لە رانیە، ساڵانە سەدان هەزار نەمام بەرهەم دەهێنرێت

10:00 - 2022-12-15
ڕاپۆرت
447 جار خوێندراوەتەوە
لە راپەڕین رێژەی سەوزایی نزیکە لە ستانداردی جیهانی

راپۆرتی، جێگر خدر

نەمامگەی شازاد سائیب بە ستافێکی پێنج کەسییەوە، رۆڵی هەیە لە سەوزکردنی ئیدارەی راپەڕین و زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
ساڵی پار 260 هەزار و ئەمساڵیش زیاتر لە 300 هەزار نەمام لە نەمامگەی شازاد سائیب بەرهەم هێندراوە، ئەو نەمامگەیە حکومییە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانییە، دەکەوێتە دەروازەی شاری رانیە بە دیوی پشدەردا، ماوەی 23 ساڵە کراوەتەوە و نەمامی کوردی-خۆماڵی بەردار و بێبەر بەرهەم دەهێنێت.

نەمامگەکە بێبەرامبەر نەمام دەبەخشێت
ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەبەری نەمامگەکە، رایدەگەیەنێت:لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 600 هەزار نەمام پلەی یەکەمی سەرجەم نەمامگەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بە ستافێکی پێنج کەسی سەدان هەزار نەمام لە بەردار و بێبەر بەرهەم دەهێنین، جۆری ئەو نەمامانەش لە رووی کوالێتی و بەرزی باڵایەوە باشتر و جوانترن لە هی شوێنی دیکە، ئەمە وایکردووە زۆرێک لە ناوچەکان، هەولێر، سلێمانی و گەرمیان ئەگەرچی نەمامگەی خۆیانیان هەیە، بەڵام پشت بە نەمامەکانی ئێمە دەبەستن، بۆ زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی دەنێرین.
دەشڵێت:جگە لە فەرمانگە حکومییەکان، هەر هاووڵاتیەک داوا بکات نەمامی پێدەدەین، بەمەرجێک شوێنی شیاوی هەبێت و دڵنیابین خزمەت دەکرێت، بۆ ئەمەش لای خۆمان لیژنەیەکمان دروستکردووە، سەرەتا شوێنەکە دەپشکنن و دواتریش چاودێری دەکرێت، بەجۆرێک گەر بزانین دوای ساڵێک یان دوو ساڵ ئەو نەمامانە بێ خزمەتن، بە پێی رێکەوتنی پێشوەختە کە ئێمە لەگەڵ هاووڵاتیەکان دەیکەین، سزای ئەو کەسانە دەدەین و پێویستە بڕە پارەیەک وەک سەرپێچی لەبەرامبەریدا بدەن، لیژنەکەی ئێمە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن، ئەمە وایکردووە هاووڵاتیان بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو نەمامانەدا بکەن ئێمە بێبەرامبەر و بۆ خزمەتی ژینگە پێیان دەدەین.

هاوکاری هەڵمەتە ژینگەییەکانە
ساڵانە هەڵمەتی نەمام چاندن بە چەندین شێواز  و بە بۆنەی جیاواز بەڕێوەدەچن، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئەمساڵ هەڵمەتی چاندنی یەک ملییۆنی راگەیاند، نەمامگەی شازاد سائیب لە رانیە دابینکردنی  120 هەزار نەمامی لەخۆگرت، ئەم هەڵمەتە بەردەوامە و ئیدارەی راپەڕینیش بە رێژەیەکی زۆر لێی سوودمەند دەبێت.
جگە لەوەش، بۆردی گەنجانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەر بە مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لە ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا هەڵمەتێکی نەمام چاندنی راگەیاند، هونەر عەدنان لێپرسراوی بۆردەکە لە راپەڕین لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لەو هەڵمەتەدا پێنج هەزار نەماممان لە ماوەی یەک مانگدا لە شار و شارۆچکەکانی ئیدارەی راپەڕین چاند، بۆ ئەو پڕۆسەیەش لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە، نەمامگەی شازاد سائیب هاوکار و دابینکەری ئەو نەمامانە بوو، گەنجانی خۆبەخشی یەکێتی ماندوونەناسانە هەر پێنج هەزار نەمامەکەیان چاند.

زیاتر لە 30جۆری نەمام،  بەردار و بێبەر
نەمامگەکە لەسەر رووبەری 36 دۆنم، زیاتر لە 30 جۆری نەمام بەرهەم دەهێنێت، ئەو نەمامانە تێکڕای بەرهەمی خۆماڵی و لە هیچ جێگەیەک هاوردە ناکرێت، لە باخ و دارستانەکانی کوردستان لە رێگەی ستافەکەی خۆیانەوە تۆوی ئەو نەمامانە هەڵدەگیرێت و لەوێش بە شێوەیەکی ئەندازەیی دەچێندرێن و ئامادە دەکرێن بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنی دیکە و  سەوزکردنی دەڤەر و ناوچەکانی کوردستان، بە وتەی محەمەد کەریم بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین، نەمامگەی شازاد سائیب رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی خاکی کوردستان، پێیوایە، هەبوونی نەمامگەیەکی لەو جۆرە هاوکار و یارمەتیدەرێکی باشی پاراستنی ژینگەیە لەو سنوورە و هەرێمی کوردستان بەگشتی.

رێژەی سەوزایی لە راپەڕین نزیکە لە ستانداردی جیهانی 
دەشڵێت، ئیدارەی راپەڕین بەو پێیەی ناوچەیەکی شاخاوییە، بەگشتی رێژەی سەوزایی رێژەیەکی دڵخۆشکەرە و نزیکە لە ستانداردی جیهانیی بۆ سەوزایی، ئەگەرچی سەنتەری شارەکان هێشتا لەو ئاستەدا نین، بەڵام بوونی نەمامگەیەکی گەورەی وەک نەمامگەی شازاد سائیب و نەمامگەکانی کەرتی تایبەتیش رێگەخۆشکەرن بۆ زیاتر پاراستنی ژینگەی ناوچەکە. باس لەوەش دەکات، هەماهەنگییەکی باش هەیە لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگەی ژینگە و پۆلیسی دارستانی سنوورەکە، بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی ئیدارەی راپەڕین.

جگە لە  فەرمانگە حکومییەکان، هەر هاووڵاتیەک داوا بکات نەمامی پێدەدەین، بەمەرجێک  شوێنی شیاوی هەبێت و دڵنیابین  خزمەت  دەکرێت 

#رانیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان