بڕیارێكی پەروەردەی عیراق دەربارەی وانەی زمانی كوردی نیگەرانیی لێدەکەوێتەوە

09:52 - 2022-10-17
ڕاپۆرت
707 جار خوێندراوەتەوە
#خوێندکارانی چوار و پێنجی دوا ناوەندی سەرپشك دەکرێن بكەون یان نەكەون لەوانەی زمانی كوردی

کەرکوک/ هێمن ئەحمەد

وەزارەتی پەروەردەی عیراق بەپێی بڕیاری ژمارە 22928، خوێندکارانی چوار و پێنجی دوا ناوەندی  سەرپشك دەکات لەوەی بكەوێت یان نەكەوێت لەوانەی زمانی كوردی، ‌ ئەم بڕیارە تێکڕای هاووڵاتیان و پسۆڕانی پەروەردەی نیگەران کردووە  و ئەوان دەڵێن مەبەست لە دەركردنی ئەم بڕیارە سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەكە  و دەبێتە بێ رێزی بەرامبەر بە زمان‌ و فەرهەنگی كوردی و جۆرێكە لە كەمزانینی خوێندنی كوردی لەناوچە كێشە لەسەرەكان، بەتایبەتی كەركوك.

كاریگەری لەسەر خوێندنی كوردی دەبێت
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بێستون عادل، مامۆستای زانكۆی كەركوك ‌و پسپۆری زمانی كوردی، دەڵێت: دەرچوونی ئەم بڕیارە لەم كاتەدا سەلماندنی شۆڤێنیەتە و بڕوایان بە برایەتی پێكەوە ژیان نییە، مەبەست لە دەركردنی ئەم بڕیارە سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەكە، ئەو نەتەوەیەش لەمێژووی دروستبوونی عیراقەوە خەبات ‌و تێکوشان دەكات لەپێناویدا، زمانی كوردی زمانێكە هاوشێوەی زمانی عەرەبی كە لەدەستووردا چەتری وڵاتێكەو بە فەرمی ئاماژەی پێكراوە، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی زمانی كوردی نەك لەكەركوك، بەڵكو لەگشت پارێزگاكانی تری عیراق بێبایەخ بكرێت.
وتیشی: بڕیارەكە كاریگەری تەواوی لەسەر دەروونی ئەو دایك و باوكانە دەبێت منداڵەكانیان دەخەنە بەر خوێندنی  كوردی، چونكە كاتێك بڕیارێكی لەم شێوەیە دەبینێت سڵدەكاتەوە لە خوێندنی كوردی، ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت ئەمڕۆ ئەم بڕیارە دەركرا دوو سبەی بڕیاری سرینەوەی خوێندنی كوردی دەدرێت، پێویست بوو لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق ‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌ و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم‌ و سەركردایەتی كورد هەڵویستی توندیان بەرامبەر ئەم بڕیارە هەبوایە، بەڵام هەڵویستێكی ئەتۆیان نەبوو، بڕیارەكە كاریگەری تەواوی لەسەر خوێندنی كوردی دەبێت.

دووركەوتنەوەی پێكهاتەكانە لە كەلتوری یەكتر 
محەمەد سەیدكەریم، مامۆستای زمانی كوردیە لە یەكێك لەقوتابخەكانی كەركوك، دەڵێت: من وەكو مامۆستایەكی زمانی كوردی ئەم بڕیارە بەكارێكی ناشیاو دەزانم. بیرمە لەساڵی 2006 خولێكی فێربوونی زمانی كوردیم لە یەكێك لە فەرمانگەكانی كەركوك كردەوە كە فێرخوازەكانم لەعەرەب‌ و توركمان پێكهاتبوون‌ و بەگڕو تینێكی تەواوەوە هەوڵی فێربوونی زمانی كوردییان دەدا، لێرەوە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە بەو بڕیارەدا بچنەوە و كەلێن لەنێوان پێكهاتەكان دروست نەكەن.
وتیشی: لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە قۆناغی ئامادەیی وانەیەك بە زمانی كوردی هەبوو لەسەرتاسەری عیراق هەوڵێك بوو بۆ فێربوونی زمانی كوردی لەلایەن نەتەوەكانی عەرەب‌ و توركمان‌ و كلد و ئاشورییەكانەوە، خوێندكاری ئەوكاتە هەوڵی تەواویان بدایە بە رەوانی فێری زمانی كوردی دەبوون. لەناو ئەو نەتەوانەشدا ژمارەیەكی كەم نەبێت چاویان بە كورد و نەتەوەكەیدا هەڵ نەدەهات، ئەوانیتر خۆشحاڵبوون بۆ فێربوونی زمانی كوردی، كە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێكی كاریگەرو ئەرێنی بوو، بۆ چوونە  ناو ئەدەبیات‌ و مێژوو و كلتووری كوردەوارییەوە.
باسی لەوەشكرد: لەم بارو دۆخەی ئێستادا كە عیراق بە عیراقی فیدڕاڵ ناو دەهێنرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ناوەكەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تاقیكردنەوەكان لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق بە نووسراوی گشتگیری ژمارە 419/4/ 22928و بە بڕیاری وەزیری پەروەردەی عیراق وانەی کوردی لە تاقیكردنەوەكاندا هەژمار ناكات، وادەکات خوێندكارەكان سارد ببنەوە و وانەی زمانی كوردی لەو قۆغانی خوێندنەدا نەمێنێت، لێرەدا پرسیارێك دروستدەبێت ئەویش ئەوەیە ئایا بەرامبەر بەم بڕیارە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وانەی عەرەبی لا ببات چی روودەدات؟ بێگومان دەبێتە هۆی دووركەوتنەوە عەرەب ‌و كورد و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و دووركەوتنەوە لە شارەزا بوونی تەنەوەكان لە كلتوری یەكتر.

