هەڵكشانی دراوی دیجیتاڵی

09:18 - 2022-12-26
ئابووری
474 جار خوێندراوەتەوە
#بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی بەتەواوی یەکلایی نەبۆتەوە


فەیسەڵ عەلی


زیاتر لە نیوەی بانکە ناوەندییەکانی جیهان لە گفتوگۆی دەرچواندن یان نوێکردنەوەی دراوی دیجیتاڵیدان، دراوی دیجیتاڵی بانکە ناوەندییەکان، کۆپیکردنی دیجیتاڵی دراوە کاغەزییەکانیانە، کە پێشتر دەریانچواندوە. دەرچواندنی دراوی دیجیتاڵی. ئاستێکی بەرزتری دڵنیایی فەراهەم دەکات چونکە وەک بەهای دراوە گریمانییەکان هەڵبەز و دابەز ناکات. هەرچەندە هەندێک رای وایە ئەم دراوە دیجیتاڵییانەی بانکە ناوەندیەکان دەری دەچوێنن چەمکێکی نوێیە، بەڵام لە واقیعدا مێژووەکەی بۆ سێ دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

یەکەم دراوی دیجیتاڵی
ساڵی 1993 بانکی ناوەندیی فنلەندا کارتی (Avant)ی زیرەکی دەرچواند، کە شێوەیەکی ئەلکترۆنیی پارە بوو. هەرچەندە ئەم سیستمە لە سەرەتای دوو هەزاردا هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام دەکرێ بە یەکەم دراوی دیجیتاڵی لە جیهاندا دابنرێت کە بانکێکی ناوەندی دەریچواندبێت، بەڵام ئەم دراوانە لەسەر ئاستی جیهان نەبوونەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی فراوان، وەک ئەوەی لەم دوواییانەدا روویدا. ئێستا بانکە ناوەندییەکانی هەموو ناوچەکانی جیهان هەوڵدەدەن تایبەتمەندییەکانی بدۆزنەوە، بە چۆنێتی بەهێزکردنی کارایی و دڵنیایی لە سیستمی پێدان و مامەڵە پێکردنیشەوە.
تا تەموزی 2022، نزیکەی سەد دراوی دیجیتاڵی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەرچوێندراون، کە بە قۆناغی توێژینەوە و پەرەپێداندا تێپەڕیون. دووانیان بە شێوەی تەواو دەرچوێندراون، ئەوانیش (eNaira)ە لە نایجیریا کە لە تشرینی دووەمی 2021دا دەرچووە، دووەمیشیان دۆلارە لە دورگەکانی ئالباهاما، کە بۆ یەکەم جار لە تشرینی یەکەمی 2020دا دەرچوێندرا.
پشتیوانی لە سیستمی کێبڕکێ
پاڵنەرەکانی پشت هەوڵی بانکە ناوەندییەکان بۆ دەرچواندنی دراوی دیجیتاڵی لێکتر جیاوازن، لە حاڵەتی دورگەکانی ئالباهامادا، پاڵنەری سەرەکی پێویستی خزمەتکردنی ئەو هاووڵاتیانە بوو کە لەگەڵ بانکەکان مامەڵەیان نەدەکرد، یان وەک پێویست لە خزمەتگوزاریی بانکی سودمەند نەبوون.
بە پێچەوانەی پتەوکردنی گشتگیریی دارایی، گەورە شارەزایانی ئابووری رایان وایە، کە دەرچواندنی دراوی دیجیتاڵی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، دەکرێ سیستمی پێدانی ناوخۆیی بەهێزتر بکات و هاوکاتیش پشتیوانی لە سیستمی کێبڕکێ بکات، ئەمانەش هەریەکە بە رۆڵی خۆیان دەرفەتی بەدەستهێنانی قەرز باشتر دەکەن و کارایی پێدان زیاد دەکەن و تێچوونی مامەڵەکردن کەم دەکەنەوە. هەروەها ئەم دراوانە ئاستی شەفافیەتی ئاڵووێری پارە بەرز دەکاتەوە و رێگری لە کەمکردنەوەی پرۆسەی سپیکردنەوەی پارە دەکات.

هەندێکیان جارێ بە پێویستی نازانن
لەگەڵ ئەوەی دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکە ناوەندییەکان، دەرکەوتووە کە لە رووی تیۆرییەوە چەندین سوودی هەیە، بەڵام دەبێ بانکە ناوەندییەکان سەرەتا ئەوە روون بکەنەوە، کە پاڵنەری زۆر لە پشت پەیڕەوکردنی ئەم جۆرە دراوانەوە هەیە، ئاستی خواستیش لەسەریان دیاری بکەن،  هەندێک لە بانکە ناوەندییەکان رایان وایە، ئەم هەنگاوە جارێ پێویست نییە.
وێڕای ئەوانە، دەرچواندنی دراوی دیجیتاڵی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، چەند مەترسییەکی هەیە، کە دەبێ بانکە ناوەندییەکان بە هەندی وەربگرن. رەنگە بەکارهێنەرانی لە راکێشانی ئەم دراوانەدا زێدەڕۆیی بکەن و بە یەکجار بڕێكی ئێجگار زۆر لەو دراوە لە بانکە ناوەندییەکان بکڕێت، ئەوەش قەیران بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەبەر ئەوە دەبێ بانکە ناوەندییەکان توانای خۆیان لە ئیدارەدانی مەترسییەکانی هێرشە ئەلکترۆنییەکان هەڵبسەنگێنن، لەگەڵ پابەندبوون و سووربوونیان لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی و نەزاهەی دارایی زامن بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان