هیوا عهبدوڵڵا زڕگوێزی
زەمەنێکە خۆشەویستیمان ونکردووە
لەگەڵ هاتنە خوارەوەی هەرتنۆکە بارانێک و
هەر تنۆکە شەونمێک
کە ئاوێزانی چاوم دەبن و
دەبنە دڵۆپێک فرمێسکی چاوم و
باخی وشک نەبووی ئەوینمی پێتەڕتر دەکەم
تا بۆ ئەبەدی بە کەسکی و شکۆفەی جوانییەوە بێنێتەوە
سەفەرێک دەکەم بە کۆڵانەکانی سلێمانیدا و
لەگەڵ منداڵیمدا بە ترسەوە پیاسەیەکی گەڕەکە دێرینەکانی ئەوسای شاردا دەکەم
من و هەناسەیەکی سارد ؛
وەک سروەی بەیان و
ئاوی سازگاری کانییەکەی
بەرماڵانی گەڕەکی خانووە قوڕەکان ؛
شوێن پێی خۆشەویستییە کاڵبووەکان تۆخ دەکەینەوە و هیواکانیان دەنووسینەوە و
شوشەی عەترە بەتاڵەکانی رۆحی لێپڕدەکەینەوە
من و هاوڕێ خنجیلەکانی رۆحە ساواکەی جارانم
سەفەرێک دەکەین بە نێو شەقامە بێنازەکانی شاردا و
هەگبەی خۆشەویستیی مرۆڤایەتی و
هەوای پاکی سروشت و میهرەبانی و
راستگۆیی و دڵپاکی بەجێماوی یارانی ئۆغرکردو
پڕدەکەین و دەیگەڕێنینەوە
نەبادا ببێتە سەرابێک و
بێڕەحمانە لەبیری کەین
ئەمڕۆ لە مەڵکەندی و
سبەی لە کانێسکان و سابونکەران و حاجی حان و
دووسبەی لە ئابڵاخ و
شێخ محێدین و چوارباخ
بەڵێ چوارباخ
دایکم دەڵێت تۆلەچوارباخ
لەدایکبوویت ،
قوربانی ماڵی دڵت و
گەڕەکی چوارباخ و
تۆزی بەرپێتبم دایکە
هەموو گەڕەکێک
بۆنی دایکمی لێدێت
دایکم سەرەتاو
کۆتایی تەمەنمەو
نشینگەو نیشتمانمە دایکم !
هەنگاوەکانم دەمبەنەوە
بەرەو لای بینا تەواونەکراوەکەی باوکم
زەرعەی خۆشەویستییەکانی باوکم
بەتەواونەکراوی بەجێماوەو
پێموایە هەرگیز زەرعە ناکرێت
ئاخر هیچ مەتروفوتێک
ناتوانێت قیاسی خۆشەویستی باوکم بگرێت
زەمەنێکە خۆمان و هاوڕێ و
یارانی نیشتمان وخۆشەویستیمان ونکردووە
زەمەنێکە زەمەنێک.