چۆن هەواڵێكی ناخۆش بە كەسێك بڵێین؟

10:28 - 2022-12-29
ڕاپۆرت
691 جار خوێندراوەتەوە
چۆن هەواڵی ناخۆش دەگەیێنیت

ئا: جەواد حەیدەری 

كێ هەیە بە بیستنی هەواڵێكی ناخۆش، دڵخۆش بێت؟ هیچ كەس! بەڵام چی بكەین ئەوە ژیانە و ژیانیش تێكەڵەیەكە لە خۆشی و ناخۆشییەكان. سروشتی ژیان وایە ساتێك رەشپۆشی و جاری واشە لێوڕێژی لە شادیی و خۆشیت.
هەواڵی ناخۆش هەرگیز بە دەست مرۆڤ نییە و روو دەدات و ناتوانین بە هیچ شێوەیەك پێشی پێبگرین. جاری وا هەیە ژیان تەنگت پێ هەڵدەچنێ و ناچاری كە دەبێت هەواڵێكی ناخۆش بە هاوڕێ یان كەسوكارت رابگەیەنیت و چاریشت ناچارە. هەلومەرجێكی سەختە و نازانی چۆن هەڵسوكەوت بكەیت؟ ناچاری هەواڵەكە بگەیەنیت و نازانی چۆن بیگەیەنیت كە كارەسات و ناخۆشی زیاتری لێنەكەوێتەوە.
 كەوا بوو چ بكەی تا بتوانی هەواڵە ناخۆشەكە بە گوێی بەرامبەرەكەت بگەیەنیت؟ هەمووشمان ئەوە دەزانین كە وتنی هەواڵە ناخۆشەكە، كارێكی سادە و ساكار و ئاسان نییە، بەڵام هەمدیسان ناچارین كە دەبێت ئەركی خۆمان بەجێ بگەیەنین. بۆ وتنی هەواڵێكی ناخۆش بە بەرامبەر دەبێت ئەو خاڵانەی خوارەوە لە بەرچاو بگرین.

دان بە خۆتان دا بگرن و پاشان هەواڵەكە بگەیەنن
سەرەتا دەبێت ئارامی خۆتان بپارێزن، ئەگەر هەواڵەكە زۆر ناخۆشە، پێویستە بۆ ماوەیەكی كەم دان بەخۆتاندا بگرن و بەسەر مێشكی خۆتاندا زاڵ بن. دواتر بە هێواشی و ئارامی بەبێ ترس و هەڵچوون و دڵەڕاوكێ و پەشۆكاویی و بە هێدیی و هێمنی بیر لەوە بكەنەوە كە هەڵوێستی بەرامبەرەكەتان سەبارەت بە بیستنی هەواڵەكە چۆن دەبێت و دواتر هەنگاو بنێن.

زەمینە خۆش بكەن
لێرەدا پێویستە لە سەرەتادا زەمینەیەكی لەبار فەراهەم بكەن بۆئەوەی مەبەستی خۆتان بگەیەنن، بە تایبەتی ئەگەر وتنی هەواڵەكە بەپەلە و خێرا بێت. هەمیشە لە پێدانی هەواڵی ناخۆش خۆتان لە بری بەرامبەرەكەتان دابنێین، بزانن كە بیستنی ئەو هەواڵە چەند كاریگەری نەرێنی و ناخۆشی لەسەر دڵ و دەروون دەبێت. هەوڵ بدەن كە بە ئارامی و لەسەرخۆ و بە بێ ترس و دڵەڕاوكێ زەمینەیەكی لەبار فەراهەم بكەن بۆ ئەوەی هەواڵەكە بگەیەنن، هەوڵبدەن لە رێگەی زمانی جەستە بە تایبەتی لە رێگەی پەیوەندی چاوەوە ئەو پەیوەندییە دروست بكەن و دواتر ئەم چەند رستەیە بە كورتی باس بكەن: «دەبێت سەبارەت بە بابەتێك قسەت لەگەڵ بكەم. بەداخەوە هەواڵێكی زۆر ناخۆشم پێیە كە ناچارم بۆت باس بكەم.»

 هەواڵەكە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا بگەیەنە
ئەگەر ویستت هەواڵە ناخۆشەكە بگەیەنیت، سەرەتا دەبێت هەوڵبدەیت كە زمینەیەك بۆ وەرگرتنی هەواڵەكە لەلایەن بەرامبەرەكەتەوە فەراهەم بكەیت، بۆئەوەی كەسی بەرامبەر گێژ و وڕ نەبێت و لێت وەربگرێت، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرەكەت بەپێی پێویست كار ناكات و ناچاری هۆشداری پێبدەی سەرەتا كورتەیەك لەبارەی كار و ئەركەكانەوە قسە بكە و پاشان بچۆرە سەر بابەتە سەرەكییە.

 خۆت لە شتی ناپێویست  بە دوور بگرە
راستە وتنی هەواڵەكە پێویستی بە زەمینە خۆشكردن هەیە و دەبێت كەشێك بخوڵقێنی بۆ ئەوەی بەرامبەرەكەت لێت وەربگرێت، بەڵام نابێت ئەوەندەش باسی وردەكارییەكان بكەی كە بەرامبەرەكەت بێزار بكەیت و نەتوانێت گوێت لێ بگرێت. دوای ئەوەی كە زەمینەت فەراهەم كرد دەستبەجێ هەواڵەكەت بگەیەنە.

بێلایەن بە و تەنها هەواڵەكە بگەیەنە
ئەوەمان لەبیر بێت كە وتنی هەواڵی ناخۆش كارێكی سادە و ساكار نییە و دەبێت بە وردی بیری لێبكرێتەوە و بێلایەنانە بەبێ ئەوەی كەسێك تۆمەتبار بكرێت، هەواڵەكە بگەیەنیت و بە جۆرێك قسە بكەیت كە لە گرنگی هەواڵەكە كەم بكەیتەوە و پەنجەی تاوان بۆ لای كەس رانەكێشیت و تەنها وەك كەسێكی بێلایەن هەواڵەكە بە گوێی بەرامبەرەكەتدا بدەیت و ناكرێت لەبارەی كەسەوە دادوەری بكەیت، چونكە ئەو كاتە ئیتر تۆ بێلایەن نابیت و لایەنگریت پێوە دیار دەبێت.
6-ئاستی توانای وەرگرتنی هەواڵەكە لەلایەن بەرامبەرەكەتەوە لەبەرچاو بگرە
دەبێت ئەوە بزانیت كە كەسەكان هەموویان وەك یەك نین و جیاوازی لە وەرگرتن و بیستن هەیە. هەندێك كەس هەن كە زۆر بە ئاسانی توانای وەرگرتنی هەواڵەكەیان هەیە و بە پێچەوانەشەوە كەسانێك هەن، كە ناتوانن بە ئاسانی لەگەڵ بیستنی هەواڵە ناخۆشەكە، هەڵسوكەوت بكەن و وەریبگرن. هەربۆیە ئاستی توانای بەرامبەرەكە لەبەرچاو بگرە. 

هەواڵەكە دەستكاری مەكە و وەك خۆی بیگەیەنە
راستە ئەگەر بتوانی لە ئاستی گرنگی هەواڵەكە كەم بكەیتەوە بۆ ئەوەی هەواڵەكە وەك خۆی بگات، بەڵام دەبێت ئەوەت لە بیر بێت، كە بابەتەكە وەك خۆی بگەیەنیت بە بێ ئەوەی دەستكاری بكەیت. چونكە ئەگەر دەستكاری بكەیت، لەوانەیە بیستن و وەرگرتنی لەلایەن بەرامبەرەكەتەوە قورس و گران بكەوێتەوە.

دەنگێگی ئارام و هێدی بۆ خۆتان هەڵبژێرن
چونكە خۆتان هەواڵەكە دەگێڕنەوە، كەوابوو هەوڵ بددەن بە دەنگێكی ئارام و هێدیی و بە تۆنێكی نەرموونیان هەواڵەكە بگێڕنەوە و تیبكۆشن كە زبریی و توڕەیی بە دەنگتانەوە دیار نەبێت و بە شێوەیەكی ئارام باسی هەواڵەكە بكەن و بە وردی وشەكان هەڵبژێرن و وشەكان لە جێی خۆی بەكاربهێنن.

هاوڕێ و هاوسۆز بە
لە بیرت نەچێت كە بڕیارە هەواڵێكی ناخۆش بە بەرامبەرەكەت بگەیەنیت، كەوابوو لە كاتی وتنی هەواڵەكە، تێبكۆشە كە وەك هاوڕی و هاوسۆز و هاوخەم هەواڵەكە بگەیەنیت و بە بەرامبەرەكەت بڵێ كە بە ئاسانی و ئاسوودەیی لەگەڵ هەواڵەكە بجوڵێتەوە. 

داوای لێبووردن بكە 
داوای لێبووردن بكە ئەگەر زانیت كە رۆڵی خراپت لە گەیاندنەكەدا هەبووە، ئەگەر زانیت كە رۆڵێكی خراپت لە گەیاندنی هەواڵەكە ناخۆشەكەدا هەبووە، داوای لێبووردن بكە لە بەرامبەرەكەت، چونكە ئەوە نیشانەی بەپرسیارێتی تۆ دەردەخات.

رێكاری گونجاو بە بەرامبەرەكەت بدە
رەنگە پێت وا بێت دوای ئەوەی كە هەواڵە ناخۆشەكەت بە بەرامبەرەكەت گەیاند ئیتر تۆ هیچ ئەركێكت نامێنێت، بەڵام لە راستیدا وا نییە، چونكە دەبێت دوای ئەوەی كە پەیامەكەت گەیاند بۆ ماوەیەك لە لای بمێنیتەوە و یارمەتی بدەی بۆئەوەی لەگەڵ هەواڵە ناخۆشەكە رابێت و قبووڵی بكات. لەوەها دۆخێكدا پێویستە دڵخۆشی بدەیتەوە و ئەگەر پێت كرا رێكاری گونجاوی بۆ دەستنیشان بكەیت و ئومێد و خۆشی بخەیتە دڵییەوە. رەنگە بەرامبەرەكەت لەوەها دۆخێكدا تووشی ترس و دڵەراوكێ و نیگەرانی و سەرلێشێواوی ببێت و نەتوانێت خۆی لەگەڵ هەواڵەكە بگونجێنێت. ئاگاشت لەوە بێت لە خۆرا هیوا و ئومێد بێجێ نەخەیتە دڵ و مێشكی بەرامبەرەكەت. 

خۆت بۆ وەڵامی بەرامبەرەكەت  ئامادە بكە
ئەگەر هەواڵەكەت گەیاند، لەوانەیە كەسی بەرامبەر پرسیاری بۆ دروست ببێت و بیەوێت پرسیارت لێبكات، لەوەها دۆخێكدا دەبێت خۆت بۆ پرسیارەكانی ئەو ئامادە بكەیت و وەڵامی گونجاویشی بدەیتەوە و بە شێوەیەكی لەسەرخۆ و راستگۆیانە وەڵامی یەك بە یەكی پرسیارەكانی بدەیتەوە.  

گوێگرێكی باش بە
دوای ئەوەی كە هەواڵەكەت پێ وت، هەوڵبدە لەبەرامبەر قسەكانی بەرامبەرەكەت گوێگرێكی باش بیت و بە وردی گوێی لێبگرییت و رێگە بدە بە ئارەزووی خۆی قسە بكات، بۆئەوەی كەمتر تووشی سەرلێشێواویی و خەفەت ببێت.

رێز لە بێدەنگی بەرامبەرەكەت بگرە
هەندێك كەس هەن، دوای بیستنی هەواڵی ناخۆش بێدەنگی هەڵدەبژێرن و رەنگە دوای بیستنی هەواڵەكە بێدەنگی هەڵبژێرن، هەتا بتوانن بەرگەی هەواڵەكە بگرن، بەهەرحاڵ پێویستە لەو كاتەدا تۆ رێز لە بێدەنگی بەرامبەرەكەت بگریت و دەرفەتی پێبدەیت كە بۆ ماوەیەك بێدەنگ بێت و هەوڵ مەدە كە بێدەنگی ئەو تێكبددەیت و رێز لە بێدەنگییەكەی بگریت. 
 
چاوەڕێی هەڵوێستی بەرامبەرەكەت بكە
ئەوەت لە بیربێت كە جاری وا هەیە كە هەندێك كەس بە بیستنی هەواڵی ناخۆش تێكدەچن و هەڵوێستی سەیر و سەمەرە و چاوەڕواننەكراو لە خۆیان نیشان دەدەن. لەوانەیە پەنا بۆ توندوتیژی جەستەیی یان قسە ببەن و كار بگاتە شەڕی دەستەو یەخە و جنیۆ و قسەی نزم و بەرزی تێكەوێت. كەوابوو خۆت بۆ هەر هەڵوێستێكی بەرامبەرەكەت ئامادە بكە. 
 
وتەی كۆتایی
ئاگاداری ئەوە بە كە لە كاتێكی قسەكردن و پێدانی هەواڵەكە هەڵسوكەوتت ئاسایی بێت و كەسایەتی بەرامبەرەكەت لەبەرچاو بگرە، ئەگەر كەسێكی بەتەمەن و گەورەیە، وەك خۆی هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكە و وریای ئەوەش بە كە هەمیشە تەمەن لەبەر چاو بگری، لەگەڵ گەورە، گەورە بە و لەگەڵ بچووك، بچووك بە.

سەرچاوە/ سایت چطور

بابەتە پەیوەندیدارەکان