کورد
جل و بەرگی ژنی کورد بریتی بوو لە ئاواڵکراسێکی گەورەی تورکیانە و کراسێکی پانوپۆڕ، هەروەها لە ناوەڕاستیدا پشتێنێکی دوو گۆی گەورەی هەیاسەی زیو یان زێڕیان لە سەر دەبەست، لەسەر ئەویشەوە کەوایەکیان لەبەر دەکرد لە سەر شێوەی کەوای پیاوانە و لە بەر گەردندا بە دووگمە دادەخرا، بەڵام ژنان دوگمەکەیان دانەدەخست و تا دامێن دەکرایەوە کە کراس و کەمەرە و لوولەی لێوە دەربکەوێ. کەواکەیان لە ئاوریشمی میل میل یان گوڵدار لە کوتاڵی (کوجەرات) بوو، هەروەها بەپێ جیاوازیی وەرز و دەوڵەمەندی خاوەنەکەی دەدورێت. لە سەروی ئەوەشەوە سەڵتەش بەکاردەهات کە وەک کەوا دەدورێ، بەڵام دوو قۆڵی تەسکی هەیە هەریەک لە درێژی قۆڵەکان دەگاتە لای ئانیشک، هەروەها لە زستانیشدا لە جیاتی ئەمە کڵۆنجە لەبەر دەکەن یان چارۆکەش لەبەر دەکەن ئەویش لە ئاوریشمی جۆراو جۆرە و چوار رەنگی دەدورێت. ئەم چارۆکانەش جۆرێکن لە دەسماڵ و کراسی بێ قۆڵ کە لە گەردندا گرێ دەدرێ و لە دواشەوە تا دەگاتە خوار هەردوو رەفیسکەوە بەسەر پشتدا شۆڕ دەبێتەوە، چارۆکە بەتەنیا بە کراس دانانرێ، بەڵکو لە ڕۆژانی جەژن و ئاهەنگدا لە جیاتی ئەمە سەڵتە لە بەر دەکرێ. لە بەرکردنی ئەم سەڵتەیەش لە تورک و ئێرانیەوە وەرگیراوە، لەبەر ئەوە سەڵتەیان شیاوترە وەک لە چارۆکە، چونکە چارۆکە بە جلێکی تایبەت بە کوردستان دەزانن. ژنی کورد رۆب لە بەرناکەن، بەڵکو لە ڕۆژانی ساردا لە جیاتی ئەوە کەوایەک یان دوو کەوا لەسەر یەک لەبەر دەکەن. هەروەها ریچ لە وەسفی سەروپێچی ژنانی کورد دەڵێت ناتواندرێت بە تەواوی و بە وردی باس بکرێ. تەنها دەتوانین بڵێین کە لە قوماشی ئاوریشمە یان بەواتایەکی تر هەمووی لە شاڵی رەنگە و ڕەنگی وەک پەلکە زێڕینەیە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و هونەری لای ناوچەوانەوە رێکی دەخەن بە جۆرێ و بە دەرزی سنجاق راگیری دەکەن، کە وەک تاج یان بەواتایەکی تر وەک شێوەیەکی قوچەکی لێ دێت، ئەوەندەی دوو پێ بەسەر سەریانەوە بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەملاولاکانی بە دیوی پشتەوەدا بەردەدەنەوە. 

ریچ باس لەوە دەکات
ژنە دەوڵەمەندکانیشیان پێشی سەریان بەلاگیرە و سەر پەرچەمی پان دەڕازێننەوە کە وردە گەڵای زێڕیان پیادا شۆڕ دەبێتەوە، هەروەها لە ملاولای فێستەکەشەوە رستێک شیلانەی پێدا بەردەبێتەوە، ئەم رستە شیلانەش هەر بە لاگیرەکەوە بەندە. سەرەڕای ئەوەش ریچ باس لەوە دەکات کە لە ژێر ئەو سەرپێچەشەوە سەرپۆشێکی گەورە کە پێ دەڵێن دەسماڵ، بەشان و ملیانی دادەدەن و لەسەر سنگیاندا گرێ دەدەن و بەشی دواشەوە بەسەر پشتیاندا شۆڕ دەبێتەوە. هەروەها دەڵیت وەک بیستبێتم هەر تەنها ژنەکان بەسەر شانیان دەدان و قژیشیان لە پشتەوە زۆر دەرناخەن، بەڵام ئاگریجەیان بەملاو لای لاجانگیاندا بەردەدەنەوە. ژنە هەژارەکانی شارەکانیش لاسایی خانمە خانەدانەکان دەکەنەوە. هەروەها ژنانی گوندنشینەکان هەر تەنیا کراس و ئاوەڵکراسی شینی ئەستوور لەبەر دەکەن و لە کەمەریشیاندا پشتێنی لە سەر دەبەستن. چارۆکەشیان لە قوماشێکی شینی تێر دروست دەکەن و لەسەر سنگیان گرێی دەدەن. کڵاوی سەریشیان فێستێکی بچووکە. لای ژنی کورد رەنگی ئاڵ و واڵای زەق پەسندە. سەرپێچی ژنی کورد زۆر قورسە و تاڕادەیەکیش ئازارێکی زۆری پێوە دەکێشن، زۆر جاریش قژی تەوقەسەریان پێوە دەڕووتێتەوە. ریچ ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لەو شتانەی بە ئەستەم جێگەی باوەڕە، ئەوەیە کە بەم سەرپێچانەشەوە دەخەون، سەرینی بچوکیش دەخەنە ژێر سەریان.  زێڕ و خشڵیان کەمە، بەڵام زۆری ئەوەی هەیانە لە زێڕ و مەرجانە. ئەگەرچی ژنی چینی رەشۆک دراوی زیو و پارچە مەعدەنی بچووک و مووروو بە سەر پێچەکانیانەوە دادەدروون.
سەرچاوە//. کلۆدیوس جیمس ریچ، وەرگێڕانی محەمەد حەمە باقی، گەشتنامەی ڕیچ بۆ کوردستان 1820، چ 4،چاپخانەی خانی، دهۆک، 2002، بەشی دەیەم. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان