رۆژێکی نموونەیی لە باخچەی منداڵاندا

10:14 - 2022-12-11
کەلتور
783 جار خوێندراوەتەوە

ئا: عەلی حەمەڕەشید*


باخچەی منداڵان 
(Kindergarten) دەزگایەکی  پەروەردەییە و تایبەتە بە منداڵانی قۆناغی دوای دایەنگە و پێش چوونە قوتابخانەی بنەڕەتی، کە تەمەنیان چوار ساڵ و پێنج ساڵن. یەکەم باخچەی منداڵانیش لە جیهاندا  لەسەدەی هەژدەدا لەلایەن (جۆن فریدریک ئۆبرلین Jon Fredric Oberlin) لەساڵی 1796 دا لە ناوچەی (ئەلیزاس لۆرین) لە باکوری رۆژهەڵاتی فەرەنسا دامەزرا، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەو ناوچەیە بوو کە دەیناڵاند بەدەست هەژاریی و خراپی باری ئابووری و تەندروستییەوە. هەروەها (فریدریک فرۆبڵ Fridrich Frobel) یەکەم کەس بووە ناوی (باخچەی منداڵانی)ی بەکارهێناوە بۆ ئەم جۆرە دەزگایە لە سەدەی نۆزدەدا. لە ساڵی 1913 لەلایەن ئەرمەنییەکانەوە یەکەم باخچە لە عیراق دا دامەزرا. لەساڵی 1926-1927 لە شاری بەغداد یەکەم باخچەی منداڵان  دامەزرا. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش یەکەم باخچەی منداڵان لە ساڵی 1953-1954 دامەزرا لە شاری سلێمانی بە ناوی(باخچەی منداڵانی سلێمانی) لە نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی، پاشان گوازراوەتەوە بۆ گەڕەکی (عەقاری). دواتر لە ساڵی 1965 گوازراوەتەوە بۆ گەڕەکی (ئیسکان) تا ئێستا (2022) هەر لەو شوێنەدا و بەو ناوەوە دەوامکردن تێیدا بەردەوامە. 

منداڵ رادەهێنرێت بۆ چوونە دەرەوە
زۆر لە کەسایەتییە رۆشنبیر و ناودار و دیارەکانی شاری  سلێمانی لەم باخچەیدا بوون. لە باخچەی منداڵاندا منداڵ رادەهێنرێت بۆ چوونە دەرەوە لە سنوری خێزان بۆ ناو کۆمەڵگە و ناو کۆمەڵێک هاوڕێی نوێ و کەسانی نوێ. منداڵ لە نێو باخچەدا فێری بنەماکانی خوێندن و نووسین دەکرێت، دەبێت ئەوەش بزانین باخچە شوێنێکە بۆ دۆزینەوەی توانا و بەهرەکانی منداڵ و پەروەردەی هزری و سۆزداری و جەستەیی و رەفتاری کۆمەڵایەتی. (جـۆن دێـوی) دەڵـێت:”منـداڵ ئـەو خـۆرە گەشەیە هەمـوو دەزگـا پەروەردەییـەکان بە دەوریـدا دەسـووڕێـنەوە”.   وانەکانی وەرزش و هونەر و موزیک پێویستە زۆر گرنگییان پێبدرێت بەتایبەتی لە باخچەکەنی منداڵاندا و یاری ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ سەرجەم بابەت و چالاکییەکانی تر، چونکە یەکێکن لەو وانە هەرە گرنگ و بەسودانەی دەتوانرێت لە رێگەی ئەو وانانەوە ئامادەکاری بکرێت بۆ وانەکانی تر و ئەو وزە زیادەیەی لە منداڵدا هەیە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی خاڵی بکرێتەوە، هەروەها رۆڵی کاریگەریشی هەیە دەربارەی کەسێتی منداڵ و گەشە کردنی بەشێوەیەکی دروست، ئەمانە گشتی کاتێک ئامانجە پەروەردەییەکەی دەپێکێت کە مامۆستای تایبەت و شارەزا و بەسەلیقەی لەهەر یەکێک لەو بوارانەدا هەبێت باسمان کردن کە بێگومان ئەمەش بۆ وانەکانی تریش دەگونجێت. زانست سەلماندوویەتی موزیک کاریگەری تەواوی هەیە لەپەروەردەکردن و  گۆڕینی خووڕەوشتی منداڵدا، هەروەها لێکۆڵەران و زانایانی پەروەردەی منداڵ دەڵێن باوکان دەتوانن بە ئاوازی مۆزیک منداڵەکانیان بکەن بەشتێکی تر. بۆیە پێویستە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکانیشدا سەرجەم پێداویستییەکانی ئەو وانانە دابین بکرێن و گرنگی تەواویان پێبدرێت کە هاندەرێکی باشە بۆ سەرکەوتنی منداڵ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

چالاکییەکی پڕ لە جووڵە
(رۆژێکی نمونەیی لە باخچەدا) چالاکییەکی بەسوود و گرنگ بوو لە باخچەی منداڵانی سلێمانی دا کرا لەلایەن مامۆستایانی موزیک و ئینگلیزی و وەرزش و شارەزایی و چالاکییەکان تێیدا کوردی و بیرکاری و زانست بەشێوەیەکی جوان و سەردەمی و یاری ئامێز پێشکەش بە ئامادەبوان کرا کە بەڕێوەبەر و مامۆستای ئەو وانانەی باسمانکرد لە باخچە ناحکومییەکانی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە سەرپەرشتی و هاوکاری لیژنەکانی باخچە ناحکومییەکان و هاوڕێی رەخنەگر و بەڕێوەبەری باخچەکەوە، چالاکییەکی پڕ لە جوڵە، وەرزش و موزیک و گۆرانی و وتنی نۆتەکانی موزیک بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش، هەروەها نواندنی شانۆیی بۆ ئەو بابەتەی ئەو رۆژە باسکران کە هاتوچۆ بوو، نواندنێک مایەی شادی و سەرنجڕاکێشانی ئامادەبووان بوو، منداڵێک رۆڵی کارمەندی هاتوچۆ و یەکێکی تر رۆڵی  پۆلیس و یەکێکی تر رۆڵی کارمەندی ئاگر کوژێنەوە و یەکێکی تر رۆڵی کارمەندی پاککەرەوە و یەکێکی تر رۆڵی شۆفێری ئەو پاسەی دەبینی کە هاتوچۆی بە منداڵانی باخچەکە دەکرد، لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی ئەو منداڵانە بوو بۆ نواندنی رۆڵی ئەو کەسایەتییانە زۆر گونجاو بوو، سەلیقەی تەواویان تێدا بەکارهێنابوو، منداڵەکانیش بە بوێرییەکی زۆرەوە بەرانبەر ئامادەبووان نزیکەی 80 کەس دەبوون قسەیان دەکرد و پەیامەکەی خۆیان زۆر بە جوان و باشی دەگەیاند. بۆ بابەتی ئینگلیزییش بە هەمان شێوە بە چالاکی و گۆرانی و بەشێوەی یاری ئامێز پێشکەش کرا، دڵنیام سودێکی باشی بە ئامادەبووان گەیاند و لەگەڵ درێژی ماوەی چالاکییەکان شنەی ئارامی و خۆری سەرنج و تریفەی شادی لای هەموان بەدی دەکران، مەبەستیش لە پێشکەشکردنی ئەم چالاکییە بەناوی (رۆژێکی نمونەیەیی لە باخچەدا) وەک لەناوەکەیدا دیارە ئەوە بوو جوانیی و تیشکی ئەو چالاکییە پەروەردەییانە بگوازینەوە بۆ باخچە ناحکومییەکانیش، چونکە هەردوولا کار دەکەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و هەروەکو ئاشکراشە منداڵ بەردی بناغە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیە تا ئەو بنچینەیە پتەو و بەهێز بێت، چالاک و تەندروست و رۆشنبیر بێت ئەوە بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی تەواوی دەبێت لەسەر دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی دروست و پێشکەوتوو. ماوەتەوە بڵێین لەگەڵ هیوای سود وەرگرتنی ئامادەبوان لەو رۆژە نموونەییە دەستخۆشی زۆریشمان بۆ باخچەی منداڵانی سلێمانی هەیە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

تێبینی:
بۆ بەشێک لە زانیارییەکان سودم لە چەند سایتانە وەرگرتووە.
•https://zaniary.com/
•https://dengekan.info
• بۆ وێنەکان سودم لە پەیجی فەرمی باخچەی منداڵانی سلێمانی وەرگرتووە.

* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی


بابەتە پەیوەندیدارەکان