بڕیارەكە پێشێلكردنی دەستوورە
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەشتیاری لەپەروەردەی كەركوك/ بەشی خوێندنی كوردی، دەڵێت: سەرەتا دەبێت لە نووسراوەكە تێبگەین، چونكە لەعیراق دوو شێوە خوێندنی كوردی هەیە، ئەو خوێندنەی سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانە سەرجەم كتێب‌ و پرۆگرامەكانی سەر بەهەرێمن‌ و بڕیارەكەی پەروەردی حكومەتی عیراقیش ئەو پرۆگرامانە ناگرێتەوە، لەكاتی پەتای كۆرۆنادا ئێمە سەردانی بەغدامان كرد و داوامانكرد گشت پرۆگرامەكانی خوێندن كەم بكرێنەوە و زمانی عەرەبیش داخڵی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ نەبێت، بەڵام ئەوە بوو هەرای نایەوەو وتیان: چۆن دەبێت زمانی عەرەبی كە زمانێكی رەسمییە تەرك بكرێت ئیتر ئەوە بوو هەردوو زمانەكە لە تاقیكردنەوەكان داخڵ كران، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پێویستە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی كوردی لە بەغدا كە مامۆستا سەنا گەرمیانییە وەڵامی هەبێت، چونكە زمانی كوردی لەسەر ئاستی هەموو عیراق دەخوێنرێت،  ئێمە وەكو خوێندنی كوردی لە كەركوك هیچ جۆرە هەڵوێستێكمان نەبووە، چونكە داوا لە ئێمە نەكراوە خوێندنی كوردی بكرێتە بابەتێك و دواتر تەرك بكرێت.

خوێندنگە عەرەبییەكان دەگرێتەوە
وتیشی: لە كەركوك 550 قوتابخانەی كوردی هەیە و هاوشێوەی خوێندنی عەرەبی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە لێرەوە گشت دایك و باوكان ئاگادار دەكەمەوە وا تێنەگەن وانەی کوردی ئێستا لە قوتابخانەكان دەخوێنرێت لە كۆتایی ساڵدا داخڵ ناكرێت، نووسراوەكە خوێندنگە عەرەبییەكان دەگرێتەوە. باسی لەوەشكرد ئەم بڕیارە پێچەوانەو پێشێلكردنی دەستووری عیراقە.

زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین
سەباح حەبیب، پەرلەمانتار لەسەر فراكسیۆنی (ی.ن.ك) لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوكات جێگری دووەمی سەرۆكی لیژنەی پەروەردەیە لەپەرلەمان، رایگەیاند: پاش دەركردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق كە باسی بابەتی زمانی كوردی دەكات، دەستبەجێ نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی ناوبرا كردو كە لەئێستاو داهاتوو قایل نابین هیچ مافێكی زمانی كوردی پێشیل بكرێت. وەڵامدانەوەشی ئەندام پەرلەمانتارەكە لەچوار چێوەی نوسراوی ژمارەی (65) لە رۆژی 6/10/2022دا، ئاراستەی وەزیری پەروەردەی عیراق كردووەو ئەوەی روونكردۆتەوە كە زمانی كوردی‌و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لەسەرجەم دامو دەزگاكانی عیراقداو پێویستە وەكو یەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت‌و یاساكانی دەستوری عیراقیش رێگە نادات كەئەو بڕگانەی دەستوور پێشیل بكرێت.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان