میدیاكار و كادیری پێشكه‌وتووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خه‌یری حسێن خه‌له‌ف ناسراو به خه‌یری شه‌نگالی، ساڵی 1966 له گوندی (كورسی)ی قه‌زای شه‌نگال له دایكبووه، به چه‌ند قۆناغێك خوێندویه‌تی و دواجار به‌شی زانستی له زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه ساڵی 2004.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری بنكه‌ی رۆشنبیریی لالش-ه، كه به پاڵپشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆك مام جه‌لال له بواری دارایی و مه‌عنه‌وه‌ییه‌وه ساڵی 1992 له پارێزگای دهۆك دامه‌زرا، پێشمه‌رگه و كادیری دڵسۆزی یه‌كێتی و رۆژنامه‌نووسێكی به‌توانا و رۆشنبیرێكی دیارییش بوو، خاوه‌نی چوار كتێبه له باره‌ی ئاینی ئێزدییه‌وه به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی كرمانجی، له‌گه‌ڵ كتێبێكی دیكه به ناوی (سه‌ردانێك بۆ كۆماری ئه‌فریقای باشوور) و ده‌یان توێژینه‌وه‌ی دیكه‌ش له باره‌ی كلتوور ومێژووی ئێزیدییه‌كان له ناوچه‌ی شه‌نگال كه تا ئێستا چاپ نه‌كراون، ده‌یان بابه‌تی له رۆژنامه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (ئه‌لمه‌ساوه) بووه كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی رێكخراوه‌كانی موسڵ ده‌رچووه، سه‌رپه‌رشتیاری رادیۆی شه‌نگال بووه، له بواری په‌یكه‌رسازی و نیگاركێشیشدا خاوه‌ن به‌هره‌بوو.
به بڕیاری سه‌رۆك مام جه‌لال ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری ئێزدییه‌كان بوو له وه‌زراه‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێم- ئیداره‌ی سلێمانی، جگه له‌وه‌ش چه‌ندین به‌رپرسیارێتی دیكه‌ی هه‌بووه، له رووی كاری مرۆیی و خێرخوازیشه‌وه رۆڵی هه‌بووه.
كاتێكیش تیرۆریستانی داعش هێرشیانكرده سه‌ر شه‌نگال له رۆژی/8/ 2014، هه‌ڤاڵ خه‌یری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له شۆڕشگێڕانی ئێزیدی و پێشمه‌رگه‌ی ی.ن.ك بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له شه‌ڕ وبه‌رگریكردن له چیای شه‌نگال دژی تیرۆریستان به‌رده‌وام بوو و له ئه‌نجامدا هه‌زاران هاووڵاتی شه‌نگالی رزگاركران.
له زۆر كۆڕ‌و كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شداریكردووه، وه‌ك: كۆنفرانسی دیالۆگ له نێوان ئایینه‌كان له باشووری ئه‌فریقا-ساڵی 2007، فێستیڤاڵی كه‌لتوری نه‌ورۆز له جۆرجیا و كۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له بڕۆكسل و هۆڵه‌ندا، كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌باره‌ی جێنۆسایدی ئێزدییه‌كان و دۆسیه‌ی ئێزدییه‌كان له دادگای نێوده‌وڵه‌تی و كۆنفرانسی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له عیراق و به‌رلین، له‌گه‌ڵ به‌شداریكردن له چه‌ندین رێپێوان و خۆپیشاندانی ره‌وه‌ندی كوردی له ئه‌وروپا.
وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ی.ن.ك له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1994 و سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆ و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی له ده‌ڤه‌ری بادینان، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له كادیران و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی له ناحیه‌ی (ده‌ركارعه‌جه‌م و ئه‌شكه‌وته‌كانی شاخه‌كانی گاره و مه‌تین وبێخێر) مانه‌ته‌وه و نزیكه‌ی ساڵ و نیوێك به‌رگرییان له ئیراده‌ی خۆیانكردو خۆیان راده‌ست نه‌كرد، دواتر به ئاواره‌یی له شاری سلێمانی گیرسایه‌وه.
به‌داخه‌وه، 40 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر و له رۆژی 15/9/2022 به نه‌خۆشی دڵ له ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی، ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕێندرایه‌وه كوردستان و به ئاماده‌بوونی هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی شه‌نگال و بادینان و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی و ژماره‌یه‌كی زۆر له هێزو لایه‌نی كوردی و ئیداره‌ی ناحیه‌ی سنونێ و ئیداره‌ی خۆسه‌ری شه‌نگال و گروپی چیای شه‌نگال و چه‌ندین رێكخراوێكی دیكه‌ی كوردی وعه‌ره‌بی، له گۆڕستانی(شێبل قاسم)ی باكووری چیای شه‌نگال، به خاك سپێردرا.
بنەماڵەی کۆچکردوو